دیمانە

دیمانە لەگەڵ بەڵێن عبدالله دەربارەی کارەکانی یەکەم یاری ڤیدیۆیی کوردی بە ناوی One More Step

لە دیمانەی ئەم جارەمان پێم باشبوو لەگەڵ گروپێکی لێهاتوو و بەتوانا کە ئەویش گروپی کوردیفایە گفتوگۆ بکەم دەربارەی کار و پڕۆژەکانیان بە تایبەت کە ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی پڕۆژەی One More Step ـن کە پڕۆژەکە بریتییە لە یارییەکی ڤیدیۆیی بۆ ئامێرەکانی یاریکردن، بفەرموون خوێنەری دیمانەکەبن.

وەک دەزانین ناوی گروپەکەتان کوردی فای ـە ئەم ناوەتان لە چییەوە هاتووە؟ واتای چییە گەر بکرێت کورتە باسێکی دامەزراندن و ئامانجتان بکەن؟

ناوی كوردفای ئاوێتەكردنی ناوی (كورد)ـە لەگەڵ پاشگری (ify)ـی ئینگلیزی بۆ بەخشینی مانای بەكوردیكردنی تەكنەلۆژیای سەردەم. لێرەدا مەبەستمان ئەوەیە كەوا نەتەوەی كورد ماوەیەكی زۆرە دابڕاوە لەو پێشكەوتنە تەكنەلۆژییە سەردەمییەی كە وڵاتانی پێشكەوتوو ئەنجامیانداوە و بە بەردەوامیش ئەنجامیان دەدەن، بۆیە ئێمەش دەمانەوێت كە كورد هاوهەنگاوبێت لەگەڵ وڵاتان و نەتەوە پێشكەوتووەکان لە ڕووی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیایی و هونەری ئەلیكترۆنییەوە.

دەتوانن پێناسەیەکی کورتی پڕۆژەی One more step بکەن؟ چۆن بوو بیرتان لە پڕۆژەیەکی وا کردووە؟

لە مانگی ١٠ـی ٢٠١٣ـدا من (بەڵێن عبدالكریم)، و هاوڕێیەكی یەكجار خۆشەویستم (شكار طیب نوری)، لە كاتی تەماشاكردنی ڤیدیۆكانی چۆنیەتی دروستكردنی یارییەكی ئەلیكترۆنی ناسراو بە God of War، چەند شتێكمان بینی كە زۆر سەرمانیان سووڕماند! یەك لەوانە ئەو توانا پێویستانە بوو بۆ دروستكردن و گەشەپێدانی یارییەكی ئەلیكترۆنی لەو جۆرە… فێربووین كەوا ئەو شتانەی پێویستن بۆ پەرەپێدانی یارییەكی ئەلیكترۆنی زۆر سادەترو ئاسانترن وەك لەوەی چاوەڕێ دەكرێت لەو ووڵاتە پێشكەوتووانەدا. ئێمەش ویستمان ئەو تاقیكردنەوەیە بهێنینە ئێرە و ویستمان بزانین كە ئاخۆ توانای گەنجانی كۆمەڵگەی ئێمە دەگاتەوە بە توانای ئەوان لەكاتێكدا هیچ لەو كەرەستە و پێداویستییە ئاسانكەرانەمان لەبەردەستدا نییە كە ئەوان لەبەردەستیانە؟ لەماوەی نزیكەی ١ ساڵدا بۆمان دەركەوت كە بەڕاستی توانایەكی شاردراوەی زۆری گەنجان پشتگوێ دەخرێت كە دەكرێت ببنە توانایەكی نموونەیی بۆ گەنجان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو كیشوەری ئاسیاشدا. بۆمان دەركەوت كە نەك دەكرێت پرۆژەكانی ئەوان دروستبكەینەوە، بەڵكو دەتوانین داهێنانیش بكەین لەپرۆژەی نوێدا! لەوێوە بەچەند تاقیكردنەوەیەكدا رۆشتین و كۆمەڵێك بیرۆكەی جیاواز جیاوازمان تاقیكردەوە بۆ ئەوەی بزانین كە ئاخۆ ئەو شتە چییە كە دەمانەوێت دروستی بكەین. ئایا دەمانەوێت یارییەك دروست بكەین كە دووبارەبوونەوەی یارییە بەناوبانگاكانی ترە بەڵام داهێنانی تێداكرابێت؟ ئایا دەمانەوێت یارییەك دروست بكەین كە تەنها چەند شتێكی دیاریكراوی تێدابكرێت بۆ تاقیكردنەوەی تواناكانمان؟ یاخود دەمانەوێت یارییەك دروستبكەین كە بەتەواوی نوێ بێت و هەرگیز شتێكی وا نەكرابێت، نەك تەنها لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكو لەهەموو جیهاندا! بۆیە بڕیارماندا كە پرۆژەی One More Step بخەینە كارەوە، كە ئەویش لەباسی جیهانێكی وێرانكراو دەكات بەچەكی بایۆلۆژی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش و كاریگەری ئەو وێرانكارییە لەسەر گشت كۆمەڵگاكانی گۆی زەوی.

