ئەندرۆید
27, ئازار 2017
کۆمپانیای HMD Global بەنیازە مۆبایلە تازەکانی نۆکیا بخاتە بازاڕەکانی ١٢٠ وڵاتەوە

دوای تێپەڕینی نزیکەی مانگێک بەسەر کۆنگرەی جیهانی مۆبایلدا کۆمپانیای HMD Global پلانەکانی خۆی بۆ مۆبایلە نوێکانی نۆکیا ٣ و ٥ و ٦ خستەڕوو و ئاماژەی بەوەکرد کە بەنیازن مۆبایلەکان لە بازاڕەکانی ١٢٠ وڵاتی جیهان بخەنە بەردەست کڕیاران.
هەرچەندە کاتی بەردەستبوونی مۆبایلەکان لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر جیاواز دەبێت بەڵام لە کۆتاییدا مۆبایلەکان لە ماوەی چارەکی دووەمی ئەمساڵدا لە هەموو وڵاتە دیاریکراوەکان بەردەست دەبن، چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش کۆمپانیای Clove ڕایگەیاند کە لە ڕێگای ئەوانەوە مۆبایلەکانی نۆکیا ٣ و ٥ لە مانگی ئایار و نۆکیا ٦ لە مانگی حوزەیران لە بەریتانیا بەردەست دەبن.
شایەنی باسیشە کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا Nokia Mobile لە وەڵامدا بۆ پرسیاری کۆمەڵێک لە شوێنکەوتووانیان لە هەژماری تایبەت بە خۆیان لە تویتەر بەردەستبوونی مۆبایلە نوێکانیان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتڕاست کردەوە.
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.