ئای ئۆ ئێس 15, ئازار 2017

نوێترین ئامار لەسەر فرۆشی مۆبایلە زیرەکەکان لە لایەن Kantar Worldpanel بڵاوکرایەوە.

ماڵپەڕی Kantar Worldpanel نوێترین ئاماری خۆی لەسەر بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکان لە کۆمەڵێک وڵاتی جیاواز بڵاوکردەوە و ئامارەکە مانگەکانی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ساڵی پار و مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ دەگرێتەوە. لە ئامارەکەدا هاتووە کە ڕێژەی فرۆشی مۆبایلەکانی ئایفۆن لە هەموو وڵاتان جگە لە ژاپۆن و ئیسپانیا و چین گەشەی کردووە، ڕێژەی فرۆشی مۆبایلەکانی ئەندرۆیدیش لە هەموو وڵاتان زیادی کردووە جگە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەبێت، گەشەی ئەم دوو سیستەمە زەبەلاحە لەسەر شانی سیستەمی ویندۆوز فۆن بووە و ئەم سیستەمە لە تەواوی جیهاندا پاشەکشەی کردووە و بەرەو نەمان دەچێت.

کۆنگرەی جیهانی مۆبایل کە لە شاری بەرشەلۆنە بەڕێوەچوو دەرخەرێکی باشی دۆخی بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکانبوو، کە تیایدا کۆمپانیاکانی نۆکیا و بلاکبێری بە ڕاگەیاندی مۆبایلی تازەی ئەندرۆید زیاتر و بەهێزتر هاتنە ناو کێبڕکێوە و ئەم دوو کۆمپانیایە لە ئێستادا درکیان بەوە کردووە کە باشترین شت بەکارهێنانی سیستەمی ئەندۆیدە و چیتر سیستەمی تایبەت و جیاواز بەکارناهێنن.

لە پێنج دیارترین وڵاتانی ئەوروپا ئەندرۆید ٧٤.٣٪ی بازاڕی داگیر کردووە، کە ئەمەش گەشەیەکی باشە لەچاو ساڵێک پێشتر کە ڕێژەکەی ٧٢.٩٪ بوو، لە بەرامبەردا ڕێژەی فرۆشی ئای ئۆ ئێس ٢٢.٧٪ بووە و مۆبایلی ئایفۆن ٧ لە هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا پڕفرۆشترین مۆبایل بووە.

تێبینی: مەبەست لە پێنج دیارترین وڵاتانی ئەوروپا بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیایە.

پێشپینیش دەکرێت فرۆشی مۆبایلە نوێکانی نۆکیا بە ناوەکانی نۆکیا ٦ و ٥ و ٣ لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا بەرزبێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە نۆکیا هەوادارێکی زۆری لەو ناوچەیە هەیە.

لە وڵاتانی ئیسپانیا و و ئیتاڵیا بە بەراورد بە بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا خەڵک مۆبایلی هەرزانتر دەکڕن و بەتایبەت هەردوو مۆبایلی هواوەی پی ٨ و هواوەی پی ٩ ڵایت لە پڕفرۆشترینەکانن لەو دوو وڵاتە.

باڵادەستی ئەندرۆید لە کیشوەری ئاسیا بەردەوامە و لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا ڕێژەی فرۆشی لە چین ٨٣.٢٪ بووە واتە بە بەراورد بە ساڵێک پێشتر ٩.٣٪ زیادی کردووە و لە بەرامبەردا ئای ئۆ ئێس پاشەکشەی کردووە، لەسەر ئاستی کۆمپانیاکان لە وڵاتی چین هواوەی لە پلەی یەکەمە بە ڕێژەی ٢٦.٦٪ و لە دوای ئەویشەوە هەریەک لە ئەپڵ و شاومی دێن بە ڕێژەکانی ١٦.٦٪ و ١٤.٥٪، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم دوو کۆمپانیایە لە کێبڕكێیەکی بەهێزدان لەگەڵ ئۆپپۆ و ڤیڤۆ کە نزیکن لە ڕفاندنی پلەی دووەم و سێیەم لێیان.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرەڕای دابەزینی ڕێژەی فرۆشی ئەندرۆید هێشتا لە پلەی یەکەمە بە ڕێژەی ٥٦.٤٪، ئای ئۆ ئێسیش ڕێژەکەی بەرزبۆتەوە بۆ ٤٢٪. لەسەر ئاستی کۆمپانیاکانیش لەم وڵاتە ئەپڵ(٤٢٪) و سامسۆنگ (٢٨٪) و ئێڵ جی(١١.١٪) لە پلەکانی یەکەمن.

کرتە بکە بۆ بینینی تەواوی ئامارەکە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