ئەندرۆید 24, ئازار 2017

بەراوردێک لە نێوان مۆبایلەکانی Samsung Galaxy S6 و (Samsung Galaxy A5 (2017

ئەم بەراوردە لە نێوان مۆبایلێکی ئاست بەرز(flagship)ی کۆن و مۆبایلێکی ئاست مام ناوەند(mid ranger)ی تازەی هەمان کۆمپانیادایە کە نرخیان لە یەکتر نزیکە و ئەم حاڵەتەش بۆ زۆربەی کۆمپانیاکان گونجاوە هەروەک P8 و Nova Plusی هواوەی و Xperia Z3 و Xperia XAی سۆنی، و بێگومان لەم جۆرە بەراوردانەدا هەریەک لە دوو مۆبایلەکە لایەنی باش و خراپی خۆیان دەبێت بەرامبەر بەوەی تر.

مۆبایلی Galaxy S6 لە کاتی دەرچوونی ئاست بەرزترینی سامسۆنگ بووە و لوتکەی پێشکەوتوویی بووە لای کۆمپانیاکە بەڵام لە ئێستادا و دوای تێپەڕینی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر بەردەست بوونیدا مۆبایلی نوێی (Galaxy A5 (2017 ڕکابەرییەکی باشی دەکات ئەمەش بەهۆی نزیکی نرخ و قەبارەیان لە یەکتر و بەهۆی تایبەتمەندییە باشەکانی A5ە نوێیەکە.

هێز و خێرایی: مۆبایلی Galaxy S6 بە پرۆسێسەری Exynos 7420 و A5ە نوێیەکە بە پرۆسێسەری Exynos 7880 کار دەکەن، یەکەی چارەسەری ناوەندی S6 کەمێک بەهێزترە بەهۆی بوونی چوار ناوکی Cortex-A57 و چواری Cortex-A53 لە کاتێکدا ناوکەکانی (A5 (2017 هەمووی لە جۆری Cortex-A53ن، بەڵام لە لایەنی گرافیک و یاری کردندا باڵادەستی S6 بە ئاشکرا دیارە ئەمەش بەهۆی بوونی یەکەی چارەسەری گرافیک لە جۆری Mali-T760 MP8 بەرامبەر Mali-T830  MP3 لە (A5 (2017.

هەردوو مۆبایلەکە خاوەن ٣ گێگابایت ڕامن.

بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی هێز و خێرایی مۆبایلە ئەندرۆیدەکان دەتوانن خوێنەری ئەم بابەتەبن.

براوە: S6

کامێرای سەرەکی: کامێرای ئەم مۆبایلانە لە ڕوونی(بە ١٦ مێگاپیکسڵ) و تیرەی چاوی کامێرا(1.9/f) هاوتان بەڵام کامێرای مۆبایلی S6 بەهۆی تایبەتمەندی Optical Image Stabilization و توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆ بەڕوونی 4K باشترە.

براوە: S6

کامێرای پێشەوە: هەرچەندە کامێرای پێشەوەی دوو مۆبایلەکە هەمان تیرەی چاوی کامێرایان هەیە بەڵام کامێرای (A5 (2017 ڕوونییەکی زۆر زیاتری هەیە(١٦ مێگاپیکسڵ بەرامبەر ٥ مێگاپیکسڵ).

براوە: (A5 (2017

دیزاین و لاشە: هەرچەندە A5ە نوێیەکە ئەستورتر و قورسترە لەچاو S6 بەڵام بڵندگۆکەی دەکەوێتە لای ڕاستی مۆبایلەکە کە جێگایەکی زۆر دەگمەن و گونجاوە، هەروەها لاشەی ئەم مۆبایلە پارێزراوە لە ئاو و تۆز بەهۆی بڕوانامەی IP68، شایەنی باسیشە کە بە پێچەوانەی S6 کامێراکەی هیچ هەڵتۆقیوییەکی نییە کە دەکرێت ببێتە هۆی زیان گەیشتن بە کامێراکە.

براوە: (A5 (2017

ڕونما: ڕونمای هەردوو مۆبایلەکە لە جۆری Super Amoledە و بە شوشەی Corning Gorilla Glass 4 پارێزراون، ڕونمای S6 ڕوونییەکەی بەرزترە بەڵام ڕونمای A5ە نوێیەکە کەمێک گەورەترە و مۆبایلەکە خاوەن تایبەتمەندی Always on displayیە بەشێوەیەک کە دەتوانیت ڕونمای مۆبایلەکە هەموو کاتێک بە کارکردوویی بهێڵیتەوە بۆ بینینی کات و ئاگادارکردنەوەکان.

براوە: یەکسانبوون

تەمەنی پاتری: لەم ڕووەوە هەموو شتەکان لە بەرژەوەندی (A5 (2017دان، پاترییەکی زۆر گەورەتر، پرۆسێسەرێکی بنیاد نراو لەسەر پرۆسەیەکی زۆر پێشکەوتوو کە وزە کەم بەکار دەبات، ڕوونییەکی کەمتری ڕونما کە وزە کەمتر بەکار دەبات، هەر بۆیە تەمەنی پاتری A5ە نوێیەکە زۆر باشترە.

براوە: (A5 (2017

لە ئێستادا S6 لەسەر وەشانی ٧.٠ نوگەت کار دەکات بەڵام وەشانی ٨ی پێ ناگات، لە بەرامبەردا A5ە نوێیەکە لەسەر وەشانی ٦.٠.١ ماڕشمێڵۆو کار دەکات و لە داهاتوودا وەشانەکانی ٧ و ٨یشی پێدەگات، یەکێکی تر لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی A5ە نوێیەکە کە لە S6دا نییە پشتگیری کردنە لە بیرگەی دەرەکی، هەردوو مۆبایلەکە خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆرن و پشتگیری لە نەوەی چوارەمی تۆڕەکانی ئینتەرنێت دەکەن.

باڵادەستییەکانی (Galaxy A5 (2017:

• کامێرای پێشەوە

• تەمەنی پاتری

• هەبوونی پارێزگاری بەرامبەر ئاو و تۆز

• پشتگیری بیرگەی دەرەکی

• پشتگیری نوێکردنەوەکانی سیستەم بۆ ماوەیەکی زیاتر

باڵادەستییەکانی Galaxy S6:

• توانایەکی زیاتر لە لایەنی گرافیک و یارییە ڤیدیۆییەکان

• کامێرای سەرەکی

بۆچونی تۆ