ئەپ و نەرمەکاڵا 30, ئازار 2017

لە نوێترین وەشانی تێلگرامدا تایبەتمەندی پەیوەندی دەنگی زیاد کراوە

دوای چەندین مانگ کارکردن لەسەر تایبەتمەندی پەیوەندی دەنگی ئەمڕۆ چاوەڕوانی بەکارهێنەرانی تۆڕی تێلگرام کۆتایی هات و لە نوێترین وەشانی ئەپەکەدا تایبەتمەندییەکە کەوتە بەردەست بەکارهێنەرانی دانیشتووی ڕۆژئاوای ئەوروپا و بەم زووانەش لە تەواوی جیهان بەردەست دەبێت.

هەرچەندە ئەم تایبەتمەندییە لە ئەپی زۆرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدی دەکرێت بەڵام لە تۆڕی تێلگرام کۆمەڵێک بەرەوپێشچوون و جیاوازی هەیە بەرامبەر ڕکابەرەکانی.

هەروەک چۆن نامەکانی ناو تێلگرام پارێزراو و بە کۆد کراون پەیوەندییە دەنگییەکانیش بە هەمان شێوە پارێزراو دەبن لە هاککەران و مەترسی دزەکردنی زانیارییە تایبەتییەکان، لایەنێکی گرنگی تری تۆڕی تێلگرام خێراییە لە گواستنەوەی نامەکان بەهۆی بوونی کۆمەڵێک ڕاژە(server) لە ناوچە جیا جیاکانی جیهاندا و لەمەودوا ئەم ژێرخانە لە پێناو دابینکردنی خێرایی بۆ پەیوەندییە دەنگییەکانیش بەکاردێت، هەروەها تێلگرام کار لەسەر ئەوە دەکات کە لە مانگەکانی داهاتوودا تۆڕی ڕاژەکانی فراوانتر بکات و خێرایی زۆری گواستنەوەی نامە و پەیوەندییەکان بۆ ناوچەی زیاتر دابین بکات.

یەکێکی تر لە لایەنە زۆر پێشکەوتووەکانی تێلگرام بەکارهێنانی زیرەکی دەستکردە بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ پەیوەندییەکەت بە هێڵی ئینتەرنێتەوە بۆ دابین کردنی پەیوەندییەکی ئاست بەرز و گواستنەوەی دەنگ بە باشترین شێوە لە نێوان لایەنەکان، بە وتەی تێلگرام پەیوەندییەکانی ئەم تۆڕە باشترن لە هی ڕکابەرەکانی.

هەروەها بۆ ڕێگری کردن لە بێزار کردنت دەتوانیت دیاری بکەیت کە کێ دەتوانێت پەیوەندیت پێوە بکات، هەروەها دەتوانیت پەیوەندییەکان بە تەواوی ڕابگریت و ناچالاکیان بکەیت، ئەمە جگە لەوەی بەکارهێنەر دەتوانێت بۆ بەکاربردنی دراوە(data)یەکی کەمتر جۆرایەتی دەنگی پەیوەندییەکان نزم بکاتەوە.

 

 

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