ئەندرۆید 4, ئازار 2017

گرنگترین بەرهەمە نمایشکراوەکانی پێشانگای MWC2017 تەنها لە Kitnـەوە

پێشانگای GSMA Mobile World Congress یەکێکە لە گەورەترین پێشانگاکانی ساڵ بۆ نمایش کردنی گرنگترین و نوێترین بەرهەمە تەکنەلۆژییەکان ساڵ، و کۆمەڵێک زۆر لە کۆمپانیاکان بەشدارییان لەم کۆنگرەیەدا کرد، وەک، سامسۆنگ ئیڵ جی و نۆکیا و سۆنی هواوی لینۆڤۆ و بلاکبێری، کە ئەمەش ئاماژەیەکی زۆر باشە بۆ سەرکەوتووی پێشانگاکە، پێشانگاکە تاکوو 2023 و ساڵانە لە کۆتاییەکانی مانگی دوو تاکوو سەرەتاکانی مانگ سێ لە پایتەختی بەرشەلۆنەی ئیسپانیا ئەنجامدەدرێت، سەرەتای درووست بوونی ئەم پێشانگایە دەگەڕێتەوە بۆ 30 ساڵ بەر لە ئێستا واتە 1987، جێی ئاماژەیە ئەم پێشانگایە چاوی زۆرێک لە میدیا و ڕاگەیاندنە جیهانییەکانی لەسەرە بەهۆی گرنگی و گەورەیی پێشانگاکەوە، هەروەها نمایش کردنی کۆمەڵێک بەرهەم و پێکهاتەی ناوازە، وەک  بەردەست خستنی یەکەم مۆبایلی هۆشمەندی سۆنی ئێکسپێریا ئێکس زێت پریمیۆم بە ڕوونی 4K ئەو مۆبایلانەی پێشتر هەبوون دەیان توانی بە ڕوونی 4K وێنە و ڤیدیۆ تۆماربکەن بەڵام توانای پیشاندانی وێنەکانیان نەبوو بەو ڕوونییە بەرزە،هەروەها نمایش کردنی چوار مۆبایلی ناوازە لەلایەن نۆکیاوە کە جێی سەرسووڕمانی زۆرێک لەڕاگەیاندنەکان بوو، خاوەن تایبەتمەندی زۆر بەرز و نرخی گونجاون.

بینەری پۆدکاستی کەی ئای تی ئێن بن لەسەر پێشانگاکە لە پەڕەی فەیسبووکمانەوە:

پۆدكاستی كەی ئای تی ئێن ـ ئەڵقەی ٨ ـ تایبەت بە پێشانگای MWC لە بەرشەلۆنە#MWC17 #MWC #KitnMWC

Posted by ‎Kitn.net تۆری تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی‎ on Wednesday, March 1, 2017

نۆکیا

نۆکیا ٦ بەفەرمی لە جیهان بەردەست دەبێت بۆ فرۆشتن.

لە کۆنگرەیەکی شایستەدا نۆکیا پەردەی لەسەر چەند بەرهەمێکی نوێ لادا و لەناوشیاندا مۆبایلی نۆکیا ٦ بوو کە ماوەیەک لەموبەر لە چین بڵاویکردەوە و لەماوەیەکی کەمدا هەمووی فرۆشرا و ئەمڕۆش بەفەرمی کۆمپانیای نۆکیا بەردەست بوونی ئەم مۆبایلەی لەتەواوی جیهان ڕاگەیاند. لەخوارەوە بەکورتی تایبەتمەندییەکانی نۆکیا ٦ بخوێێننەوە:تایبەتمەندییەکانی نۆکیا ٦:

 

نۆکیای باوک، نۆکیا ٣٣١٠ گەڕایەوە. بەخێرهاتنی بکەنەوە.

لەدوای چەندین ساڵ دابڕان لێمان و لەدوای فرۆشتنی ١٢٦ ملیۆن دانە لێی، نۆکیا ٣٣١٠ بەشێوازێکی نوێ هاتەوە مەیدان. بەڵام جیاواز بەشێوەیەک خۆشت دەوێت و حەز دەکەیت بەزووترین کات دەستت پێی بگات. نۆکیا٣٣١٠ کامێرای هەیە  لە پشتەوەی و شاشەکەی ملوەنە و بە نرخی ٥٠ دۆلار بەردەست دەبێت بۆ فرۆشتن.

کۆمپانیای HMD Global کە ئێستا خاوەنی بەشێکی زۆری نۆکیایە، مۆبایلی نۆکیا ٣٣١٠ـی بە گۆرانکاری لە دیزایین و شێوەی دوگمەکان و ڕەنگی دووبارە ڕاگەیاندەوە و دەیخاتەوە بازاڕەکان.

مۆبایلەکە دەرچەی Micro USB هەیە و شوێنی بیستۆک و هەروەها شوێنی کاردی ئێس دی دەرەکی و هەروەها بلوتوزیشی هەیە.

لەڕاستیدا نۆکیا ٣٣١٠ چەند تایبەتمەندیەکی نییە وەکو وایەرلێس و جی پی ئێس و پشتگیری بۆ ئەپڵیکەیشنەکان. بەڵام کامێرایەکی ٢ مێگاپێکسڵی هەیە و هەروەها شاشەیەکی ٢.٤ ئینجی هەیە بە ڕونی QVGA.

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە تا ئێستاش پاترییەکەی بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ خۆی دەگرێت و ٣١ ڕۆژیش لەدۆخی Standbyدا. لەناو مۆبایلەکە وێبگەڕی ئۆپێرا مینی هەیە و پشتگیری نەوەی ٢ی ئینتەرنێت واتە ٢ جی دەکات و مۆبایلەکە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ بەردەست دەبێت بۆ فرۆشتن.

 

LG G6

 

لە کۆنگرەیەکی شایستە لە شاری بەرشەلۆنە لە ئیسپانیا لە پێشانگای MWC2017 کۆمپانیا ئێڵجی پەردەی لەسەر نوێترین مۆبایلی لادا بەناوی LG G6. بێگومان لەماوەی ڕابردوو دەنگۆیەکی زۆر لەسەر ئەم مۆبایلە بڵاوکرانەوە و زۆربەیان ڕاست دەرچوون بەتایبەت شێوە و شکڵی مۆبایلەکە و شایەنی باسە مۆبایلەکە لە نەوەی پێش خۆی جیاوازە و بەشی پێشەوەی ٨٠% لە ڕوونما پێکدێت و بەمەش سوچەکانی کەمکراونەتەوە. جێگای ئاماژەیە و لەهەمانکاتدا جێگەی خۆشحاڵییە کە بۆیەکەمجارە زنجیرەی جی تایبەتمەندی دژە ئاو و تۆزی هەبێت و خۆشبەختانەش ستاندەردی IP68 کە مانەوەی تا ماوەیەکی زۆر لە ئاودا زیانی پێناگەیەنێت و بێ تێکچوون مۆبایلەکە پارێزراوە. هەروەها، ئەم مۆبایلە بارگاوی کردنەوە واتە شەحنی وایەرلێسی هەیە و تەنها بۆ ئەو جۆرەیە کە بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا بەڕێ دەکرێت. تایبەتمەندییەکانی بە کورتی ئەمانەی خوارەوەن:

  • ڕوونما: بە پانتایی ٥.٧ بە ڕوونی کواد ئێچ دی و یەکەم ڕوونمایە کە تایبەتمەندی HDR10 و Dolby Visionی هەبێت.
  • پڕۆسێسەر: چوار ناوییەکەی و لەجۆری سناپدراگۆن ٨٢١ـە.
  • ڕام: ٤ گێگابایت
  • بیرگەی ناوخۆیی: ٣٢  و ٦٤ گێگابایت و لەڕێگەی بیرگەی دەرەکی دەتوانرێت زیاتر بکرێت.
  • کامێرای پشتەوە: دوانە کامێرای ١٣ مێگاپێکسڵی هەیە.
  • کامێرای پێشەوە: ٥ مێگاپێکسڵە کە پانتایی زۆری هەیە بۆ وێنەی سێلفی.
  • باتری: توانستی ٣٣٠٠ ملی ئەمپێرە و پشتگیری بارگاوی بوونەوەی خێرادەکات لە جۆری Quick Charge 3.0.
  • ڕەنگەکان: سپی و ڕەش و شینی ئاسمانی
  • سیستەمی وەگەڕخەر: ئەندرۆید نوگەت 7.1 لەگەڵ ڕووکاری نوێ وەشانی UX6.0.

