ئەندرۆید
5, ئازار 2017
بەراوردێک لە نێوان مۆبایلەکانی Samsung Galaxy J5 Prime و Huawei GT3

بێگومان لە ئێستادا دوو بەناوبانگترین و پڕفرۆشترین کۆمپانیای بەرهەمهێنەری مۆبایلی ئەندرۆید لە جیهان و کوردستاندا سامسۆنگ و هواوەین، و هەریەک لەم دوانە لە ئێستادا کۆمەڵێک مۆبایلی ئاست نزمی گونجاویان هەیە کە نرخیان لە خوار 200 دۆلارە لە هەرێمی کوردستان.
هەریەک لە مۆبایلەکانی Galaxy J5 Prime و Huawei GT3 کە لە هەندێک وڵات ناوێکی تری هەیە ئەویش بریتییە لە Huawei Honor 5C نرخیان زۆر لەیەکتر نزیکە و لە نێوان 170 بۆ 180 دۆلارە و قەبارەشیان لە یەکتر نزیکە بۆیە بەراوردکردنیان گونجاوە.
نوێکردنەوە: لە ئێستادا نرخیان دابەزیوە بۆ خوار ١٥٠ دۆلار.
هێز و خێرایی: باڵادەستی Huawei GT3 لەم لایەنەدا ڕوون و ئاشکرایە ئەمەش بەهۆی بوونی پرۆسێسەری Kirin 650 کە یەکەی چارەسەری ناوەندی و یەکەی چارەسەری گرافیکسی زۆر لە هی پرۆسێسەری Exynos 7570ی ناو J5 Prime بەهێزترە.
هەروەها ڕامی هەردوو مۆبایلەکە 2 گێگا بایتە.
براوە: Huawei GT3
کامێرای سەرەکی: هەردوو مۆبایلەکە ڕوونی کامێرای سەرەکیان 13 مێگاپیکسڵە و تیرەی چاوی کامێراکانیش زۆر لەیەکتر نزیکە و پێدەچێت ئاستیان زۆر لە یەکتر نزیکبێت.
کامێرای پێشەوە: Huawei GT3 بەهۆی ڕوونی بەرزتر(8 مێگاپیکسڵ بەرامبەر 5 مێگاپیکسڵ) و تیرەی چاوی کامێرای بچوکتر(f/2.0 بەرامبەر f/2.2) باڵادەستییەکی دیاری هەیە.
براوە: Huawei GT3
دیزاین و لاشە: لەم لایەنەدا Galaxy J5 Prime پێشکەوتوترە چونکە تەنکترە( 8.1 مم بەرامبەر 8.3 مم) و بارستایی کەمترە (143 گرام بەرامبەر 156 گرام) و ڕێژەی ڕونما لە ڕووی پێشەوەی زیاترە (%69.4 بەرامبەر %68.7) و جیاواز لە مۆبایلە ئاست نزمەکانی پێشتری سامسۆنگ کە لە پلاستیک دروستکرابوون ئەمیش وەک GT3 لاشەکەی لە کانزا دروستکراوە.
براوە: Galaxy J5 Prime
ڕونما: بەهۆی بوونی ڕوونییەکی بەرزتر ( 720×1280 بەرامبەر1080×1920) و قەبارەیەکی گەورەتر(5 ئینچ بەرامبەر 5.2 ئینچ) و بەهۆی ئەوەی لە جۆرێکی باشترە(PLS TFT بەرامبەر IPS LCD) ڕونمای Huawei GT3 باشترە.
براوە: Huawei GT3
تەمەنی باتری: هەرچەندە باتری مۆبایلی Huawei GT3 بەشێوەیەکی بەرچاو فراوانترە( 3000mAh بەرامبەر 2400mAh) بەڵام بەهۆی ئەوەی Galaxy J5 Prime ڕونماکەی کەمێک بچوکترە و ڕوونی نزمترە و هەروەها پرۆسێسەرەکەی لەسەر پرۆسەی 14 نانۆمەتری بنیاد نراوە(لە کاتێکدا هی Huawei GT3 لەسەر پرۆسەی 16 نانۆمەتری بنیاد نراوە) تەمەنی باتری مۆبایلەکان لەیەکتر نزیکە.
هەردوو مۆبایلەکە بیرگەی ناوەکییان 16 گێگا بایتە و خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆرن و پشتگیری لە نەوەی چوارەم و بیرگەی دەرەکی و 2 سیم کارد دەکەن، هەروەها ڕووکاری بەکارهێنەری ئەم مۆبایلانە و دیزاینیشیان زۆر لە یەکتر جیاوازە و دەکەوێتەوە سەر خواستی بەکارهێنەر.
هەردووکیان بە وەشانی 6ی سیستەمی ئەندرۆید کار دەکەن و لە داهاتوودا تازەکرنەوەی وەشانی 7یان پێدەگات.
باڵادەستییەکانی Huawei GT3:
- هێز و خێرایی
- کامێرای پێشەوە
- ڕونما
باڵادەستییەکانی Samsung Galaxy J5 Prime:
- دیزاین و لاشە
- ناوبانگ و متمانەی سامسۆنگ لای بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان.
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.