10
ئەپڵ 3, نیسان 2017 بۆچوون

ئەندرۆید بۆ یەکەمجار لەمێژوودا دەبێتە پڕ بەکارهێنراوترین سیستەم بۆ گەڕانکردن لە ئینتەرنێتدا.

بیرتانە کە تەنها لەڕێگەی کۆمپیوتەرە کەسییەکانەوە دەمانتوانی ئینتەرنێت بەکاربهێنین؟ بێگومان ئەمە زۆری نەکێشا و مۆبایلەکان پەیدابوون و وردە وردە توانرا لەڕێگە مۆبایلەوە ئەم کارە بکرێت بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەوەیە هەتا مانگی ڕابردووش پڕ بەکارهێنراوترین سیستەم بۆ گەڕانکردن لە ئینتەرنێت ئەوا سیستەمی ویندۆزبووە.

بەگوێرەی دوایین ئاماری کۆمپانیایەکی توێژینەوە بەناوی StatCounter، سیستەمی وەگەرخەری ئەندرۆید بۆ یەکەمجار لە مێژوودا سەردەکەوێت بەسەر ویندۆزدا لەڕووی گەڕانکردن لە ئینتەرنێتدا. لەمانگی ٣ دا ئەندرۆید ٣٩.٩٣%ی ترافیکی وێبی بۆ خۆی بردووە لەکاتێکدا ویندۆز ٣٧.٩١% بردووە. کە ئەمە دەبێتە یەکەم جار ئەندرۆید تەختی پاشایەتی لە ویندۆز وەرگرێت لە ڕووی گەڕانکردن لە ئینتەرنێتدا.

شایەنی باسە، ئەگەر بەرواردی ئەم ڕێژەیەی ئەندرۆید بکەین لەگەڵ ساڵی ٢٠١٢ ئەوا جیاوازییەکی زۆر دەبینرێت چونکە لەم ساڵەدا ئەندرۆید تەنها ٢.٢%ـی ترافیکی وێبی بردبوو.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ستات کاونتەر ناسراو بە Aodhan Cullen دەڵێت ئەمە تۆمارێکی گەورەیە لە مێژووی تەکنەلۆژیادا و کۆتایی سەردەمێکە و دەبێتە خاڵی کۆتایی پێهێنان بە پشتکی شێری مایکرۆسۆفت لە بازاڕی سیستەمە وەگەرخەرەکاندا کە لەوەتەی ساڵانی ١٩٨٠ـوە ترافیکی وێبی بۆخۆی بردووە. هەروەها ئەمە ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەرە بۆ ئەندرۆید کە ٥ ساڵ لەمەوبەر تەنها ٢.٤ لە بەکارهێنانی ئینتەرنێتی بۆخۆی بردبوو.

ئەم هێڵکاریییەی خوارەوە بە ڕوونی نیشانیدەدات کە ئەم گۆڕانکارییە لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە دەستی پێکردووە و هەموو سیستەمەکان بەشدارن بۆ هەریەکە لە ڕوومێز واتە دێسکتۆپ و تابلێت و مۆبایلە زیرەکەکان و لاپتۆپیش. کە دیارە تا ئێستاش سیستەمی ویندۆز لەسەر کۆمپیوتەری دێسکتۆپ ٨٤%ـی ئینتەرنێتی بۆخۆی بردووە و پێشناچێت بەمزووانە گۆرانکاری بەسەردابێت. بەگشتی لە پشتکی بازاڕدا لەسەرتاسەری جیهان ئەندرۆید لە پێشەوەیە و ٣٧.٩٣%ـیە و ویندۆز ٣٧.٩١ـە و ئەوانی تریش بە ڕێژەی تر پشتکیان لە بازاڕ داگیرکردووە.

 

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