یەکەم مۆبایلە لەدوای پێکسڵ یاریدەدەری گووڵ Google Assistantـی هەبێت و هەروەها لەپشتەوەیشی پەنجەمۆری پێشکەوتووی هەیە بۆ قوفڵ و هەندێک کاری تر. ئێڵجی دەربارەی نرخ و کاتی خستنەبازاڕی ئێڵجی جی ٦ هیچی باس نەکردووە و بەڵام سەرەتا لە ئەمریکا و پاشان لە چین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورپا و پاشان جیهان بڵاودەکرێتەوە. لەخوارەوە بینەری هەندێک وێنەی ئێڵجی جی ٦ بن لە کۆمەڵێک گۆشەوە:

 

 

سۆنی

 

سۆنی مۆبایلەکانی (ئێکس زێد پریمیەم – ئێکس زێد ئێس)ـی نمایشکرد.

هەوڵەکانی سۆنی بۆ باشترین فرۆشی مۆبایلەکانی بەردەوامن. دوای چەندین باس و ڕەخنە و کۆمپانیاکە له ڕابردوودا، ئەمڕۆ دووبارە کۆمپانیاکە هەوادارانی وروژاند و نوێترین و باشترین بەرهەمی خۆی ڕاگەیاند، کە دوو مۆبایلی ئاستبەرزن بە ناوەکانی (ئێکس زێد پریمیەم – ئێکس زێد ئێس). لە کۆنگرەی ئیفای ساڵی ڕابردوودا سۆنی دەستپێکێکی لە زنجیرەی ئێکس زێدی بە مۆبایلێک بە ناوی ئێکس زێد ڕاگەیاند، تایبەتمەندیەکانی مۆبایلەکە جێگەی سەرنج بوون، چونکە لەگەڵ بەرەوپێشچوون و ڕکابەریەکانی کۆمپانیاکانی تر نەدەگونجا. سۆنی ڕکابەریەکی نوێ و بەهێز دەستپێدەکات. لێرەدا تەواوی زانیاریەکانی هەردوو مۆبایلەکە بەدەستبخە.

نەخشی ئێکسپێریا ئێکس زێد ئێس – ئێکسپێریا ئێکس زێد ئێس

سۆنی لەم دوو مۆبایلەدا دیزاینی نوێکردووەتەوە و هەر لەسەر ڕێڕەو و هێلی ئێکس زێدی ڕابردوودا دەڕوات. لایەکانی هەردوو مۆبایلەکە بە خڕی گرێدراون و خاوەن نەخشێکی سەرنجڕاکێشن لە پشت و خوارەوەدا. هەروەها لەبەشی سەرەوه و لە بەشی خوارەوەدا دەتوانرێت بە شێوەیەکی ئاسۆیی بوەستێنرێن. ڕەنگی مۆبایلەکان بۆ هەر یەکێکیان جیاوازن. قەبارەی ئێکس زێد پریمیەم درێژتر و پانترە وەک لە ئێس. هەموو ئەم لاشەیە خاوەن قەبارەیەکی ٥.٥ ئینجن بۆ ئێکس زێد پریمیەم و قەبارەی ٥.۲ ئینج بۆ ئێکس زێد ئێس.

تایبەتمەندیە گشتیەکانی ئێکس زێد پریمیەم – ئێکس زێد ئێس

لە ڕابردوودا ئەوە دەوترا کە گالاکسی ئێس ٨ خاوەن کۆتا بەرهەمی پڕۆسێسەری کوالکۆم دەبێت و یەکەم مۆبایل دەبێت لە جیهاندا کە خاوەن پڕۆسێسەرە نوێیەکە (سناپدراگۆن ٨۳٥) بێت. بەڵام ئێستا تاکە مۆبایل لە جیهاندا هەڵگری ئەم پڕۆسێسەرە بێت، ئێکس زێد پریمیەمە. سناپدراگۆن ٨۳٥ باشترین جۆری پڕۆسێسەری کوالکۆمە و بەم تایبەتمەندیە بەرزەش سۆنی دەیەوێت هەندێک لە هەوادارانی بگەڕێنێتەوە. زانیاری تەواوی پڕۆسێسەری سناپدراگۆن ٨۳٥ لەم بابەتەوە بەدەستبخە. کرتە بکە. لەگەڵ گۆڕینی فراوانی ڕام بۆ ٤ گێگابایت. هەروەها لەگەڵ ئەم پڕۆسێسەرەدا، وەگەڕخەری گرافیکی جۆری ئەدرێنۆ ٥٤۰ هەیە، کە گونجاوە لەگەڵ سناپدراگۆن ٨۳٥ و توانایەکی باشتر دەدات بۆ پێشاندانی ڕەنگ و ڕوونی.

بەڵام ئێکسپێریا ئێکس زێد ئێس درێژکراوەی ڕەقەکاڵای ئێکس زێدە و بەهەمانشێوە پڕۆسێسەری ٨۲۰ سناپدراگۆنی لەسەر کاردەکات. لەگەڵ وەگەڕخەری گرافیکی ئەدرێنۆ ٥۳۰. گۆڕانکاری سەرەکی له ڕەقەکاڵای ئێکس زێد ئێس دا گۆڕینی فراوانی ڕامە بۆ ٤ گێگابایت.

دووەمین تایبەتمەندی ناوازە لەم زنجیرەیە هەبێت، ڕوونی 4kـیە بۆ ڕوونمای ئێکس زێد پریمیەم، کە دووبارە سۆنی توانی بۆ دووەمین جار و یەکەمین جار له جیهاندا تایبەتمەندیەکە بەردەستبکاتەوە لە مۆبایلەکانیدا، کە پێشتریش لە ئێکسپێریا زێد ٥ پریمیەم هەبوو. بۆ ڕوونمای ئێکس زێد ئێسیش، ڕوونی ۱۹۲۰×۱۲٨۰ هەیە. بەڵام جیاوازی گەورە لێرەدا ئەوەیە کە ڕوونمای مۆبایلەکان تەکنەلۆژیای HDRـیان بۆ بەکاربراوە بۆ یەکەمین جار.

