ئەپ و نەرمەکاڵا 13, نیسان 2017

پێنج هۆکار وا دەکات ئەپی فەیسبووک بسڕیتەوە و ئەپێکی تر لەجێگای بەکاربهێنیت.

ئەپڵیکەیشنی فەیسبووک هەمیشە بژاردەی سەرەکی نییە بۆ زۆربەی بەکارهێنەرانی مۆبایلە زیرەکەکان بەتایبەت ئەو مۆبایلانەی کە تایبەتمەندیان مامناوەند و نزمە. لەڕاستیدا ئەپی فەرمی فەیسبووک بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەریەکی زۆری هەیە لەسەر توانستی جێبەجێکردنی مۆبایلە زیرەکەکان و کاریگەری لەسەر بەکارهێنانی وزە هەیە بە شێوەیەکی بەرچاو.

ئەو هۆکارانەی وا دەکەن ئەپی فەرمی فەیسبووک بگۆڕین بە ئەپێکی تر، بریتین لە:

تەمەنی پاتری

بێگومان لەماوەی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە بڵاوکرانەوە لەسەر کاریگەری ئەپی فەیسبووک لەسەر پاتری مۆبایلەکانمان بە شێوەیەکی بەرچاو و هەر لە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە سڕینەوەی ئەپەکە ڕێژەیەکی باشی تەمەنی پاتری دەگەڕێنێتەوە.

بۆ نمونە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی گاردیان کە لە ساڵی پاردا بڵاوکرایەوە، تێیدا هاتووە سڕینەوەی ئەپی فەیسبووک لە مۆبایلەکەت ٢٠%ـی تەمەنی پاتری بۆ مۆبایلەکەت دەگەڕێنێتەوە.

بەفیرۆدانی یەکەی ئینتەرنێتەکەت

لە ساڵی ٢٠١٥ دا کۆمپانیای AVG Technologies بڵاویکردەوە کە ئەپی فەیسبووک بە یەکێک لەو ئەپانە دادەنێرێت کە لەگەڵ پێکردنی مۆبایلەکەت زۆرترین توانای مۆبایلەکە بۆ خۆی دەبات.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەپەکە زۆرترین یەکە بەکاردەهێنێت ئەمەش بەهۆی بەردەوام کارکردنی لە پاشبنەمای سیستەمەکەدا. ئەمەش بە لایەنێکی نەرێنی دادەنرێت لەلای زۆربەی ئەوانەی لەڕێگەی Cellular Data یان Mobile Data ئینتەرنێت بەکاردەهێنن کە سنوردارە.

جێگرتن لە بیرگەی مۆبایلەکەت

بێگومان ئەگەر پشت بە بیرگەی دەرەکی نەبەستیت ئەوا بەبێ گومان تۆ سوری لەسەر پاراستنی بیرگەی ناوخۆیی مۆبایلەکەت.

ئەپی فەیسبووک بەشێوەیەکی بەرچاو بیرگەی ناوخۆیی مۆبایلەکەت دەبات و بەتێپەڕبوونی کاتیش ئەم قەبارەیە زیاتر دەبێت و جاری وا هەیە لە ٥٠٠ مێگابایت تێدەپەڕێت.

تایبەتمەندی کەسی

بێگومان ئەپی فەیسبووک هەر لەگەڵ کردنەوەی داوای دەست گەیشتن بە چەندین شت دەکات، لەوانە خوێندنەوەی کورتە نامەکان و گرتنی وێنە و ڤیدیۆ و تۆمارکردنی دەنگ و تەواوی ناوی پەیوەندییەکانت و خوێندنەوەی ناوەڕۆکی بیرگەی مۆبایلەکەت، کە ئەمانە بەشێکی کەمن لەو شتانەی ئەپی فەیسبووک دەستی پێ دەگات بەمەش ئیتر پێویست ناکات بیر لە بابەتە کەسیی و تایبەتییەکان بکەیتەوە چونکە ئەپی فەیسبووک گشت سوچێکی مۆبایلەکەتی گرتووە.

هێشواشکردنەوەی مۆبایلەکەت

بێگومان ئەوانەی مۆبایلەکانیان خاوەنی تایبەتمەندی بەرز و بەهێزن کەمتر هەست بە هێواشبوونەوەی مۆبایلەکانیان دەکەن لەکاتی بەکارهێنانی ئەپەکە. بەڵام بەکارهێنەرانی ئەو مۆبایلانەی تایبەتمەندییان نزم و مامناوەندن لەکاتی بەکارهێنانی ئەپی فەیسبووک بە ئاشکرا و بە ڕوونی هەست بە هێواشبوونەوەی مۆبایلەکانیان دەکەن بەتایبەتی کە ئەپێکی تری لەگەڵ دەکەنەوە.

کەواتە دوای ئەو پێنج هۆکارە ئێستا جێگرەوە چییە؟

ئەگەر تۆ ئازار دەچەژیت لەهەمبەر یەکێک لەو هۆکارانەی سەرەوە بەهۆی ئەپی فەرمی فەیسبووک لەسەر مۆبایلە ئەندرۆیدەکەت، تۆ دەتوانیت ئەپەکە بسڕیتەوە و پشت بە ئەپێکی تری جێگرەوە ببەستیت.

یەکێک لەوانە ئەپی فەیسبووک لایتە Facebook Liteـە کە بەیەکێک لە باشترین بژاردەکان دادەنرێت بۆ خاوەنانی مۆبایلە زیرەکە مامناوەند و نزمەکان یان ئەوانەی کە ئازار دەچەژن بەدەست سنورداری یەکەی ئینتەرنێتەکەیان.

ئەوەی باشە، ئەم ئەپە لەلایەن فەیسبووک خۆیەتی و لەکاتی بەکارهێنانی کەمتر دووچاری کێشە و گیروگرفت دەبنەوە.

بەڵام کە ئارەزووی بەکارهێنانی نافەرمی دەکەیت ئەوا ئەپی Friendly for Facebook یەکێک لە باشترین بژاردەکان و چالاک و هەر یەک لە فەیسبووک و مێسنجەری لە یەک ئەپ کۆکردووەتەوە. کرتە بکە بۆ داگرتن.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