هواوەی 26, شوبات 2017

هواوەی بەفەرمی دوو کاتژمێری زیرەکی بە ئەندرۆید وێیەر ٢.٠ ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ پێشانگای MWC2017 لە بەرشەلۆنە دەستی پێکرد و کۆمپانیاکانیش نمایشی بەرهەمە تەکنەلۆژییە نوێیەکانی خۆیان دەکەن بۆ ساڵی ٢٠١٧. بەم بۆنەیەوە هواوەیش بەشێک بووە لەم پێشانگایە و چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر چەند مۆبایل و کاتژمێرێکی نمایشکرد.

ئەو کاتژمێرە زیرەکانەی کە ڕایگەیاندن بریتین لە Watch 2 و Watch 2 Classic کە ڕاستەوخۆ نوێترین وەشانی ئەندرۆید وێیەر ٢.٠ی گووگڵیان لەسەرە.

ئەم دوو کاتژمێرە لەتوانایاندایە پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامبدەن لەڕێگەی سیمکاردی تایبەت کە پشتگیری نەوەی چوارەمی ڕایەڵە واتە 4G دەکەن. هەروەها جی پی ئێس و هەستەوەری ترپەکانی دڵ و ئێن ئێف سی و چەند تایبەتمەندییەکی تریان هەیە. ئەستووری ئەم دوو کاتژمێرە ١٢.٦ ملمە و دوو دوگمەیان هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مایک و بڵندگۆ.

پاترییان ٤٢٠ ملی ئەمپێرە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دەتوانرێت بەکاربهێندرێن و لە ماوەی دۆخی پارێزەری وزە بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ خۆیان دەگرن بەڵام کۆمەڵێک تایبەتمەندی ناچالاک دەبن وەکو ئینتەرنێت و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها کات و هەنگاوەکانن.

ئەم دوو کاتژمێرە تەنها لەهەندێک شت لەیەک جیاوازن بۆ نمونە Watch 2 لە پلاستیک دروستکراوە و پشتگیری نەوەی چوارەم واتە 4G دەکات و بەڵام کاتژمێرەکەی تر کە ناوی Watch 2 Classic لە کانزا دروستکراوە و توانای گۆڕینی قایشەکەی هەیە بۆ چەند جۆرێک. هەروەها هەردوو کاتژمێرەکە خۆشبەختانە دژەئاون و ستاندەردی IP68ـیان هەیە.

کاتژمێرەکان ڕوونماکانیان ١.٢ ئینجە و ڕوونیان ٢٩٠*٣٩٠ پێکسڵە و بیرگەی ناوخۆیییان ٤ گێگابایتە و ڕامیان ٧٦٨ مێگابایتە.

شایەنی باسە، هواوەی نرخ و کاتی کەوتنە بازاڕی ئەم دوو کاتژمێرەی لە میانەی کۆنگرە ئاشکرا نەکردن.

سەرچاوە :
تاگەکان KitnMWC MWC MWC17 MWC2017
بۆچونی تۆ