هەردوو مۆبایلەکە بە تەکنەلۆژیای نوێی کامێراوە دەرکەوتن. کامێرای دواوەی مۆبایلەکان ۱۹ مێگاپێکسڵن و کامێرای پێشەوەیان ۱۳ مێگاپێکسڵن. سۆنی تەکنەلۆژیای سیستەمی نوێی بەکاربردووە بە ناوی MotionEye، کە خێراییەک بە خێرایی ٥ هێندە دەدات بە ڕوونکردنەوە و گواستنەوەی داتاکان لە کامێراکەدا، بەمەش بەکارهێنەر دەتوانێت خاوترین ڤیدیۆ تۆماربکات ئەگەر بیەوێت تایبەتمەندی SlowMotion و چەندانی بەکاربهێنێت.

پاتری مۆبایلەکان بەهێزن. ئێکس زێد پریمیەم بە توانستی پاتری ۳۲۳۰ میلی ئەمپێر دەبێت و ئێکس زێد ئێس بە توانستی ۲۹۰۰ میلی ئەمپێر دەبێت. دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکەین کە ئایا ئەو ڕوونما ناوازەیەی ئێکس زێد پریمیەم تا چەندێک دۆستە. چونکە تەکنەلۆژیای HDR و ڕوونی 4k هێزێکی زیاتر وەردەگرن، بەڵام بەهۆی تایبەتمەندی کوالکۆمی خێرابارگاوی کردنەوەی ۳.۰ و بارگاویکەرەوەی خێرا، بە خێرایی ژیانی پاتریەکەت بگەڕێنیتەوه. دەرچەی مۆبایلەکان لە جۆری Cـین.

بۆ بیرگەی مۆبایلەکان، هەریەک لە فراوانی ۳۲ – ٦٤ گێگابایتی بۆ ئێکس زێد ئێس دەبێت و فراوانی ٦٤ گێگابایتیش بۆ ئێکس زێد پریمیەم دەبێت، بە توانای گرتنەخۆی بیرگەی دەرەکی جۆری ئێس دی. هەروەها وەک سروشتی هەمیشەیی ئێکسپێریاکان، هەردوو مۆبایلەکە تایبەتمەندی دژە ئاویان هەیە بە پلەی IP68. هەموو لەسەر بڕوانامەی IP68 بخوێنەرەوە لەم بابەتەوە. کرتە بکە. هەروەها وەشانی کۆتای ئەندرۆید نووگەتیان لەسەر جێگیرکراوە.

کاتی بەردەستبوون و نرخی ئێکس زێد پریمیەم – ئێکس زێد ئێس

ئێکس زێد ئێس له مانگی ٥ی ئەمساڵدا بەردەست دەبێت کە له نرخی ۷۰۰ دۆلارەوە دەستپێدەکات. بەڵام نرخی ئێکس زێد پریمیەم نەزانراوە و لە بەهاری ئەمساڵدا بەردەست دەبێت. بە ڕەنگەکانی ڕەش و زیوی و شینی بەفراوی بۆ ئێکس زێد ئێس و ڕەنگەکانی کڕۆم و ڕەشی تۆخ بۆ ئێکس زێد پریمیەم.

سۆنی جگە لەم مۆبایلە دوو مۆبایلی تری بە ناوەکانی ئێکس ئەی ۱ و ئێکس ئەی ئەڵترا ڕاگەیاند، چاوەڕوانی بابەتی تایبەت بن.

هەروەها ئەم مۆبایلە بە باشترین مۆبایلی پێشانگاکە دیاری کراو.

هواوی

بەفەرمی مۆبایلەکانی Huawei P10 و Huawei P10 Plus پەردەیان لەسەر لادرا

ئەمڕۆ لە شاری بەرشەلۆنە کۆمپانیای هواوەی هەردوو مۆبایلی نوێی P10 و P10 Plusی بە تایبەتمەندی زۆر بەرز ڕاگەیاند.

ئەم دوو مۆبایلە نوێیە کۆمەڵێک پێشکەوتنی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە بە بەراورد بە زنجیرەی P9 و هەروەها لە دیزاینیانەوە دیارە کە هواوەی هەروەک ساڵانی پێشوو گرنگییەکی زۆری بە جوانی و کەشخەیی داوە.

ئەم مۆبایلانە بە پرۆسێسەری Kirin 960 کار دەکەن کە CPUەکەی هەشت ناوکییە و لە چوار ناوکی Cortex-A73 و چوار دانەی Cortex-A53 پێکدێت، GPUەکەشی کە بەرپرسە لە لایەنی گرافیکس لە ٨ ناوکی Mali-G71 پێکهاتووە.

P10 ڕامی ٤ گێگابایتە و بیرگەی ناوەکی ٦٤ گێگابایتە بەڵام P10 Plus دوو هەڵبژاردەی هەیە کە یەکێکیان هاوشێوەی P10ە و ئەوەی تریان ٦ گێگابایت ڕام و ١٢٨ گێگابایت بیرگەی ناوەکی لەخۆگرتووە.

قەبارەی ڕوونمای P10 ٥.١ ئینچە و ڕوونییەکەی (1080×1920) پیکسڵە و هی P10 Plus ٥.٥ ئیچە و ڕوونییەکەی (1440×2560) پیکسڵە.

هەردوو مۆبایلەکە خاوەن دوو هەستەوەری کامێران لە دواوە کە یەکێکیان ڕوونییەکەی ١٢ مێگاپیکسڵە و ئەوی تریان ٢٠، و دووەمیان لە جۆری مۆنۆکرومە(واتە ڕەش و سپییە)، لە پێشەوەشیان کامێرایەکی ٨ مێگاپیکسڵ هەیە و ئەمجارەیان تەنانەت کامێراکانی پێشەوەش بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای Leicaی ئەڵمانی دروست کراون.

ئەمساڵ جیاواز لە پێشتر هواوەی دوگمەیەکی لە پێشی ئەم دوو مۆبایلە داناوە کە هەستوەری پەنجەمۆری لەخۆ گرتووە و بۆ کۆمەڵێک شت بەکاردێت: داگرتن بۆ گەڕانەوە دواوە، داگرتن بۆ ماوەیەکی درێژ بۆ چونە پەڕەی ماڵەوە، هەروەها Swipe(پەنجە پیاهێنان لەمسەر بۆ ئەوسەر) بۆ نیشاندانی لیستی ئەپە کراوەکان.

قەبارەی باتری مۆبایلەکان بریتین لە 3200mAh،3750mAh و پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا دەکات.

مۆبایلەکان بە ڤێرژنی نوێی EMUI 5.1 کار دەکەن کە لەسەر سیستەمی Android 7.0 بنیاد نراوە.

ئەم دوو مۆبایلە شێوە و دیزاینێکی نایابیان هەیە و بە ڕەنگەکانی ڕەش و سپی و نیللی و ئاڵتونی و پەمەیی و زیوی و سەوز بەردەست دەبن.

هواوەی بەفەرمی دوو کاتژمێری زیرەکی بە ئەندرۆید وێیەر ٢.٠ ڕاگەیاند.

ئەو کاتژمێرە زیرەکانەی کە ڕایگەیاندن بریتین لە Watch 2 و Watch 2 Classic کە ڕاستەوخۆ نوێترین وەشانی ئەندرۆید وێیەر ٢.٠ی گووگڵیان لەسەرە.

ئەم دوو کاتژمێرە لەتوانایاندایە پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامبدەن لەڕێگەی سیمکاردی تایبەت کە پشتگیری نەوەی چوارەمی ڕایەڵە واتە 4G دەکەن. هەروەها جی پی ئێس و هەستەوەری ترپەکانی دڵ و ئێن ئێف سی و چەند تایبەتمەندییەکی تریان هەیە. ئەستووری ئەم دوو کاتژمێرە ١٢.٦ ملمە و دوو دوگمەیان هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مایک و بڵندگۆ.