ئەنجامدەرانی ئەم پڕۆژەیە چەند کەسن؟ هەر یەکەتان کارتان چییە؟

تیمەكەمان لە 12 كەس پێكدێت كە لە لەچەند شارو شارۆچكەیەكی جیاوازی كوردستانەوە كاردەكەن و لەڕووی پەیوەندی سەرهێڵەوە پەیوەندیمان هەبووە لەگەڵ یەكتریدا بۆ ئەنجامدانی كارەكانمان. تا ئێستا چەند ئۆفیسێكمان هەبووە بەڵام بەهۆی نەگونجانیان لەگەڵ باری كاركردنی ئێمەدا بەجێمان هێشتوون و بڕیارمان داوە هەرلایەنێكمان لەو شوێنەوە كاربكات كە بۆخۆی گونجاوترینە.

  • 1 كارمەندمان كار دەكات لەسەر تەواوی كارە پرۆگرامسازییەكان و پەرەپێدەرێتی پرۆژەكە و ڕێكخستنی كاری كارمەندانی بەشەكانی تر لەگەڵ پرۆژەكە خۆیدا.
  • 1 كارمەند بەڕێوەبەری بەشی ئەنیمەیشنە و كاردەكات لەسەر ڕێكخستنی جووڵەی كارەكتەر و شمەكی ناو پرۆژە.
  • 1 كارمەند بەڕێوەبەری بەشی دەنگە و سیستەم و شێوازی دەنگی پرۆژەكە بەتەواوی ڕێكدەخات.
  • 2 كارمەند كاردەكەن لەسەر دروستكردنی كارەكتەرە 3Dـییەكانی ناو پرۆژە.
  • 3 كارمەند كاردەكەن لەسەر دروستكردنی مۆدێل و كەرەستە و نەخشەی 3D پرۆژە.
  • 2 كارمەند كاردەكەن لەسەر دروستكردن و ڕێكخستنی دیزاینی 2D پرۆژە.
  • 1 كارمەند پرۆگرامسازە لەسەر پرۆژە و یاریدەدەری راستەوخۆی بەڕێوەبەری بەشی پرۆگرامسازییە.
  • 1 كارمەند كاردەكات لەسەر بەڕێوەبردنی پرۆژەو كارمەندان و شێوازی كاركردن لە كۆمپانیا و لەسەر پرۆژە.

چیرۆکی یارییەکە باس لە چی دەکات؟ کەسایەتی شەڕکەری نێو یارییەکە چۆنە و ئامانجی چییە؟ ئایا نەخشەی یارییەکەش هەر لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دایە یان شوێنی دیکەیە؟

