سامسۆنگ 26, شوبات 2017

سامسۆنگ تابلێتی Galaxy Bookی ڕاگەیاند.

سامسۆنگ لە زنجیرە کۆنگرەکانی کۆنگرەی جیهانی مۆبایلدا بەشداری کردوو و تابلێتێکی بە ناوی Galaxy Book نمایشکرد. که بە درووشمی هێزی بەرهەمداری، سامسۆنگ دەیەوێت بەم تابلێتەی بەرامبەر هەندێک لە بەرهەمە تابلێتەکانی کۆمپانیاکانی تر بوەستێتەوه، بەوەی کە خاوەن ڕوونمایەکی گەورەیە و سیستەمی ویندۆوز ۱۰ی لەسەر جێگیرە.

لەگەڵ ئەو ڕوونما گەورەیەدا، تەکنەلۆژیای ئەمۆڵێد هەیە بە ڕوونیەکانی ۱۹۲۰×۱۰٨۰ (بۆ ڕوونمای ۱۰ ئینج) و ۲۱٦۰×۱٤٤۰ (بۆ ڕوونمای ۱۲ ئینج) لەگەڵ ڕووکار و سیستەمی نایابی ویندۆوز ۱۰دا. لەوانەیە ئەم ئامێرەی سامسۆنگ سەرەتا و ڕکابەرێک بێت، بەرامبەر بە هەر ئامێرێکی تابلێت کە خاوەن تایبەتمەندی بەرز بێت و سیستەمی ویندۆوزی لەسەر جێگیرکرابێت. هەروەها پڕۆسێسەرە ئازاکەی ئینتێڵ کۆر ئای ٥ بۆ ڕوونمای قەبارە ۱۲ ئینجی لەسەر جێگیرە کە دەتوانێت باشترین کاربکات لە تابلێتێکی وەهادا. هەروەها گالاکسی بووکی ۱۰ ئینج پڕۆسێسەری کۆر ئای ۳ی لەسەر کاردەکات.

گالاکسیە تابلێتە نوێیەکە بە دوو جۆر دێتە بازاڕەکانەوە. یەکیان بە قەبارەی ڕوونمای ۱۰ ئینج و ئەویتریان ۱۲ ئینج. جیاوازی گەورە لێرەدا ئەوەیەکە، کە تابلێتی قەبارە ۱۰ ئینج بە ڕوونمای جۆری TFT دەبێت، دووهەمیشیان کە ۱۲ ئینجە، بە ڕوونمای جۆری ئەمۆڵێد دەبێت. جیاوازیەکە تەنها له ڕوونمادا نابێت، لە کێشیشدا هەردووکیشیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو جیاوازە، کە تابلێتی GalaxBookی ۱۲ ئینج بە کێشی ۷٤٥ گرام دەبێت، هەروەها تابلێتی Galaxy Bookی ۱۰ ئینج بە کێشی ٦٤٥ گرام دەبێت.

لە تایبەتمەندیەکانی تری تابلێتەکەکان، توانای خوێندنەوەی تۆڕی LTEی هەیە بە خێراییەکی ناوازە. هەروەها توانای گرتنە بیرگەی دەرەکیان هەیە و پاتریکەشیان کە توانستی کارپێکردنی ۱۰ کاتژمێرە، توانای خێرا بارگاویکردنەوەی هەیە، چونکە بێگوومان خاوەنی تایبەتمەندی FastChargingـە. ڕام و بیرگەی ئامێرەکان جیاواز دەبێت بۆ هەر یەکێکیان. جۆری ۱۲ ئینج ڕامی ٤ گێگابایتی یان ٨ گێگابایتی بۆ بیرگەی ۲٥٦ گێگابایتی هەیە، هەروەها جۆری ۱۰ ئینج ڕامی ٤ گێگابایتی بۆ بیرگەی ٦٤ گێگابایت و ۱۲٨ گێگابایتی هەیە. دەربارەی کامێراش کامێرای دواوەی جۆری ۱۰ ئینج ٥ مێگاپێکسڵ دەبێت و کامێرای دواوەی جۆری ۱۲ ئینج ۱۳ مێگاپێکسڵ دەبێت.

گالاکسی بووکەکان پشتگیری تایبەتمەندی S pen دەکەن.

سامسۆنگ جگە لەم تابلێتە، تابلێتی S3یشی ڕاگەیاند، چاوەڕێی زانیاری تەواو بن دەربارەی تابلێتەکە.

تاگەکان kitMWC سامسۆنگ
بۆچونی تۆ