گەرمترین 12, نیسان 2017

15 تایبەتمەندی نوێ لە وەشانی Creators Updateـی ویندۆز 10

ئەمڕۆ مایکرۆسۆفت دەستی کرد بە ڕەوانەکردنی نوێترین وەشانی ویندۆز ١٠ بەناوی Creators Update بۆ بەکارهێنەرانی. شایەنی باسە لەگەڵ ئەم وەشانە چەندین گۆڕانکاری و چاکسازی ئەنجامدراون و ئەمەش هەمووی بەهاوکاری و پێشنیار و ڕەخنەکانی بەکارهێنەرانی بەرنامەی ویندۆز ئینسایدەرەوە گەیشتووەتە ئەمڕۆ. نوێکارییەکان لەسەرەکی و لاوەکی خۆیان دەبیننەوە و ئەمانەی خوارەوە ١٥ گرنگترین نوێکارییەکانی ئەم وەشانەن.

  • شاردنەوەی لیستی ئەپ و نەرمەکاڵاکان لە لیستی ستارتدا

بێگومان تا ئێستاش مایکرۆسۆفت کار لەسەر ئەوە دەکات کە لیستی ستارت باشتر و باشتر بکات و لەدوایین نوێکاری لە لیستی ستارتدا توانای ئەوەت هەیە لیستی ئەپ و نەرمەکاڵاکان بشاریتەوە.

  • Blue Light و Night Light

ئەم تایبەتمەندییە بۆ ئەوەیە لەکاتی شەودا ڕەنگی ڕوونماکە بەشێوەیەکی لێبێت کە ڕەنگەکان گەرمتربن و لەڕاستیدا ئەم تایبەتمەندییە هاوشێوەی نایت شیفتی ئای ئۆ ئیس و هەروەها نەرمەکاڵای Flux کە مایکرۆسۆفت لە ویندۆزدا جێگیری کردووە. تۆ دەتوانیت کات دابنێیت چ کاتێک ئەو ڕەنگە بکەوێتەکار و بەمەش لەکاتی شەودا ڕوونماکە ئاسانتر دەبێت بۆ سەیرکردن و تەماشاکردن. شایەنی باسە لەماوەی ڕابردوو ئەم تایبەتمەندییە بەدوو ناو هاتووە کە ئەوانیش Blue Light و Night Light بوون.

  • قوفڵی دینامیکی Dynamic Lock

لەمەودوا ویندۆز ١٠ دەتوانێت ڕوونماکە قوفڵ بکات هەر کاتێک ئامێرێکی پەیوەستکراو بە بلوتوز لە کۆمپیوتەرەکە دوورکەوتەوە و لە مەودوای بلوتوزەکە نەما. تایبەتمەندییەکە پێی دەوترێت Dynamic Lock. لەگەڵ زۆربەی مۆبایلەکان و ئامێرە بلوتوزەکان و هەندێک کاتژمێر و دەست بەندی زیرەک کاردەکات. ئەمە سودی زۆری هەیە بۆ نمونە هەندێک کات بیرت دەچێت ڕوونماکە قوفڵ بکەیت بەڵام بەهۆی ئەم تایبەتمەندییەوە لەدوورەوە کە هەر ئامێرە پەیوەست کراوەکە دوورکەوتەوە کە بەخۆت بێت ئەوا کۆمپیوتەرەکە ڕوونماکەی قوفڵ دەبێت.

  • ڕووکارەکان و Color Pickerی نوێ.

خەڵکی ئارەزووی ڕێکخستنی ئامێرەکان دەکەن بەپێی خواستی خۆیان. لەڕاستیدا لەو ڕوەوە ویندۆز ١٠ کەمتر ئەو بژاردەیەی لەبەردەم بەکارهێنەران دانابوو بەڵام لەگەڵ ئەم وەشانە ڕووکارەکان گەڕاونەتەوە و بەپێی خواستی خۆت لەڕێگەی Color Picker ڕەنگ هەڵدەبژێریت.

  • کتێبە ئەلیکترۆنییەکان و خوێنەری ئەو کتێبانە لە وێبگەڕی Edge دا

بەمزووانە کۆگای ویندۆز ١٠ کتێبە ئەلیکترۆنییەکانی بۆ زیاد دەکرێن و دەتوانیت بکڕیت و بخوێنیتەوە. بەڵام لە ویندۆز ١٠ دا هیچ ئەپێکی بنچینەیی تایبەت نییە بە خوێندنەوەی ئەم جۆرە کتێبانە. بەڵام لەگەڵ ئەم وەشانە لەناو وێبگەڕی ئێج دەتوانیت ئەو پەرتووکانە بخوێنیتەوە و ئەم کەلێنە پڕدەبێتەوە بەهۆی ئێجەوە. من پێم وایە ئەگەر ئەپێکی تایبەت هەبوایە باشتربوو وەک لەوەی لەناو ئێجەوە بیکەیتەوە. لەوانەیە ئەگەر چەند خەڵکێک پێشنیار بکەن مایکرۆسۆفت ڕای خۆی بگۆڕێت.

  • تایبەتمەندی Storage Sense بۆ خۆکارانە سڕینەوەی فایل و پەڕگەی زیادە و بێ کەڵک

بێگومان بەردەوام بیرلەوە دەکەینەوە کە زوو زوو فایلە زیاد و بێ کەڵکەکان بسڕینەوە و ئەمەش کاتی دەوێت و پێویستە لەبیرمان بێت. بەڵام خۆشبەختانە لەم وەشانەدا ئەم تایبەتمەندییە زیادکراوە کە ویندۆز خۆکارانە شوێنی بەتاڵت بۆ دەستەبەردەکات و ئەمەش بەهۆی سڕینەوەی ئەم پەڕگە و فایلانەی کە زیاد و بێ کەڵکن.

