ئینتەرنێت 5, ئازار 2017

ئاسیاسێڵ چوونە نێو ویکیپیدیای کردە خۆڕایی لەنێو تۆڕەکەیدا

دامەزراوەی ویکیمیدیا کە ئینسایکڵۆپیدیای سەرھێڵی ویکیپیدیا بەڕێوەدەبات، ڕایگەیاند کە بە ھاوکاریی ئاسیاسێڵ چوونەنێو ویکیپیدیایان کردووەتە خۆڕایی، لە سەرتاسەری عێراقدا، کە بە نزیکەیی ١٢ ملیۆن بەکارھێنەری ھەیە. بەمەش ئاسیاسێڵ دەبێتە یەکەم کۆمپانیای عێراق کە بەشداربێت لە پڕۆژەی ویکیپیدیا زیرۆ، کە تێیدا بەشداربووان دەتوانن بێ بەکارھێنانی داتای مۆبایلەکانیان بچنە نێو ویکیپیدیا.

ئەم ھەواڵە لە کۆنگرەی جیھانیی مۆبایل لە بارسێلۆنا ڕاگەیەندرا، کە گەورەترین بۆنەی مۆبایلی ساڵانەیە.

«بەکارھێنەرانی ئاسیاسێڵ لە توانایان دەبێت دەستکاریی ویکیپیدیا بکەن بەبێ خەرجکردنی داتای مۆبایلەکانیان، و دەتوانن وتارەکان زیادبکەن و چاکسازییان تێدا بکەن بەو زمانەی کە دەیانەوێت و بڵاوکردنەوەی زانیاریی لەبارەی مێژوو و کولتووری عێراق، شوێنەوارەکانی و خەڵکەکەی لەگەڵ تەواوی جیھاندا» دامەزراوەی ویکیمیدیا ئەمەی ڕاگەیاند.

ئەم کارەی ویکیمیدیا، ھاوشێوەیە لەگەڵ چەند پڕۆژەیەکی تری فەیسبووک و گووگڵ کە ئەوانیش ھەوڵی دابینکردنی ئینتەرنێتی خۆڕایییان داوە، بەتایبەت لە وڵاتە ھەژارەکان و تازەپێگەیشتووەکان.

شایانی باسە وێبگەی ویکیپیدیا لە ساڵی ٢٠٠٣ کراوەتەوە، لەلایەن دامەزراوەی قازانجنەویستی ویکیمیدیا، بارەگاکەی کەوتووەتە سان فرانسیسکۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لە ئێستا وێبگەکە لەنێو پێڕستی دە ماڵپەڕە پڕسەردانەکانی جیھانە، و ملیۆنان سەردانکەری ڕۆژانەی ھەیە.

ویکیپیدیا بە نزیکەی ٣٠٠ زمان و شێوەزار بەردەستە، کە بە ھەموویان ٤٠ ملیۆن وتاریان لەخۆگرتووە، لەنێوانیان ویکیپیدیای ئینگلیزی بە زیاتر لە ٥ ملیۆن وتار بووەتە پێشەنگ، ویکیپیدیای ھەر زمانێک لەڕێی بەشداربووانی خۆبەخشەوە لە سەرتاسەری دونیا پێکھاتووە، کە بەشدارییەکانیان بریتیین لە زیادکردنی وتار و دەستکاری و باشترکردنی وتارەکانی دی.

سەبارەت بە زمانی کوردی، لە ئێستا سێ ویکیپیدیا بەردەستن؛ ویکیپیدیای کوردیی ناوەندی (سۆرانی) و ویکیپیدیای کوردیی باکووری (کورمانجی) و ویکیپیدیای زازاکی. ژمارەی وتارەکانی ھەریەک لە ویکیپیدیاکانی سۆرانی و کورمانجی لە دەوروبەری ٢٠ ھەزار وتارە، ئەمەش بەبەراورد بە ژمارەی ئاخێوەرانی زمانی کوردی ژمارەیەکی ئێجگار کەمە، لە بەرانبەردا ویکیپیدیای تر ھەیە ژمارەی وتارەکانی زۆر زیاترە و بەکارھێنەری زیاتریشی ھەن، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی ئاخێوەرانیان چەند قات کەمترە بە بەراورد لەگەڵ ئاخێوەرانی زمانی کوردی.

بۆچونی تۆ