10
ئاسایشی ئەلیکترۆنی 18, ئازار 2017 بۆچوون

با ئەپی تۆڕی تێلەگرام بناسین، تۆڕە خێرا و پارێزراوەکەی گفتوگۆ کردن

ئێستا لە بەربڵاوترین جۆری ئەپەکان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەپەکانی تایبەت بە گفتوگۆیە کە سەدان هەزار و سەدان ملیۆن بەکارهێنەریان هەیە. فەیسبووک کە لە بەربڵاوترینیانە تۆڕێکی مەزنی کۆمەڵایەتییە، وە لەگەڵ فەیسبووکدا تۆڕێکی تایبەت هەیە بۆ گفتوگۆکان لە فەیسبووکدا، ئەویش بە ناوی مێسنجەر. بەهۆکاری ئەو بەکارهێنەرە زۆرەی فەیسبووکەوە، ئەگەر مێسنجەر لە پێشەنگ نەبێت، ئەوا دوای واتسئاپ پڕ بەکارهێنەرترین تۆڕی گفتوگۆیە.

لە ناو ئەو هەموو تۆڕەدا تێلەگرام هەیە. تێلەگرام لە ماوەی ئەو ٤ ساڵەی تەمەنیدا نەک سەرکەوتن، بەڵکو جێی تۆڕە کۆمەڵایەتییە باوەکانیشی گرتووەتەوە، بگرە باشتریش لە خزمەتی خەڵکدا، ‌لەبەر ئەو خێراییە نایابە و سیستەمی کەناڵەکانی، کە ئێستا دەیان ملیۆن و زیاتر کەناڵەکان هاوشێوەی پەڕی فەیسبووک کاری پۆست و بڵاوکردنەوە دەکەن بەڵام بە شێوەیەکی جیاوازتر..

تێلەگرام نەک هەر خێرایە، بەڵکو لە ئاسایشیشدا بێوێنەیە. بنەمای کارکردنی تێلگرام بە کۆد کراو (ئینکریپت)ـە واتە لە بەکارهێنەری کۆتاییەوە بۆ بەکارهێنەری کۆتایی کۆدەکان دەکرێنەوە لە نێو داتابەیس کۆمپانیاکەدا بەشێوەی کۆد و داخراو کۆدەکان و پەیامەکان دەردەکەوێت تاکوو هاککەر و کەسی سێیەم بە ئاسانی لە پەیامی نێردراو تێنەگات واتە end-to-end.

تێلەگرام لەلایەن دوو برای ڕووسیەوە گەشەپێدرا، کە نیکۆلای دورۆڤ و پاڤێل دورۆڤ بوون، نیکۆلای پڕۆتۆکۆڵی MTP هێنایە بوون، کە پڕۆتۆکۆڵەکان بنچینە و بناغەی سەرەکی هەر تۆڕێکی گفتوگۆو پەیامەکانن. تێلەگرامی بچووک بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە چەند ساڵێکدا گەشەی کرد!

ئاماری گەشەسەندنی تێلەگرام لە ۳ ساڵدا

لەو چەند ساڵەی دوای دامەزراندن، تێلەگرام ورده وردە گەشەی سەند و تیمی تێلەگرام ئامارەکانی چالاکی خەڵکییان بڵاودەکردەوە. ئامارەکانی تێلەگرام له ساڵی ۲۰۱٤ـەوە لە گەشەسەندندان، بەپێی ئامارەکانی ۲۰۱٤ لە مانگی ۳ـدا بەکارهێنەری مانگانە ۳٥ ملیۆن بەکارهێنەر بوون، هەروها پاش ۹ مانگ ڕێژەی بەکارهێنەران بوونەتە ٥۰ ملیۆن و ۱ ملیار پەیام ئاڵوگۆڕ کراون. پاشان دوای ساڵێک ڕێژەی بەکارهێنەرانی چالاک بوونەتە ٦۰ ملیۆن، هەروەها ساڵی پار ڕێژەی بەکارهێنەرانی چالاک نیو هێندە زیاتر زیاتر بوون و بوونەتە ۱۰۰ ملیۆن بەکارهێنەری چالاک، ئەمانە ئاماری گەشەسەندنی تێلەگرامن لە سێ ساڵدا.

تایبەتمەندیەکانی تێلەگرام – هەژمارەکان

هەژمارەکانی تێلەگرام لەسەر بنچینەی ژمارە تێلەفۆنی بەکارهێنەر دەبن، واتا کەسانی دەوروبەر بە ژمارە تێلەفۆنەکان پەیوەندیان پێوە دەکرێت و دەناسرێنەوە. بەکارهێنەر دەتوانێت هەژمارێک لە چەندین ئامێری جیاواز بەکاربێنێت، لە کۆمپیوتەردا، لە مۆبایلێکی تردا..
بەڵام دەسەڵاتی ئەوەش هەیە کە بەکارهێنەر بتوانێت بێ تۆماری ژمارە تێلەفۆن نامە و پەیامەکان ئاڵوگۆڕ بکات.
هەژمارەکان لە هەر کاتێکدا بن دەتوانرێت بسڕدرێنەوە، وە سڕینەوەی خۆکارانە لە تێلەگرامیشدا هەیە، ئەویش بۆ ئەو هەژمارانەیە کە بۆ ماوەی ٦ مانگ ناچالاکن و لەلایەن تێلەگرامەوە بە شێوەی خۆکارانە دەسڕدرێنەوە.