چیرۆکی پرۆژەی One More Step باس لەجیهانێکی شێواو دەکات بەچەکی بایۆلۆژی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش. لەم پرۆژەیەدا دەریدەخەین کەوا کاریگەری ئەم دڕندەییە تەنها لەسەر ناوچەکانی عێراق و سوریا نابێت، بەڵکو هەموو جیهان کاریگەر دەبێت بەو کارەی کە ئەم ڕێکخراوە ئەنجامی دەدات. ڕۆڵی سەرەکی دراوە بە خوێندکارێکی کورد، کە لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی کاریگەری چەکە بایۆلۆژییەکە ئەو هەرزەکارێکە و تەمەنی ١٦ـە ساڵە، بەڵام لەگەڵ بەسەرچوونی چیرۆکەکەدا، ئەویش گەورە دەبێت و تاکو تەمەنی ٢٦ ساڵی ئەو کەسەی کە یاری پێدەکات لەگەڵیدا دەبێت. پلانمان وایە کە لەهەر یەک لە ٤ پارچەی کوردستاندا، شارێک هەڵبژێرین و ناوچەیەکی ئەو شارە بکەینە ئامڕازی ئەو پارچەیە. وە هەروەها لە ٦ ناوچەی تری دەرەوەی هەرێم و ووڵاتانی دەوروبەر و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەرەکانی تر کاریگەرییەکانی کارە تیرۆرستییەکانی داعش دەردەخەین.

لەگەڵ چ کۆمپانیایەکی دەرەکی ڕێککەوتن بۆ یارمەتیدانتان؟ چۆن کەرەستەکانتان دەستکەوتووە؟

سەرەتا ویستمان لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەناوبانگی تێلیكۆمیونیكەیشن ڕێكبكەوین بۆ ئەوەی ئەوان پەرەبدەن بە پرۆژەكەمان لەڕووی داراییەوە، بەڵام بڕیارمان دا كە كۆمپانیای خۆمان دروست بكەین و 2 كارمەندی ئەو كاتەی ئەو كۆمپانیایە ببنە بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكەمان. بۆیە ئێستا بەتەواوی سەربەخۆین و بەهەموو شێوەیەك پشتمان بەخۆمان بەستووە لە هەموو ڕوویەكەوە.

لە ئێستادا پڕۆژەتان تەنها One More Step ـە؟ یاخوود لە داهاتوودا پڕۆژەی هاوشێوەتان دەبێت؟

لە ئێستادا هەموو جەختێکمان لەسەر پرۆژەی One More Stepـە. بەڵام ئەمە مانای ئەوەنییە كە تەنها شت كە گرنگی پێبدەین ئەم پرۆژەیە بێت، بەڵكو پلانی ئێمە ئەوەیە كە سەركەوتنی ئەم پرۆژەیە بەكاربهێنین بۆ رەخساندنی هەلی كار و هەلی داهێنانی زیاتر بۆ پرۆژەی هاوشێوەی ئەم پرۆژەیەی ئێمە و گرنگیدان بەو كەسانەی كە خاوەن ئەو جۆرە بڕوانامانەن كە پەیوەندییان هەیە بەو كارانەی كە ئێمە دەیكەین و هەلی كار بڕەخسێنین لەكەرتی تایبەتدا لەو كۆمپانیایانەی كە هاوئامانجی ئێمەن بۆ كەسانی بەتواناو شارەزا لەم بوارەدا. وە هەروەها پلانیشمان وایە كە ئەم پرۆژەیە لەدوای دەرچوونی گرنگییەكی تەواوی پێبدەین و بەبەردەوامی نەخشە و چەك و پێكهاتەی نوێی بۆ بڵاوبكەینەوە بەبێ بەرامبەر هەتا خەڵك بەردەوام بن لە یاریكردن پێی.

 ئایا زمانی کوردی بەردەست دەبێت لە یارییەکەدا؟ هەروەها یارییەکە چەند زمانی دیکەی تێدایە؟

مەبەستی سەرەکیمان لەدروستکردنی ئەم یارییە ئەوەبوو کە دەری بخەین کە نەتەوەی کوردیش توانای تەواوی هەیە لە بەشداریکردن لەپێشکەوتن لەبواری دروستکردنی پرۆژەی هاوشێوە، وە نەبوونی زمانی کوردی ڕێگرییەکی گەورە دەبێت لە نیشاندانی ئەو مەبەستمان. بۆیە بێگومان زمانی کوردی پەرەیەکی زۆری پێدراوە لەم پرۆژەیەدا (بەدڵنیاییەوە زمانی کوردی بەردەست دەبێت) و لەهەمان کاتیشدا زمانی ستانداردی جیهانی (ئینگلیزی)ـش بەکارهاتووە. وە لەپلانماندایە کە زمانی (عەرەبی)ـش بەکاربهێنین بەهۆی ئەوەی کە ئێمە پرۆژەکەمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەرکەوتووە. وە بەبەردەوامیش دەتوانین زمانی تریشی بۆ زیادبکەین لەدوای ئەوەی کە پرۆژەکەمان بڵاوکردۆتەوە.