پاترییان ٤٢٠ ملی ئەمپێرە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دەتوانرێت بەکاربهێندرێن و لە ماوەی دۆخی پارێزەری وزە بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ خۆیان دەگرن بەڵام کۆمەڵێک تایبەتمەندی ناچالاک دەبن وەکو ئینتەرنێت و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها کات و هەنگاوەکانن.

ئەم دوو کاتژمێرە تەنها لەهەندێک شت لەیەک جیاوازن بۆ نمونە Watch 2 لە پلاستیک دروستکراوە و پشتگیری نەوەی چوارەم واتە 4G دەکات و بەڵام کاتژمێرەکەی تر کە ناوی Watch 2 Classic لە کانزا دروستکراوە و توانای گۆڕینی قایشەکەی هەیە بۆ چەند جۆرێک. هەروەها هەردوو کاتژمێرەکە خۆشبەختانە دژەئاون و ستاندەردی IP68ـیان هەیە.

کاتژمێرەکان ڕوونماکانیان ١.٢ ئینجە و ڕوونیان ٢٩٠*٣٩٠ پێکسڵە و بیرگەی ناوخۆیییان ٤ گێگابایتە و ڕامیان ٧٦٨ مێگابایتە.

شایەنی باسە، هواوەی نرخ و کاتی کەوتنە بازاڕی ئەم دوو کاتژمێرەی لە میانەی کۆنگرە ئاشکرا نەکردن.

بلاک بێری

 

بلاکبێری بە مۆبایلێکی نوێوە هاتەوە مەیدان.

کەمێک لەمەوبەر کۆمپانیای بلاکبێری بەفەرمی پەردەی لەسەر مۆبایلە چاوەڕوانکراوەکە لادا کە وا پێشبینی کرابوو ناوی مێرکوری بێت بەڵام بەپێچەوانەی پێشبینییەکان ناونرا Balckberry KeyOne. ئەم مۆبایلە لە مۆبایلە مامناوەندەکانە و لە ئەلەمنیۆم دروستکراوە و تەختەکلیلێکی پێوەیە لەگەڵ بوونی پەنجەمۆر و دەرچەی شەحنی USB Type C کە بۆ یەکەمجارە لە مۆبایلەکانی بلاکبێری دەربکەون.تایبەتمەندییەکانی ئەمانەی خوارەوەن:

  • ڕوونما: بە پانتایی ٤.٥ بە ڕوونی ١٠٨٠x١٦٢٠پێکسڵ.
  • پڕۆسێسەر: هەشت ناوییەکەی و لەجۆری سناپدراگۆن ٦٢٥ـە.
  • ڕام: ٣ گێگابایت
  • بیرگەی ناوخۆیی: ٣٢ گێگابایت و لەڕێگەی بیرگەی دەرەکی دەتوانرێت زیاتر بکرێت.
  • کامێرای پشتەوە: ١٢ مێگاپێکسڵ بە فەتحەی f/2.0 و پشتگیری ڤیدیۆیی 4K دەکات بە خێرایی 30 چوارچێوە لە چرکەیەدا.
  • کامێرای پێشەوە: ٨ مێگاپێکسڵ بە فەتحەی f/2.2 و تۆماری ڤیدیۆیی بە ڕوونی 1080p .
  • باتری: توانستی ٣٥٠٥ ملی ئەمپێرە و پشتگیری بارگاویبوونەوەی خێرادەکات.
  • پەیوەندییەکان: WiFi، بلوتوز 4.2، NFC و Type-C USB 3.1
  • سیستەمی وەگەرخەر: ئەندرۆید نوگەت 7.1 .

 

ئۆپۆ

ئۆپۆ یەکەم کامێرای دووانەی بۆ مۆبایل ڕاگەیاند کە خاوەنی زوومی 5Xـە.

ئۆپۆ ئەمساڵیش بەشداری پێشانگای MWC کرد، بەڵام وەکو ساڵی پار هیچ مۆبایلێکی ڕانەگەیاند، لەجیاتی ئەوە کامێرایەکی دوانەی خاوەن 5X زوومی بۆ مۆبایل ڕاگەیاند کە خاوەن تایبەتمەندی بەرزە.

ئەم کامێرایە لە ٥٠ پارچە پێکدێت و بەرزیان ٥.٧ ملمە. هەروەها کامێرای دووەمی خاوەنی ستایلێکی پێریسکۆپییە بۆ بەڕێکردنی ڕووناکی لە ئاوێزەیەکەوە بۆ ناو لێنزێکی تێلەسکۆپی کە لەناو مۆبایلەکە جێگیرکراوە و کە بە گۆشەی ٩٠ دانراوە بەرەوڕووی لێنزە گۆشە فراوانەکان. بە گۆرینی ئاراستەی ڕووناکییەکان ئۆپۆ توانیویەتی ئەو زوومە ٥ جارییە بەدەست بخات تەنانەت لە مۆبایلێکی زۆر تەنکیشدا.

بێگومان کاتێک کە بەنزیکی وێنەیەک دەگرین یان ڤیدیۆ تۆماردەکەین ئەوا جۆرە لەرزەیەک هەستی پێدەکرێت بەڵام لەوەشدا ئۆپۆ بەزیرەکانە توانیویەتی لەڕێگەی سیستەمێکی نوێی optical stabilization ئەوە بەدەست بخات و سەرکەوتووبێت تێیدا. میکانیزمی ئاوێزەکە بەشێوەیەکی داینامیکی گۆشەکەی ڕێکدەخات بە وردیەک کاردەکات کە وادەکات زۆر ڕێکتر و باشتربێت لەکاتی گرتنی وێنە.

بەداخەوە ئۆپۆ پەردەی لەسەرهیچ مۆبایلێک لانەدا بەڵام هیواخوازین بەزووی ئەم کامێرا نایابە لەیەکێک لە مۆبایلەکانی ئۆپۆ ببینین و چێژ لەتواناکانی وەرگرین.

شاومی یەکەم پڕۆسێسەری خۆی بۆ مۆبایلە زیرەکەکان ڕاگەیاند

شاومی هەمیشە ویستویەتی بێتە ئاستی کۆمپانیاکانی وەکو ئەپڵ و سامسۆنگ و هواوەی لە دروستکردنی پڕۆسێسەری سەربەخۆ و لەدروستکراوی خۆی. ئەمڕۆ ئەم خەونە بۆ شاومی هاتەدی و بووە ڕاستی چونکە ئەمڕۆ بەفەرمی یەکەم پڕۆسێسەری خۆیان بەناوی Surge S1 ڕاگەیاند و ناوەکەیشی جارێ تەنها لە چینییەوە وەرگێردراوە و بۆی هەیە ناوە ئینگلیزیەکەی Pinecone یان Pengpai هەبێت.

ئەم پڕۆسێسەرەی شاومی پێکهاتە ئەندازیارییەکەی ئۆکتاکۆرە لەگەڵ بوونی کۆری 4 x Cortex A53  کە خێراییەکەیان ٢.٢ گێگاهێرتزە و هەروەها جۆرێکی تریان کە کۆری 4 x Cortex A53 هەیە و خێراییەکەی ١.٤ گێگاهێرتزە. چیپەکە لەسەر پڕۆسەی 28nm HPC+ دروست دەکرێت. شایەنی باسە کۆمپانیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە چوار کۆری بەهێزی و چوست و چالاک دەبنە هۆی تەرازووکردنی جێبەجێکردن و هێزی پێویست لەیەک کاتدا. ئەو گرافیک کاردەی کە چیپەکە بەکاردێنێ بریتییە لە ARM Mali-T860 کە لەچاو نەوەی پێشتری، ئەم گرافیک کاردە لەڕووی وزە بەکارهێنانەوە لە ٤٠% کەمترە. هەروەها پشتگیری AFBC  و ASTC دەکات کە تەکنەلۆژییای پەستانی وێنەکانن و ئەمە جگە لەوەی پشتگیری ستاندەردی Vulkanـیش دەکات.