تایبەتمەندیەکانی تێلەگرام – کەناڵەکان

ئەوەی تێلەگرام جیادەکاتەوە لەوانی تر، تایبەتمەندی کەناڵەکانە. کەناڵەکان لە تێلەگرامدا دەتوانرێن دروستبکرێن بۆ پۆستکردنی ڕاستەوخۆی نامەکان بۆ بینەر، نەک تەنها نامە، دەتوانیت هاوشێوەی پەڕێکی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان مامەڵە بکەیت بەوەی دەتوانیت پەڕگەی دەنگی، وێنە، ڤیدیۆ، هەموو جۆرە دۆکیۆمێنتێک بنێریت زۆر بە ئاسانی و خێرایی. ئەوانەی بەشداری کەناڵەکان دەکەن دەتوانن ئەو پۆست و بڵاوکراوانە ببینن، جا لە کەناڵەکاندا، هەرگیز هیچ بڵاوکراوەیەکت لە دەستناچێت! هەروەها ڕێژەی ئەندامبوون لە کەناڵەکاندا بێسنورە.

لە ژێر هەر بڵاوکراوەیەکدا، ڕێژەی بینین هەیە، کە ئاخۆ چەند کەس پۆستەکە یان نامەکەیان بینیوە، تایبەتمەندی نایاب لە کەناڵەکاندا ئەوەیە کە بەکارهێنەر دەتوانێت هەموو ئەو شتانە ببینێت کە لە کەناڵەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، واتا مەبەست لێرەدا ئەوەیە سیستەمی چالاکی لە تێلەگرامدا بوونی نیە و ئەگەر بتەوێت هەر پۆستێک یان شتێک ببینیت دەتوانیت کرتە لە هەر کەناڵێک بکەیت کە دەتەوێت. شێوازی بەشداری کردن له کەناڵەکاندا ئاسانە، ئەویش بە کرتە کردن لە بەستەری کەناڵەکە و بەشدار بوونی ڕاستەوخۆ لە ڕێی Joinـەوە.

تایبەتمەندیەکانی تێلەگرام – بیرگەی بنچینەیی

لە تێلەگرامدا دەتوانرێت زانیاری و پەیام و پەڕگەکان بپارێزرێت و هەڵبگیرێت لەلایەن بەکارهێنەر خۆیەوە، ئەویش لە ڕێگەی بیرگۆکەیەک له هەژمارەکەیدا ک ڕێگەت دەدات شتەکانی تێدا بهێڵیتەوە و بنێردرێت بۆی و دەتوانیت هەر جۆرە زانیاریەک زەخیرە بکەیت کە بتەوێت، بێ ئەوەی کەس بیبینێت (کە پەڕگەی زیاتر لە قەبارەی ۱.٥ گێگابایت دەگرێتە خۆی). هەموو زانیاریەکان بەکۆدکراون.

تایبەتمەندیەکانی تێلەگرام – Bot

لە مانگی ٦ـی ساڵی ۲۰۱٥ـدا، تێلەگرام تایبەتمەندی Botـی بڵاوکردەوە. Bot هەژماری کەسی سێیەمی گەشەپێدەرن، کە لە ڕێگەی پڕۆگرامەکانەوە دێنە بوون، کە دەتوانرێت تێیدا وەڵامی پرسیارەکانی تێدا بدرێتەوە و چالاکی و گفتوگۆی کۆمپیوتەری تێدا بکرێت، کە هەروەک یارمەتیدەرێک و شتێکی بەجۆش وایە. نموونەی نایابی Bot ڕاپرسیەکانن، کە دەتوانیت ڕاپرسیەک لەسەر هەر شتێک درووستبکەیت و لە کەناڵێکدا (کە تێیدا ئەدمینیت) بڵاویبکەیتەوە و خەڵکی دەنگی خۆیان بدەن.

تایبەتمەندیەکانی تێلەگرام – گفتوگۆی نهێنی

دەسەڵاتی ئەوەش هەیە کە بەکارهێنەر پەیامەکانی بە شێوەی Cilent-to-Cilent بنێرێت کە پێی دەوترێت گفتوگۆی نهێنی، ئەم جۆرە گفتوگۆیە لە هەندێ لە ئەپ و تۆڕەکانی تریشدا هەیە، کە دەتوانرێت پەیامەکان ئاڵوگۆڕبکرێن بێ ئەوەی بچنە ناو هیچ جۆرە سێرڤەرێکی دەرەکی کە لەلایەن تێلەگرامەوه بەکۆدکراون کە تەنها لەسەر ئامێرەکان مامەڵەی پێدەکرێت، ئەمەش لە پێناوی نەبوونی هیچ مەترسیەکی دزەکردنی زانیاری تاکەکەسی و گرنگ.