کارەکتەرەکان بە چ زمانێک قسەدەکەن؟

كارەكتەرەكان بەهەردوو زمانی كوردی و ئینگلیزی قسە دەكەن، بەڵام زمانی عەرەبی تەنها لەنووسینەكان و ژێرنووسدا دەردەكەوێت.

نرخی یارییەکە چەند دەبێت؟ خەڵکی خۆمان چۆن دەتوانێت یارییەکە بکڕێت یاخوود دایبگرێت!

بۆ نرخ جارێ بڕیاری کۆتاییمان نەداوە. ئەوە بۆ بەشی مارکێتینگ دانراوە کە لەکۆتایی ئامادەبوونی پرۆژەدا بڕیاری لەسەر بدات. بەڵام لەوە دڵنیاین کە ئەو نەخشە و چەک و بابەتە گرنگانەی کە کاریگەری دەکەنە سەر دوا وەشانی پرۆژە و یارییەکە خۆی، بەخۆڕایی بڵاویان دەکەینەوە بۆ هەر کەسێک کە یارییەکەی کڕیبێت. وە ئەوپەڕی هەوڵمان دەدەین کە بەهەردوو شێوەی دیجیتاڵ و فیزیکاڵ ـیش بڵاوی بکەینەوە. هەوڵی ئەوەشمان داوە کە بۆ بازاڕی کوردی زۆر ئاسان بێت بۆ بەدەستهێنانی، ئەویش لەڕێی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی تێلیکۆمیونیکەیشن (جارێ بڕیارنەدراوە لەسەر ئەوەی دەمانەوێت لەگەڵ کام کۆمپانیا ڕێکبکەوین). وە پلانیشمان وایە كە بڵاوكردنەوەی پرۆژەكە لەچارەكی چوارەمی ساڵی ٢٠١٧ یاخود چارەكی یەكەمی ٢٠١٨ بێت بۆ ئامێرەكانی كۆمپیوتەر لەسەرەتادا، پاشان ئامێرەكانی پلەیستەیشن ٤ و ئێكسبۆكس وەن لەدوای وەرگرتنی مۆڵەتی كۆتایی لە هەردوو كۆمپانیای سۆنی و مایكرۆسۆفت، یەك لەدوای یەك.

هەرشتێکی تری زیادە هەیە دەتەوێت لێرەوە بیلێیت ئەوە بفەرموو…

پێم خۆشە بڵێم كەوا وەك خوێنەرێكی هەمیشەیی بابەتەكانتان و كەسێك كە زۆر بەپەرۆشەوە ئەو بابەتانە دەخوێنێتەوە كە KITN ڕێكیان دەخات، زۆر خۆشحاڵم بەگرنگیدانتان بە پرۆژەكەمان و ئەو حەزو ئارەزووەی كە ئێمە وەك كۆمەڵێك گەنجی بەپەرۆش هەمانە كە خولیا و حەزو ئارەزوومان یاری ئەلیكترۆنی و داهێنانە لەو بوارەدا نەك تەنها لە كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكو لەسەرتاسەری جیهاندا. زۆر سوپاس.

19 ئازار، 2017
ئاڤاتار
نوسەر و بەڕێوەبەری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانم لە کەی ئای تی ئێن، لە بواری تەکنیکی پێگەکان و بەڕێوەبردنی پەیج و هەژمارەکانی دیکەدا کاردەکەم، خوێندكاری قۆناغی چوارەمی زانستی كۆمپیوتەرم. پەیداکردنی ئەزموونی زیاتر لە بواری سۆشیاڵ میدیادا خولیای منە و لەم پێگەیەوە دەمانەوێت ئێوە ئاشنا بکەین بە جیهانە جوانەکەی تەکنەلۆژیا. کرتە لە ناونیشانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانم بکەن لە وێنۆچکەکانی دەستە چەپدا.
246