شاومی بۆ زیاتر جەخت کردنەوە لە بەهێزی پڕۆسێسەرەکەی چەند پلەبەندیەکی بڵاوکردووەتەوە لەلایەن هەڵسەنگێنەرەکانی وەکو Antutu و GFXBench کە تێیایاندا ئەنجامی بەرزی بەدەست هێناون:

 

شاومی مۆبایلی Mi 5c بە پڕۆسێسەرە تازەکەی خۆی ڕاگەیاند

ئەمڕۆ بەفەرمی کۆمپانیای شاومی چینی پەردەی لەسەر یەکەم مۆبایلی خۆی کە بەپڕۆسێسەرە تازەکەی خۆی ئیش بکات بەناوی Mi 5C ڕاگەیاند و تایبەتمەندییەکانی بەم شێوەیەی خوارەوەن:

  • ڕوونما: بە پانتایی ٥.١٥ ئینج بە ڕوونی 1920×1080.
  • پڕۆسێسەر: هەشت ناوکییە و لەجۆری Surge S1 کە دروستکراوی شاومییە و خێرایی ٢.٢ گێگاهێرتزە و گرافیکی Mali-T860 بەکاردەهێنێت.
  • ڕام: ٣ گێگابایت
  • بیرگەی ناوخۆیی: ٦٤ گێگابایت.
  • کامێرای پشتەوە: ١٢مێگاپێکسڵ بە فەتحەی f/2.2.
  • کامێرای پێشەوە: ٨ مێگاپێکسڵ بەفەتحەی f/2.2.
  • باتری: توانستی ٢٨٦٠ ملی ئەمپێرە و دەرچەی بارگاویکردنەوەی USB Type Cـیە.
  • ڕەنگەکان: پەمەیی و زێری و ڕەش
  • سیستەمی وەگەڕخەر: ئەندرۆید مارشماڵۆو ٦.0 بە ڕووکاری MIUI 8.0

ئەم مۆبایلە لە ٣ی مانگی داهاتووەوە بە نرخی ٢١٨ دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکان بەردەست دەبێت بۆ فرۆشتن.

لینۆڤۆ

 

لینۆڤۆ دوو مۆبایلی نوێی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ لەمیانەی پێشانگای MWC2017 لەبەرشەلۆنە، کۆمپانیای لینۆڤۆ پەردەی لەسەر نەوەی پێنجەمی مۆبایلەکانی Moto G5 و Moto G5 Plus لادا. مۆبایلەکان دیزاینی جوانیان هەیە و بەشی درەوەیان لە کانزا دروستکراوە و بەشی کامێرا و فلاشەکەیشی کەوتونەتە ناو بازنەیەک و بە ئاسانی هەست بە جیاوازی دیزایین دەکرێت لەگەڵ نەوەی پێشخۆی.

تایبەتمەندییەکانیان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

تایبەتمەندییەکانی Moto G5

  • ڕوونما: بە پانتایی ٥ ئینج بە ڕوونی 1920×1080 و بەبونی ٤٤١ پێکسڵ لە ئینجێکدا.
  • پڕۆسێسەر: هەشت ناوکییە و لەجۆری سناپدراگۆن 430ـە.
  • ڕام: ٢ و ٣ گێگابایت
  • بیرگەی ناوخۆیی: ٣٢  و ١٦ گێگابایت.
  • کامێرای پشتەوە: ١٣ مێگاپێکسڵ.
  • کامێرای پێشەوە: ٥ مێگاپێکسڵ.
  • باتری: توانستی ٢٨٠٠ ملی ئەمپێرە.
  • ڕەنگەکان: ڕەساسی و زێری و شین
  • سیستەمی وەگەڕخەر: ئەندرۆید نوگەت 7.0.

تایبەتمەندییەکانی Moto G5 Plus

  • ڕوونما: بە پانتایی ٥.٢ ئینج بە ڕوونی 1920×1080 و بەبونی ٤٢٤ پێکسڵ لە ئینجێکدا.
  • پڕۆسێسەر: هەشت ناوکییە و لەجۆری سناپدراگۆن ٦٢٥ـە.
  • ڕام: ٢ و ٣ گێگابایت
  • بیرگەی ناوخۆیی: ١٦ و ٣٢ و ٦٤ گێگابایت.
  • کامێرای پشتەوە: ١٢ مێگاپێکسڵ بە فەتحەی f/1.7.
  • کامێرای پێشەوە: ٥ مێگاپێکسڵ بەفەتحەی f/2.2.
  • باتری: توانستی ٣٠٠٠ ملی ئەمپێرە و پشتگیری بارگاویبوونەوەی خێرا لە جۆری TurboPower دەکات.
  • ڕەنگەکان: ڕەساسی و زێری
  • سیستەمی وەگەڕخەر: ئەندرۆید نوگەت 7.0.

هەردوو مۆبایلەکە مانگی داهاتوو بە نرخەکانی ١٩٩ یۆرۆ بۆ مۆتۆ جی ٥ و نرخی ٢٩٩ یۆرۆ بۆ مۆتۆ جی ٥ پڵەس دەخرێنە بازاڕەکانەوە.

 

لینۆڤۆ دوو لاپتۆپی نوێی لە جۆری یۆگا بە ڕوونمای 4K ڕاگەیاندن

ئەمڕۆش سەرەی لینۆڤۆبوو لە پێشانگای MWC2017 و چەند بەرهەمێکی نمایشکرد و لەناویاندا دوو لاپتۆپی لە جۆری یۆگا بە تایبەتمەندی بەرز و دیزایینی ناوازەوە ڕاگەیاندن ئەوانیش یۆگا ٥٢٠ و یۆگا ٧٢٠ بوون.

Yoga 520

  • پڕۆسێسەر: نەوەی حەوتەم لە پڕۆسێسەرەکانی ئینتێڵ
  • ڕوونما: ١٤ ئینجە و دوو ڕوونی جیاوازن کە 1366*768 یان 1920*1080 پێکسڵ.
  • کارتی گرافیکی: جۆری GeForce 940MX
  • ڕام: هەتا ١٦ گێگابایت
  • بیرگە: هەتا ٥١٢ لە جۆری ئێس ئێس دی یان ١ تێرابایت لە جۆری ئێچ ئێچ دی.
  • باتری: ١٠ کاتژمێر

Yoga 520

  • پڕۆسێسەر: نەوەی حەوتەم لە پڕۆسێسەرەکانی ئینتێڵ
  • ڕوونما: ١٥.٦ ئینجە و دوو جۆر ڕوونی هەیە کە 1080*1920 یان 4K
  • کارتی گرافیکی: لەجۆری GeForce 1050MX
  • ڕام: هەتا ١٦ گێگابایت
  • بیرگە: هەتا ١ تێرابایت لە جۆری HDD
  • باتری: ٩ کاتژمێر

