بابەتی گرینگ

تۆڕی کۆمپیوتەریی Local area network چیە؟

تۆڕەکانی کۆمپیوتەر ڕێگەی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕکردنی زانیارین لە نێوان ئامێرەکاندا، جا ئەو تۆڕانە چەند لق و ناوێکیان لێدەبێتەوە، هەر ئامێرێک بتوانێت دۆستایەتی خۆی لەگەڵ ئامێرێکی تردا ڕابگەیەنێت، ئەوا پەیوەندیەکیان بە ناوی (تۆڕی کۆمپیوتەریی) دروستکردووە.

لەو هاوبەشی پێکردنەی تۆڕەکان، جۆر و فراوانی جیاواز هەیە کە گوزارشت لە ڕووبەری پەیوەندیەکانی ئامێرەکان دەکات. جۆرێک لە تۆڕە کۆمپیوتەریەکان Local area networkـە، واتا (تۆڕی ڕووبەری ناوخۆیی)، کە فراوانیەکی بچووکی نێوخۆیی بۆ کەسانی دیاریکراو و نزیک دروستدەکەن و هاوبەشی پێدەکەن، کە هەروەکو ئەوە وایە چەند کۆمپیوتەرێکت لەبەردەستبێت و پەیوەست بە خزمەتگوزاریەکی دیاریکراوی نزیک ببن، جا پەیوەست بوونەکەش لە ڕێی هەر جۆرە شەپۆلێکی گواستنەوە بێت، وایفای یان گەیەنەری کەیبڵ بێت کە ئێستا لە هەموو ئامێرێکی زیرەکدا هەیە.

ئەم جۆرە تۆڕە جێگیرە و فراوانیەکی دیاریکراوی هەیە، کە بە تەواوی لە ناوچەی تایبەت و کەم مەودادا ناسراوە. بۆ نموونە تۆ له ژوورێکدا بیت لەگەڵ چەند هاوڕێیەکتدا، بە کۆمەڵە کۆمپیوتەرێک کاردەکەن کە سەرچاوەی سێرڤەرەکەش لەلای خۆتانە و تایبەتە بە خۆتان و ئەگەر کەسێکیش بیەوێت بەژدار بێت لەگەڵتان دەبێت بێتە نزیک ئێوە و لەگەڵ ئێوە کاربکات! هەر بۆیە زۆرتر لە شو‌ێنەکانی قوتابخانە و زانکۆ و شوێنی کار و پڕۆژەکان بەکاردێت.

باوترین جۆری پەیوەستبوون لە (تۆڕی ڕووبەری ناوخۆیی) دا بریتیە لە شەپۆلی وایفای و ئێزەرنێت، ڕاستی ئێزەرنێت ئامڕازی پەیوەستبوونی گرنگی تۆڕەکەیە و لە جۆرەکانی تری تۆڕی کۆمپیوتەری تریشدا ڕۆڵی گرنگی هەیە، لەوانە Man و Wan، کە هەوڵدەدەین لە بابەتەکانی تردا باسیان بکەین.

جۆری تر له تۆڕی کۆمپیوتەرەکان هەن، گەورەتر هەن و فراوانی زیاتریان هەیە، تۆڕی ڕووبەری ناوخۆیی (Local area network) بچووکترین ڕووبەری ئەو تۆڕە کۆمپیوتەرانەیە کە لە نێوان کەسەکاندا هەیە، گەورەتر هەن کە تایبەتن بە پەیوەندیەکانی شارێک، یاخوود تایبەتن بە پەیوەندیەکانی وڵاتێک! ئیتر ئەمانە جۆر و ناوی تۆڕی ئاڵوگۆڕکردنەکانن.

13 ئازار، 2017
ئاڤاتار
گرنگی بە نوسینەکانی کەی ئای تی ئێن دەدەم. نوسەرانی ئەم تۆڕە دەیانەوێت کوردستانیش بێبەش نەبێت لە تام و چێژی خوێندنەوە بەڵکو کەی ئای تی ئێن ماڵپەڕێکی فێرکار بێت لە ڕووی نوسین و پەرەپێدانی توانای ڕۆژنامەوانی، بۆ کەسان و پێگەی تر.
498