ئەندرۆید
26, شوبات 2017
بەفەرمی مۆبایلەکانی Huawei P10 و Huawei P10 Plus پەردەیان لەسەر لادرا

ئەمڕۆ لە شاری بەرشەلۆنە کۆمپانیای هواوەی هەردوو مۆبایلی نوێی P10 و P10 Plusی بە تایبەتمەندی زۆر بەرز ڕاگەیاند.
ئەم دوو مۆبایلە نوێیە کۆمەڵێک پێشکەوتنی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە بە بەراورد بە زنجیرەی P9 و هەروەها لە دیزاینیانەوە دیارە کە هواوەی هەروەک ساڵانی پێشوو گرنگییەکی زۆری بە جوانی و کەشخەیی داوە.
ئەم مۆبایلانە بە پرۆسێسەری Kirin 960 کار دەکەن کە CPUەکەی هەشت ناوکییە و لە چوار ناوکی Cortex-A73 و چوار دانەی Cortex-A53 پێکدێت، GPUەکەشی کە بەرپرسە لە لایەنی گرافیکس لە ٨ ناوکی Mali-G71 پێکهاتووە.
P10 ڕامی ٤ گێگابایتە و بیرگەی ناوەکی ٦٤ گێگابایتە بەڵام P10 Plus دوو هەڵبژاردەی هەیە کە یەکێکیان هاوشێوەی P10ە و ئەوەی تریان ٦ گێگابایت ڕام و ١٢٨ گێگابایت بیرگەی ناوەکی لەخۆگرتووە.
قەبارەی ڕوونمای P10 ٥.١ ئینچە و ڕوونییەکەی (1080×1920) پیکسڵە و هی P10 Plus ٥.٥ ئیچە و ڕوونییەکەی (1440×2560) پیکسڵە.
هەردوو مۆبایلەکە خاوەن دوو هەستەوەری کامێران لە دواوە کە یەکێکیان ڕوونییەکەی ١٢ مێگاپیکسڵە و ئەوی تریان ٢٠، و دووەمیان لە جۆری مۆنۆکرومە(واتە ڕەش و سپییە)، لە پێشەوەشیان کامێرایەکی ٨ مێگاپیکسڵ هەیە و ئەمجارەیان تەنانەت کامێراکانی پێشەوەش بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای Leicaی ئەڵمانی دروست کراون.
ئەمساڵ جیاواز لە پێشتر هواوەی دوگمەیەکی لە پێشی ئەم دوو مۆبایلە داناوە کە هەستوەری پەنجەمۆری لەخۆ گرتووە و بۆ کۆمەڵێک شت بەکاردێت: داگرتن بۆ گەڕانەوە دواوە، داگرتن بۆ ماوەیەکی درێژ بۆ چونە پەڕەی ماڵەوە، هەروەها Swipe(پەنجە پیاهێنان لەمسەر بۆ ئەوسەر) بۆ نیشاندانی لیستی ئەپە کراوەکان.
قەبارەی باتری مۆبایلەکان بریتین لە 3200mAh،3750mAh و پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا دەکات.
مۆبایلەکان بە ڤێرژنی نوێی EMUI 5.1 کار دەکەن کە لەسەر سیستەمی Android 7.0 بنیاد نراوە.
ئەم دوو مۆبایلە شێوە و دیزاینێکی نایابیان هەیە و بە ڕەنگەکانی ڕەش و سپی و نیللی و ئاڵتونی و پەمەیی و زیوی و سەوز بەردەست دەبن.
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.
ئەرێ نرخی هواوی P8 چەندە؟
سڵاو کاکە پێم وابێت ١٦ گێگابایتەکەی لە دەوری ٢٥٠ دۆلار و ئەوانەبێت بەڵام پێم باش نییە بیکڕیت چونکە مۆبایلی زۆر باشتر هەیە بەو نرخە.