Yoga 720

پڕۆسێسەر: نەوەی حەوتەم لە پڕۆسێسەرەکانی ئینتێڵ
ڕوونما: ١٣.٣ ئینجە و دوو ڕوونی جیاوازن کە 1080*1920 یان 4K.
کارتی گرافیکی: جۆری Intel 620
ڕام: هەتا ١٦ گێگابایت
بیرگە: هەتا ١ تێرابایت لە جۆری ئێچ ئێچ دی.
باتری: ٧ بۆ ٨ کاتژمێر

Yoga 520

  • پڕۆسێسەر: نەوەی حەوتەم لە پڕۆسێسەرەکانی ئینتێڵ
  • ڕوونما: ١٥.٦ ئینجە و دوو جۆر ڕوونی هەیە کە 1080*1920 یان 4K
  • کارتی گرافیکی: لەجۆری GeForce GTX 1050
  • ڕام: هەتا ٨ گێگابایت
  • بیرگە: هەتا ١ تێرابایت لە جۆری HDD
  • باتری: ٨ بۆ ٩ کاتژمێر

هەموو جۆرەکان یو ئێس بی کۆن و نوێ لەخۆیان دەگرن و دوایین وەشانی وایفای لەناویان جێگیرکراوە  و بلوتوزی ٤.١یان لەسەرە.

نرخی لاپتۆپی جۆری یۆگا ٥٢٠ لە ٦٣٠ دۆلارەوە دەست پێدەکات و لاپتۆپی جۆری یۆگا ٧٢٠ لە ١٠٦٠ دۆلارەوە دەست پێدەکات.

 

لینۆڤۆ لاپتۆپێکی بەناوی Miix 320 ڕاگەیاند بە نرخێک کە لە ١٩٩ دۆلارەوە دەست پێدەکات.

بێگومان لەنرخدا کڕۆمبووکەکان زۆر هەرزانن بەبەراورد بە ئەو لاپتۆپانەی کە بە ویندۆز کاردەکەن بەڵام ئەمڕۆ و لەگەڵ ڕاگەیاندنی لاپتۆپی توانست بە گۆڕین لە شێوەدا بەناوی Miix 320  لەلایەن لینۆڤۆوە جەنگێکی نوێ دەست پێدەکات لە نێوان کڕۆمبووک و کۆمپیوتەرە بەهێزەکان بە ویندۆز کە لەلایەن لینۆڤۆوە سەرپەرشتی دەکرێت.

ئەمڕۆ لە پێشانگای MWC2017 لینۆڤۆی زەبەلاح لەبواری دروستکردنی لاپتۆپی بەهێز پەردەی لەسەر لاپتۆپێک لادا بەناوی Miix 320 کە تەختەکلیل و بەشی شاشەکەی لێک دەبێتەوە و بەچەند شێوەیەکی جیا جیا دادەنرێت.

ئەم لاپتۆپە شاشەکەی ١٠.٥ ئینجە و ڕوونیەکەی ١٩٢٠*١٢٠٠ پێکسڵە و بە پڕۆسێسەری Intel Atom X5 بەهێزە کە ئەم پڕۆسێسەرە بەوە ناوبانگی هەیە کەمتر وزە بەکاردەهێنیت لەچاو پڕۆسێسەرەکانی تر و شایەنی باسە ئەم لاپتۆپە زیاتر بۆ کارە ئاساییەکانی ڕۆژانەیە نەک کارە بەهێزەکانی وەکو گرافیک و سێ ڕەهەندی.

سەبارەت بە ڕام و بیرگە ئەوا بەکارهێنەر هەڵبژاردەی لەبەردەستە و هەتا ٤ گێگاڕام و هەتا ١٢٨ گێگا بیرگەی ئێس ئێس دی هەڵبژاردە بەردەست و بەکارهێنەر دەتوانێت هەڵبژێرێت. ئەمە جگە لەوەی ئەم لاپتۆپە USB C و USB ئاسایی هەیە و باترییەکەی تا ١٠ کاتژمێر خۆی دەکرێت و هەروەها ئەم لاپتۆپە جۆرێکیانی پشتگیری لە نەوەی چوارەمی ڕایەڵە دەکات.

سەبارەت بە بەردەست بوونی ئەوا ئەم لاپتۆپە جۆری پشتگیری کراو بە نەوەی چوارەم 4G لە مانگی چوار و جۆرەکەی تری کە تەنها وایەرلێسە ئەوا لە مانگی ٥ بەردەست دەبێت بە نرخێک کە لە ١٩٩ دۆلار دەسپێدەکات و بەگوێرەی تایبەتمەندی نرخی دەگۆرێت و بەرزدەبێتەوە.

لینۆڤۆ زنجیرە تابلێتی Tab 4 ڕاگەیاند

لەگەڵ دەستپێکی پێشانگای MWC2017 لەبەرشەلۆنە، سامسۆنگ گورزی خۆی وەشاند و تابلێتێکی نایابی ڕاگەیاند بەڵام سامسۆنگ تەنیا نەبوو لە ڕاگەیاندنی تابلێت و لینۆڤۆش چەند تابلێتێکی نمایش کرد لە زنجیرەی Tab 4 کە لە چوار جۆری جیاواز پێکدێن.

بەشێوەیەکی بنچینەیی زنجیرەی Tab 4 دوو جۆرن کە جۆری ئاسایی و جۆری پێشکەوتوون بەڵام بۆ هەریەکە

یان دوو جۆر پانتایی ڕوونما هەیە ئەوانیش ٨ ئینج و ١٠ ئینجن بەمەش دەکاتە ٤ دانە.

سەبارەت بە جۆری یەکەمی ئەوا ٨ ئینج و ١٠ ئینجی هەیە و ڕوونی ڕوونماکەیان 800×1200 پێکسڵە و پڕۆسێسەری چوارناوکی سناپدراگۆن ٤٢٥ـیان لەسەرە کە خێرایی ١.٤ گێگاهێرتزە. ڕامیان ٢ گێگایە و بیرگەی ناوخۆیی دوو بژاردە بەردەست ئەوانیش ١٦ یان ٣٢ گێگابایت.

ئەم دوو تابلێتە کامێرای پشتەوەیان ٥ مێگاپێکسڵە و هی پێشەوەشیان ٢ مێگاپێکسڵ. هەروەها بڵندگۆی دەنگی ئاست بەرزیان هەیە پشت بەستوون بە تەکنەلۆژیایی Dolby Atmos و هەریەکێکیشیان بە سیستەمی وەگەرخەری ئەندرۆید ٧.٠ نوگەت کاردەکەن و ڕایەڵەی وایفای و 4G LTEـیان هەیە.

سەبارەت بۆ جۆرە پێشکەوتووەکەی Tab 4 کە دەکاتە Tab 4 Plus ئەوا ئەویش دوو جۆر پانتایی ڕوونمای هەیە کە ٨ و ١٠ ئینجن. ڕوونی ڕوونماکانیان 1200×1920 پێکسڵە واتە Full HDـین. پڕۆسێسەری بەهێزتریان لە جۆری یەکەم لەسەر کە سناپدراگۆن ٦٢٥ـە و ٨ ناوکی هەیە و خێرایی ٢.٠ گێگاهێرتزە.