تایبەتمەندیەکانی تێلەگرام – ڕووکارەکان

لەم دواییانەدا و له نوێکردنەوەکانی تێلەگرام تایبەتمەندی ڕووکارەکان زیادکرا، ڕووکارەکان لە تۆڕەکانی پەیوەندی کەم وێنەن و تێلەگرام لەم نێوەندەدا پێشەنگە. ڕووکارەکان لە تێلەگرامدا خۆیان لە سەدان و هەزار ڕووکار دەبیننەوە بۆ کۆمپیوتەرەکان، هەروەها ڕووکارەکان له مۆبایلەکانیشدا توانای گۆڕینیان هەیە بە شێوەی دڵخوازی خۆت، یاخوود شێوەی تر. لە کۆتا وەشاندا بەشی ڕێکخستنی ڕووکارەکان زیادکراوە، کە بەکارهێنەر دەتوانێت بە هۆی دیاریکردنی ڕەنگەکانەوە، ڕەنگ و ڕووکاری دڵخوازی خۆی هەبێت، زۆر بە خێرایی و ئاسانی. وە لە بەشی Themeی ئەپەکەدا دوو جۆر ڕووکار زیادکراوە، ئەوانیش ڕەنگی ڕەش و شینن، کە یارمەتی بەکارهێنەر دەدەن لە هەندێ کەشی تایبەتدا یاخود بە دڵخوازیی خۆیان هەردوو ڕەنگەکە بەکاربهێنن.


تایبەتمەندیەکانی تێلەگرام – سڕینەوەی نامەکان

لە وەشانی ۳.۱٦ بەرەو سەرەوەی تێلەگرام، تایبەتمەندی سڕینەوەی نامەکان هەیە لەگەڵ هاوڕێیان، ئەمەش تایبەتمەندیەکی پێویستە و لە هەموو تۆڕەکانی گفتوگۆدا نیە. بەکارهێنەر دەتوانێت نامەکانی لای کەسی بەرامبەر بسڕێتەوە پێش بەسەرچوونی ٤٨ کاتژمێر بەسەر نامەی ڕۆشتوو.. لە گرووپەکانیشدا تایبەتمەندیەکە هەیە، کە بێ کات و سات و لە هەرکاتێکدا بتەوێت دەتوانیت نامەکەت بسڕیتەوە.

تایبەتمەندیەکانی تێلەگرام – ستیکەرەکان

هاوشێوەی هەر تۆڕێکی تر، تێلەگرام خاوەنی (ئیمۆجی) بە شێوەیەکی جیاواز و ڕوون، جگە لە ئیمۆجیە بچووکەکان چەندین ئیمۆجی و ستیکەری تر هەیە کە دەتوانرێت دابگیرێن، هەروەها بەکارهێنەرێکی ئاسایی دەتوانێت ستیکەری تایبەتی خۆی درووستبکات.

لەبەرچی تێلەگرام؟

پارێزراو
تێلەگرام پارێزراوە و نامەکان بە کۆدکراون.

زانیاری بنچینەیی
تێلەگرام دەتوانێت لە دوو ئامێری جیاواز یان زیاتر بتناسێتەوە و هەژمارەکەت کارابکات.

خێرا
‌تێلەگرام خێراتر نامە و پەیامەکان دەگوازێتەوە وەک لە تۆڕەکانی تر.

ئاسایش
تێلەگرام ڕێگەی جیاوازی گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی زانیاریەکان لە هاککەران.

وە زیاتر هەروەکو ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێداون

تێلەگرام هەمیشە لە نوێبوونەوەدایە، هەروەها لە بەرنامەدایە کە تایبەتمەندی پەیوەندی تێلەفۆنی زیادبکرێت بۆ تۆڕەکە. زۆرترین بەکارهێنەرەکانی لە مۆبایلەکاندایە بە تایبەتی مۆبایلەکانی سیستەمی ئەندرۆید، ڕابردوودا بەڕێوبەری تێلەگرام ئەوەی ئاشکراکردووە، کە %٨٥ی بەکارهێنەری تۆڕەکەی لەسەر سیستەمی ئەندرۆیدن، بۆیە هەرگیز ناوەستن لە گەشەپێدانی ئەپەکەیان بۆ ئامێرەکان و بەتایبەتیش ئامێرەکانی ئەندرۆید.. تێلەگرام لەسەر سیستەمەکانی ویندۆوز و ئای ئۆ ئێس و ماک و ئەندرۆید و ئوبونتۆ تەچ و لینۆکس و ویندۆوز فۆن بەردەستکراون، لەخوارەوەش بەستەرەکانی داگرتن هەیە و تێلەگرام دابگرە.

ئامارەکان: ویکیپێدیا

تاگەکان تێلەگرام
بۆچونی تۆ