ئاسایشی ئەلیکترۆنی

ئەپڵ و گووگڵ دەڵێن زۆربەی ئەو کەلێنە ئاسایشیانەی لە زانیارییە دزەپێکراوەکانی ویکیلیکس باسکرابوون چارەسەرکراون.

شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو دەزگای ویکیلیکس زیاتر لە ٨٧٦١ پەڕگە و بەڵگەی بڵاوکردەوە کە توانیبویان لە ناوەندێکی ناو دەزگای CIA بەناوی Cyber Intelligence دەستیان بخەن. لەو بەڵگە و پەڕگە و فایلانە باسی هەر یەک لە سیستەمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێسی لەخۆی گرتبوو کە تێیدا باس لە چەندان کەلێنی ئاسایش کرابوو لەو سیستەمانە کە لەڕێگەیانەوە دەتوانرێت دەست بەسەر پەیوەندی بەکارهێنەران بگرێت بەڵکو بگرە دەست بەسەر تەواوی مۆبایلی بەکارهێنەران بگرن.

ئەوەی جێگای باسە، هەر لەسەرەتای بڵاوکردنەوەی ئەم فایل و پەڕگە و دۆکیومێنتانە لەلایەن ویکیلیکسەوە بەخێرایی ئەپڵ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە گوایە لەناو ئەو ١٤ کەلێنەی لە سیستەمی ئای ئۆ ئێس کە لەناو پەڕگەکان باسکراوە زۆربەیان لەلایەن ئەندازیارانی کۆمپانیای ناوبراو چارەسەرکراون و ئەندازیاران بەردەوامن لە کارکردن تێیایاندا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کەلێنەکانی تر. ئەوەی جێگەی داخەوە ئەوەیە ئەو چارەسەرە تا ئێستا وەکو نوێکردنەوە بە هیچ بەکارهێنەرێکی ئای ئۆ ئێس نەگەیشتووە و تەنها لەلای خۆیانەوە چارەیان کردوون.

هەر دەربارەی ئەو بەڵگانەی ویکیلیکس، گووگڵیش هاتە سەرهێڵ و بەخێرایی ڕوونکردنەوەیدا لەسەر ئەو ٢٤ کەلێنە ئاسایشەی کە لە پەڕگەکانی ویکیلیکس هاتبوو دەربارەی سیستەمی ئەندرۆید و گووگڵ دەڵێت دوای چاوپێخشانەوە بە کەلێنەکان بۆمان دەرکەوت پێشتر زۆربەی ئەو کەلێنانە چارەسەرکراون و کار لەسەر ئەوەش دەکەین ئەوانەی تر بەزووترین کات چارەسەربکەین و نوێکردنەوەیەکی ئاسایش بۆ بەکارهێنەران بڵاوبکەینەوە.

تەنانەت گەشەپێدەرێکی ناو دەستەی گەشەپێدەرانی XDA Developers ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کەلێنە ئاسایشانەی لە بڵاوکراوەکانی ویکیلیکس باسکراون گشتیان کۆنن و دەربارەی ئامێر و نەرمەکاڵای کۆنن و چیتر پشتگیری ناکرێن و بەمەش پێویست بە شڵەژان و دوودڵی ناکات.

شایەنی باسە ئەم بەڵگانە تەنها مۆبایلە زیرەکەکانی نەگرتووەتەوە بەڵکو باسی تەلەفیزیۆنە زیرەکەکانی سامسۆنگی تێدایە و هەروەها باسی ئەو تەکنەلۆژیا زیرەکانەیشی تێدایە کە لە ئۆتۆمبێلەکان بەکارهاتووە و تا ئێستا ئەو کەلێنانەی پەیوەستدارن بەوانەوە چارەسەرنەکراون و وەکو خۆیان ماونەتەوە.

تۆ وەکو بەکارهێنەران هەست بە شڵەژان و دوودڵی دەکەیت لە بیستنی هەواڵی لەو شێوەیە؟ لە کۆمێنت ڕا و سەرەنجی خۆت بنوسە.

سەرچاوە :

10 ئازار، 2017
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1170