ئەم دوو تابلیتە ڕامیان ٣ گێگابایتە و بیرگەی ناوخۆییان ٣٢ گێگابایتە و بژاردەیەکی تر بەردەستە کە ڕامەکەیان ٤ گێگایە و بیرگەکەیان ٦٤ گێگابایتە. شایەنی باسە، ئەم دوو تابلێتە کامێرای پشتەوەیان ٨ مێگاپێکسڵە و هی پێشەوەشیان ٥ مێگاپێکسڵ. هەروەها بڵندگۆی دەنگی ئاست بەرزیان هەیە پشت بەستوون بە تەکنەلۆژیایی Dolby Atmos و هەریەکێکیشیان بە سیستەمی وەگەرخەری ئەندرۆید ٧.٠ نوگەت کاردەکەن و ڕایەڵەی وایفای و 4G LTEـیان هەیە. جیاوازیەکی تریان لە جۆری یەکەم ئەوەیە USB Type Cـیان هەیە بۆ ئاڵوگۆری زانیاری و بارگاوی واتە شەحنکردنەوە.

سەبارەت بە نرخ، جۆری یەکەم کە Tab 4 دەکات ئەوا بە نرخێک بەردەست دەبێت کە لە ١٠٩ دۆلارەوە دەست پێدەکات بەڵام جۆری دووەم کە Tab 4 Plus دەکات بەنرخێک دەست پێدەکات کە لە ١٩٩ دۆلارەوە دەبێت. جێگای ئاماژەیە، ئەم تابلێتانە لەسەرتای مانگی ٥ بۆ فرۆشتن بەردەست دەبن.

سامسۆنگ

سامسۆنگ مۆبایلی Galaxy Xcover 4ی ڕاگەیاند

 کۆمپانیای سامسۆنگی کۆری تازەترین ئەندامی زنجیرەی مۆبایلەکانی Xcoverی ڕاگەیاند کە بەرگەی بارودۆخی سەخت دەگرن و سوودێکی زۆریان بۆ ئەو کەسانە هەیە کە لە ژینگەی سەختدا کار دەکەن.

مۆبایلی Samsung Galaxy Xcover 4 خاوەنی بڕوانامەکانی IP68 و MIL-STD 810Gیە کە یەکەمیان واتای ئەوە دەگەیەنێت کە مۆبایلەکە توانای هەیە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر لە قوڵایی 1.5 مەتر لە ئاودا بمێنێتەوە، هەروەها بەرگری لە بەرامبەر تۆزیش هەیە، دووەم بڕوانامەشیان کە زۆر کەمتر لە مۆبایلدا دەبینرێت ستانداردێکی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە بۆ تاقیکردنەوەی ئامێری جیاواز بەکاردێت لەژێر کۆمەڵێک بارودۆخی سەختی وەک پلەی گەرمی زۆر بەرز یاخود زۆر نزم، لەرینەوەی بەهێز، بەرکەوتنی تیشکادەنەوەی خۆر(solar radiations)، هەروەها ئەوەی لای زۆربەی کڕیارانی مۆبایلەکە جێگای بایەخ دەبێت پارێزراوبوونیەتی لە شێ و خوێ و توانای کارکردنە بە مۆبایلەکە بە دەستکێشەوە.

دیزاینی مۆبایلەکە جیاوازییەکی زۆری نییە لەگەڵ Galaxy Xcover 3، هەروەها ئەم مۆبایلە بە گشتی خاوەن تایبەتمەندی نزم بۆ مامناوەندە.

کورتەیەک لە تایبەتمەندییەکانی: –

  • ڕونما: 5 ئینچ بە ڕوونی (720×1280) پیکسڵ لە جۆری LCD
  • پرۆسێسەر: Exynos 7570 quadی چوار ناوکی کە ناوکەکانی لە جۆری Cortex-A53ن
  • ڕام: 2 گێگابایت
  • باتری: 2800 میللی ئەمپێر
  • کامێرا: 13 مێگاپیکسڵ لە دواوە و 5 مێگاپیکسڵ لە پێشەوە
  • سیستەم: Android 7.0
  • بارستایی: 172 گرام

مۆبایلەکە مانگی داهاتوو بە نرخی 259 یۆرۆ لە بازاڕەکانی ئەوروپا بەردەست دەبێت.

سامسۆنگ تابلێتی Galaxy Bookی ڕاگەیاند.

سامسۆنگ لە زنجیرە کۆنگرەکانی کۆنگرەی جیهانی مۆبایلدا بەشداری کردوو و تابلێتێکی بە ناوی Galaxy Book نمایشکرد. که بە درووشمی هێزی بەرهەمداری، سامسۆنگ دەیەوێت بەم تابلێتەی بەرامبەر هەندێک لە بەرهەمە تابلێتەکانی کۆمپانیاکانی تر بوەستێتەوه، بەوەی کە خاوەن ڕوونمایەکی گەورەیە و سیستەمی ویندۆوز ۱۰ی لەسەر جێگیرە.

لەگەڵ ئەو ڕوونما گەورەیەدا، تەکنەلۆژیای ئەمۆڵێد هەیە بە ڕوونیەکانی ۱۹۲۰×۱۰٨۰ (بۆ ڕوونمای ۱۰ ئینج) و ۲۱٦۰×۱٤٤۰ (بۆ ڕوونمای ۱۲ ئینج) لەگەڵ ڕووکار و سیستەمی نایابی ویندۆوز ۱۰دا. لەوانەیە ئەم ئامێرەی سامسۆنگ سەرەتا و ڕکابەرێک بێت، بەرامبەر بە هەر ئامێرێکی تابلێت کە خاوەن تایبەتمەندی بەرز بێت و سیستەمی ویندۆوزی لەسەر جێگیرکرابێت. هەروەها پڕۆسێسەرە ئازاکەی ئینتێڵ کۆر ئای ٥ بۆ ڕوونمای قەبارە ۱۲ ئینجی لەسەر جێگیرە کە دەتوانێت باشترین کاربکات لە تابلێتێکی وەهادا. هەروەها گالاکسی بووکی ۱۰ ئینج پڕۆسێسەری کۆر ئای ۳ی لەسەر کاردەکات.

گالاکسیە تابلێتە نوێیەکە بە دوو جۆر دێتە بازاڕەکانەوە. یەکیان بە قەبارەی ڕوونمای ۱۰ ئینج و ئەویتریان ۱۲ ئینج. جیاوازی گەورە لێرەدا ئەوەیەکە، کە تابلێتی قەبارە ۱۰ ئینج بە ڕوونمای جۆری TFT دەبێت، دووهەمیشیان کە ۱۲ ئینجە، بە ڕوونمای جۆری ئەمۆڵێد دەبێت. جیاوازیەکە تەنها له ڕوونمادا نابێت، لە کێشیشدا هەردووکیشیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو جیاوازە، کە تابلێتی GalaxBookی ۱۲ ئینج بە کێشی ۷٤٥ گرام دەبێت، هەروەها تابلێتی Galaxy Bookی ۱۰ ئینج بە کێشی ٦٤٥ گرام دەبێت.

لە تایبەتمەندیەکانی تری تابلێتەکەکان، توانای خوێندنەوەی تۆڕی LTEی هەیە بە خێراییەکی ناوازە. هەروەها توانای گرتنە بیرگەی دەرەکیان هەیە و پاتریکەشیان کە توانستی کارپێکردنی ۱۰ کاتژمێرە، توانای خێرا بارگاویکردنەوەی هەیە، چونکە بێگوومان خاوەنی تایبەتمەندی FastChargingـە. ڕام و بیرگەی ئامێرەکان جیاواز دەبێت بۆ هەر یەکێکیان. جۆری ۱۲ ئینج ڕامی ٤ گێگابایتی یان ٨ گێگابایتی بۆ بیرگەی ۲٥٦ گێگابایتی هەیە، هەروەها جۆری ۱۰ ئینج ڕامی ٤ گێگابایتی بۆ بیرگەی ٦٤ گێگابایت و ۱۲٨ گێگابایتی هەیە. دەربارەی کامێراش کامێرای دواوەی جۆری ۱۰ ئینج ٥ مێگاپێکسڵ دەبێت و کامێرای دواوەی جۆری ۱۲ ئینج ۱۳ مێگاپێکسڵ دەبێت.

