بیروڕا

تێڕوانینی کۆمەڵگەی کوردی بۆ تەکنەلۆژیا

لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، کۆمەڵگەی کوردی بەدەر نەبووە لە بە ئاگابوون لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، زۆرن ئەو کەسانەی بە تاسەوەن و چاوەڕێن لە هەر پێشکەوتنێک لە تەکنەلۆژیادا، بێگومان جگە لەم کەسانەش، لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا کەسانی زۆر ئاسای لەگەڵ تەکنەلۆژیا تێکەڵن بەهۆی ئەوەی تەکنەلۆژیا بۆتە کۆڵەگەیەکی سەرەکی لە ژیانی مرۆڤایەتی و هەمووان کارمان پێیەتی و کاروچالاکییەکانمان لەڕێگەیەوە ئاسانتر جێبەجێ دەکەین.

بێگومان لە هەر دروستبوون و داهێنانێکدا لە هەر بوارێک بێت لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، بەهەمان شێوەش لە تەکنەلۆژیادا کاری هاک (چونە ناو ئامێری بەرامبەر بێ ڕووخسەت) یەکێکە لە لایەنە نەرێنیەکانی تەکنەلۆژیا، کاری هاک بریتییە لەو کردارەی کە کەسێک بێ پرس و ئاگادارکردنەوەی کەسی بەرامبەر دەچێتە ناو سیستەمەکەی یاخود بڵێین ئامێرەکەی و چاودێری کردارەکانی کەسەکە دەکات لەسەر ئامێرەکە، جا ئەم کردارە چ لەرێگەی پرۆگرامە راتەکانەوە ئەنجام بدرێت یاخود لەرێی سیستەمەکانەوە لە دیارترین سیستەمەکان وەک (Kali Linux و Parrot Security OS و BlackArch Linux) تێیدا ئەنجام بدرێت.

هەروەک باسمان کرد لە تەکنەلۆژیادا کاری هاک (چونە ناو ئامێری بەرامبەر بێ ڕووخسەت) یەکێکە لە لایەنە نەرێنیەکان بە شێوەیەکی گشتی، هەڵبەت بۆ هەندێک حاڵەت دەتوانین بۆ لایەنی ئەرێنیش سوودی لێ وەربگرین وەک (پاراستنی ئاسایشی وڵات لە ناوخۆ، بە دەست هێنانی زانیاری لە پلانی وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی دەوروبەر و چەندان کاری تریش).

تێڕوانینی کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی بۆ تەکنەلۆژیا جیاوازە و هەمیشە تێروانینی جیاوازیان هەبووە و زۆربەی کاتیش تێروانینەکان نازانستین و بە نەشارەزایی دەکەونە وێزەی بابەتەکان و ئیتر قسەیان لەسەر دەوترێت. جا ئەوەی من دەمەوێت بە نمونە بیهێنمەوە ئەوە بۆ تێروانینی کۆمەڵگەی کوردییە بۆ ئەو کەسانەی کە کاری هاک دەکەن دەبینین بەداخەوە وا سەیردەکرێن کە ئەو کەسانە سەد لە سەد شارەزان لە تەکنەلۆژیا و ئەگەر هاک نەزانی ئەوە ئیتر تۆ بەشێک نییت لەو جیهانە و بەکەم سەیردەکرێیت و بێ ئاگان لەوەی جیهانی تەکنەلۆژیا دەریایەکە کە تێیدا کاری هاک دڵۆپێکە لەو دەریایە. هەڵبەت زۆرێک هەن کە لە بوارێک لە بوارەکان و بەرنامەکانی تەکنەلۆژیا شارەزان وەک (بەرنامەسازی، فۆتۆشۆپ، مۆنتاژ، کاری دروستکردنی ریکلام و فیلمە کارتۆنیەکان بە شێوەی ئەنیمەیشن و گرافیک و دیزایین و ….هتد) بەڵام ئەو کەسانە لە کۆمەڵگەی کوردی وەک شارەزایەک لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری نابیندرێن و وەک کەسێکی ئاسایی دەبیندرێن.

جا لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم تەکنەلۆژیا تەنها هاک نییە و هاک بەشێکە لەو تەکنەلۆژیایە و کاتی ئەوە هاتووە شارەزایانی بەشەکانی دیکەی بواری تەکنەلۆژیای زانیاری وەک کەسێکی شارەزا لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا ببینین و دووربکەوینەوە لەو عەقڵیەتە چەوتەی کە ئەو کەسەی لە بواری هاک نەزانێت ئەوە هیچ لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری نازانێت و بەکەم سەیربکرێت چونکە کۆن ئەگەر کەسێک زمانی ئینگلیزی زانیبایە و وشەیەکیان لێ بپرسیایە ئەوا نەیزانیبا، ڕاستەوخۆ دەیانگوت جا دەشڵێیت ئینگلیزی دەزانم! ئیتر ڕێک لەگەڵ سفر لێکیان دەدایت و دەیان هێنایەوە سەرسفر. جا چیدی شارەزایانی بوارەکانی دی با نەهێنینە سەر سفر و با ڕێز لە تواناکانیان بگرین.

3 ئازار، 2017 ڕاستی دێهاتی