  • فۆڵدەر بۆ خشتەکانی سەر لیستی ستارت

بێگومان لەسەر لیستی ستارت خشتی تایبەت بەئەپەکان هەن و زۆربەشیان زیندوون واتە زانیارییان لەسەر دەردەکەوێت. بەڵام ئەوەی تا ئێستا نەبوو ئەوەبوو کە نەتدەتوانی فۆڵدەر بۆ ئەم خشتانە لەسەر لیستی ستارت دروست بکەیت بەڵام ئەمەش لەگەڵ ئەم وەشانە بوو بە ڕاستی و ئێستا دەتوانن خشتە پەیوەندیدارەکان بکەنە ناو یەک فۆڵدەر و شێوەیەکی ڕێکخراوتر بدەن بە لیستی ستارت.

  • دۆخی یاری Game Mode

لەگەڵ ئەم وەشانە دۆخێکی تایبەت بە یاریکردن زیادکراوە بەمەش لەکاتی چالاککردنی ئەم دۆخە پێشەنگی بە یاریکردن دەدرێت و سیستەمەکە زیاتر دەگونجێندرێت بۆ یاریکردن بەمەش گەیمەران بەم تایبەتمەندییە دڵخۆش و ئاسوودە دەبن.

  • تایبەتمەندی Defer Updates

بێگومان لەسەرەتای ویندۆز ١٠ تا ئەمڕۆ بەکارهێنەرانی ویندۆز ١٠ پرسیاریان ئەوەبووە چۆن ئەپدەیتەکان ڕابگرم بەڵام ڕێگەیەکی وەها بەردەست نەبوو جێگەی باس بێت بەڵام خۆشبەختانە لەگەڵ ئەم وەشانە مایکرۆسۆفت ئەم بژاردەیەی داوەتە بەکارهێنەران کە بڵێن نەخێر و تا ٣٥ رۆژ دەتوانن ئەپدەیتەکان دوابخەن.

  • گەڕان لە ویندۆز ڕێجستری Windows Registry

لەماوەی ڕابردوودا گەڕان و سوڕان لەناو ویندۆز ڕێجستری کارێکی گرانبووە بەڵام ڕێگە چارەنەبووە و هەر بە کلیک کردن بەشە دیاریکراوەکانمان دۆزیوەتەوە بەڵام لەگەڵ ئەم وەشانە لەبەشی سەرەوەی ویندۆز ڕێجستری گەڕان زیادکراوە و لەمەودوا ئاسانتر لەناو ئەم بەشە بگەرێ.

  • کات نانەوە بۆ هەڵکردنەوەی وایفای

لەمەودوا لەگەڵ ئەم وەشانەی ویندۆز ١٠ دەتوانیت کات بنێیتەوە بۆ ئەوەی هەر کاتێک وایفایت کوژاندەوە کەی خۆکارانە هەڵببێتەوە و بکەوێتەوە کار.

  • دانانی پلانەکانی وزە Power Plans لە خوارەوە لەسەر تاسک باڕ System Tray

وەشانی کرییەیتەرز ئەپدەیت Creators Update ڕێگەی گۆڕی پلانەکانی وزەی ئاسانتر کردووە و ڕاستەوخۆ لەسەر تاسک باڕ دەتوانیت بیانگۆڕیت و بەگوێرەی پێویستی خۆت بژاردەی خۆت هەڵبژێریت.

 

  • بەستکردن و بڵۆککردنی ئەو ئەپانەی لە ویندۆز ستۆر واتە کۆگای ویندۆزدا نین

لەمەودوا ویندۆز ١٠ بژاردەی ئەوەی زیادکردووە تا ڕێگە لەدابەزاندنی ئەو ئەپ و نەرمەکاڵایانە بگریت کە لەدەرەوەی کۆگای ویندۆزن. ئەمەش بۆ ئەوەیە بەکارهێنەران و گەشەپێدەران هانبدەن تا کۆگای ویندۆز بەکاربهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی ئەپ و نەرمەکاڵاکانیان.

  • تایبەتمەندی Unload Tabs لە وێبگەڕی ئێج

بێگومان مایکرۆسۆفت هەوڵدەدات تا وابکات وێبگەڕەکەی باشتر و باشتر بکات و بەکارهێنەران بەکاریبهێنن. لەدوایین نوێکاریدا کە لەگەڵ ئەم وەشانەی ویندۆزدا هاتووە ئەویش ئەو تابانەیە کە دەتوانیت وەلایان بنێیت و دواتر بە ئاسانی سەیریان بکەیتەوە. ئەم هەنگاوەش بۆ کەمکردنەوەی سەرقاڵی و قەرەباڵغییە لەکاتی کردنەوەی ئەم هەموو تابەی جاری وا هەیە پێویستت دەبێت.

  • جێگیرکردن و هەڵواسینی ئەپی ڤیدیۆ Pining Video App

لەمەودوا دەتوانیت لەگەڵ نوێترین ئەپی ڤیدیۆ بەردەوام سەیری ڤیدیۆکان بکەیت بەشێوەیەک لەکاتی کردنەوەی ئەپی تر لە بینیی ڤیدیۆکە نەپچرێیت. چونکە ئەم وەشانە ڕێگەت پێدەدات کە ئەپی ڤیدیۆ لەسەرەوەی هەموو ئەپەکان جێگیر بکەیت و هەڵیبوارسیت.

 

ئێستا دوای ئەم چەند تایبەتمەندییە، دڵخۆشیت بەم ئەپدەیتە؟ بڕیار دەدەیت ویندۆزەکەت بەرزبکەیتەوە؟ لە کۆمێنتەکان ڕای خۆت دەرببڕە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