گالاکسی بووکەکان پشتگیری تایبەتمەندی S pen دەکەن.

کۆمپانیاکانی دیکە:

تەکنەلۆژیا نوێکەی مەیزوو لەماوەی ٢٠ خولەک مۆبایلەکەت پڕ شەحن دەکاتەوە.

مەیزوو کە کۆمپانیایەکی چینییە و هاوشانی ئۆپۆ و شاومی هەنگاوی گەورەی بۆ پێشەوە ناوە و وەکو ئەوان لە پێشانگای MWC2017 لە بەرشەلۆنە بەشدارە و ئەمڕۆ پەردەی لەسەر نوێترین تەکنەلۆژیای بارگاوی کردنەوە واتە شەحن کردنەوە لادا کە بەڕاستی ڕکابەری ڕکابەرەکانی دەکات.

ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە ناوی Super mCharge کە لە توانایدایە پاتری مۆبایل لە ماوەی ٢٠ خولەک پڕبکاتەوە. مەیزوو تاقیکردنەوەی لەسەر پاتریەکی ٣٠٠٠ ملی ئەمپێری ئەنجامداوە و لەماوەی ٥ خولەک تا ٣٠% مۆبایلەکە بارگاوی بووە و هەروەها لەماوەی ١٥ خولەک گەیشتووەتە ٨٥% و لە ٢٠ خولەکیش گەیشتووەتە ١٠٠%.

مەیزوو جەخت لە سەلامەتی ئەم تەکنەلۆژییایە دەکاتەوە و پارێزراوی تەواوی تێدابەکارهاتووە بەبەراورد بە ڕکابەرەکانی و هەروەها ئەم تەکنەلۆژیایە وزەی 55W دەدات کە چەند جار خێراترە لە تەکنەلۆژیاکانی تری وەکو QuickCharge و VOOC.

هەروەها مەیزوو ئاماژە بەوەدەکات کە ئەم تەکنەلۆژیایە پلەی گەرمی باترییەکە بەرزناکاتەوە و هەرە بەرزییەکەی ٣٩ پلەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە لەکاتی بەکارهێنانی مۆبایلەکەت کاتێک بەشەحنەوەیە ڕووبەڕووی هیچ کێشەیەک نابیتەوە.

بینەری ڤیدیۆیی فەرمی سوپەر ئێم چارج بن:

https://www.youtube.com/watch?v=l3_p78mT-dA

ساندیسک دوو جۆر بیرگەی نایابی بۆ ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید بە قەبارەی ٢٥٦ گێگا ڕاگەیاندن.

بێگومان ساندیسکیش بەشدارە لە پێشانگای MWC2017 لە میانەی بەشدارییەکانی دوو بیرگەی نوێی بۆ ئای ئۆ ئێس ڕاگەیاندن کە ئەوانیش iXpand Flash Drive و Connect Wireless Stickـن و هاوکارن لە زیادکردنی بیرگەی ئایفۆن و ئایپۆد و ئایپادەکەت و قەبارەیان ٢٥٦ گێگایە و بەمەش بەهۆیانەوە تا ١٤ هەزار وێنە و هەروەها تا ١٠ کاتژمێر ڤیدیۆ دەتوانیت هەڵبگریت.

جۆری iXpand Flash Drive دوو سەری هەیە یەکێکیان جۆری Lightening USB و ئەوەی تر USB 3.1 و بەمەش بە ئاسانی دەتوانیت بە ئامێرەکانی ئایفۆن و ئایپادی پەیوەست بکەیت و لەهەمان کاتیشدا بە کۆمپیوتەر و ماکییەوە بکەیت بۆ مەبەستی ئاڵوگۆرکردن بە خێرایی. هەروەها ئەم جۆرەیان ئەپێکی لەگەڵە کە لەتوانایدایە وێنەکانی ناو Camera Roll وەکو یەدەگ هەڵبگرێت و ئەمە جگە لەوەی هی فەیسبووک و ئینستەگرامەکەشت بۆ پاشەکەوت دەکات.

جێگای ئاماژەیە ئەو ئەپەی لەگەڵ iXpand Flash Drive دایە توانای قوفڵدانی فایل و فۆڵدەرەکانی ناو فلاشەکەی هەیە بەمەش لەکاتی ونکردنی ئەو فلاشە تۆ خەیاڵـت ئاسوودە دەبێت و نیگەرانی فایلەکانی ناوی نابیت. ئەمە جگە لەوەی ڕاستەوخۆ لەڕێگەی هەمان ئەپ دەتوانیت ناوەڕۆکی ئەم فلاشە پەخش بکەیتە کڕۆم کاست و ئەمەزۆن فایەر.

سەبارە بە جۆری دووەم واتە SanDisk Connect Wireless کە وایەرلێسە و لەڕێگەی ئەپی تایبەتییەوە دەتوانیت وێنە و فایلەکانت ئاڵوگۆر بکەیت لەنێوان مۆبایل و فلاشەکە یان کۆمپیوتەر و فلاشەکە. هەروەها فلاشەکە لەتوانایدایە وێنە و ڤیدیۆ پەخش بکات تا ٣ ئامێر لە یەک کاتدا.

هەردوو فلاشی iXpand Flash Drive و Connect Wireless لە ئەمەزۆن بە نرخی ١٧٥ پاوەند بەردەستن بۆ فرۆشتن.

 

ساندیسک ئەندرۆیدیشی لەیادنەکردوو و نوێکردنەوەیەکی نوێی بۆ زنجیرەی A1ـی کاردە ئێس دییەکان ڕاگەیاند کە بەوە ناسراون خێرایی بەرزیان هەیە لە گواستنەوەی زانیاری. لە ئێستادا ساندیسک نوێترین کاردی جۆری Extreme microSDXC بە قەبارەی ٢٥٦ گێگابایت بەردەست کردووە کە خێرایی گواستنەوەکەی دەگاتە ١٠٠ مێگابت لە چرکەیەکدا کە دەکاتە ١٢.٥ مێگابایت لە چرکەیەکدا.

ئەگەر مۆبایلەکەت ئەندرۆیدی مارشماڵۆو یان نوگەتی لەسەربێت ئەوا ئەگەر ئەم جۆرە کاردەی لەسەربێت ڕاستەوخۆ دەتوانن ئەپی لەسەر دابنێین و بیانکەنەوە و بەخێراتر کارەکان بە ئەنجام بگەیەنن. شایەنی باسە ئەم کاردی ئێس دییە لە کۆتایی مانگی ٣ بە نرخی ١٩٩ دۆلار بەردەست دەبێت بۆ فرۆشتن.

 

  • سەرچاوەی بابەتەکان لە پێگەکانی کۆمپانیاکان و پێگە باوەڕپێکراوەکانی بواری تەکنەلۆژیا وەرگیراون.
  • هەموو بابەتەکان لەلایەن نووسەرانی Kitn ـەوە وەرگێڕدراون بۆ زمانی شیرینی کوردی.
تاگەکان KitnMWC MWC17 MWC2017 Sony_MWC
بۆچونی تۆ