10
ئای ئۆ ئێس 13, نیسان 2017

دە تایبەتمەندی مۆبایلی گالاکسی ئێس 8 کە لە مۆبایلەکانی ئایفۆندا نییە!

کۆمپانیای سامسۆنگی کۆری لە ماوەی ڕابردوودا مۆبایلی گالەسی ئێس 8 ـی ڕاگەیاند بەڕووکارێکی نوێ و تاڕادەیەکی باش بەرەوپێشبردنی تایبەتمەندییە گرنگەکانی مۆبایلەکە، لەم بابەتەدا باسی هەموو تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکە ناکەین، بەڵکو بەراوردی گرنگترین ئەو تایبەتمەندیانە دەکەین کە لە مۆبایلەکانی ئایفۆندا تا ئێستا بەردەست نین و لە مۆبایلەکانی گالەکسی ئێس 8 و ئێس 8+ دا هەن.

ڕوونما (سکرین)

دوو مۆبایلەکەی سامسۆنگ شوێنی پەنجەمۆری دەکەوێتە بەشی پشتەوەی مۆبایلەکە، کە ئەم تایبەتمەندییە لە مۆبایلەکانی ئایفۆن بەو شێوازە نین، هەروەها دووگمەکانی گەڕانەوە و هۆم(ماڵەوە) و سڕینەوە یاخوود چونە سەر دواین ئەپەکانی خستوەتە ناو ڕونمای مۆبایلەکەیەوە، کە ئەمەش بەشی خوارەوەی مۆبایلەکەی بچوکتر کردوەتەوە و ڕوونماکەی زیاتر گەورە کردووە.

چەمانەوەی هەردوولا

چەمانەوەی هەردوولای مۆبایلەکە لەسەر دیزاینێکی نوێ داهێنانێکی دیکەی سامسۆنگ بوو لە دوو مۆبایلە نوێیەکەیدا، پێشتر بەکارهێنەرانی مۆبایلی گالەکسی بەتایبەت دوو نەوەی پێشوو داوای چارەسەرێکیان دەکر بۆ ئەو حاڵەتە کە بۆ نێو گیرفان و و بەکارهێنان زۆر گونجاو نییە، هەست دەکرێت لەم دوو مۆبایلەدا گازەندەکان کەم ببنەوە، بەڵام کۆمپانیای ئەپڵ تا ئێستا مۆبایلی شاشە چەماوەی نییە لە بەرهەمەکانیدا، کە بەکارهێنەران بتوانن ئەپڵیکەیشنە دڵخوازەکانیان لەوێدا کارپێبکەن.

گۆڕینی بۆ کۆمپیوتەر

گوگڵ بە قورسی کار لەسەر ئەوە دەکات کە جیاوازییەکی زۆر نەهێڵێت لەنێوان کڕۆم ئۆ ئێس و ئەندرۆید بەڵام لەناکاو سامسۆنگ خۆی خزاندە ناو ئەو بوارەش بە خستنەڕووی DeX کە خاوەنی تەختەکلیل و ماوسی خۆیەتی لەڕێی بەستنەوەی گالەکسی هەشتەوە دەتوانیت لەشاشەیەکی گەورەوە کردارەکانی مۆبایلەکە بە ئەنجام بگەیەنیت.

کۆمپانیای ئەپڵیش لەهەوڵی درووستکردنی ئامێرێک دایە تاوەکوو جیاوازی دوو سیستەمەکەی کە iOS و macOS ـن کەم بکاتەوە بەڵام تائێستا ئەو هەوڵە بەشێوەیەکی فەرمی ئاشکرا نەکراوە.

ناسینەوەی گلێنەی چاو

جارێکی دیکەو سامسۆنگ ئەم مۆبایلەی لەسەر دوو بەرهەمە نایابەکەی بەردەست خست کە دەتوانێت تەنها بە ناسینەوەی گلێنەی چاوت قوفڵی مۆبایلەکە ببێتەوە، کە لە مۆبایلەکانی ئایفۆندا تەنها ناسینەوەی پەنجەمۆر بەردەستە.

ناسینەوەی دەمووچاو!

گالەکسی ئێس 8 و ئێس 8+کامێرای پێشەوەیان 8 مێگاپێکسڵ دەبێت، کە ئەم کامێرا 8 مێگاپێکسڵییە بۆ ناسینەوەی دەموو چاوی بەکاردێت وەک شێوازێکی دیکەی کردنەوەی قوفڵی مۆبایلەکە (سەرەڕای ئەوەی پسپۆڕان ئەم تایبەتمەندییە بە سەرکەوتوو نازانن) بەڵام پێ دەچێت لە نوێکارییەکانی داهاتوودا تایبەتمەندییەکەی باشتربکرێـت.
لە مۆبایلەکانی ئایفۆندا ئەم تایبەتمەندی ناسینەوەی دەموچاو تەنها لەناو خوودی مۆبایلەکەدا کاردەکات بۆ ناسینەوەی وێنەی کەسی، نەک بۆ کردنەوەی قوفڵی مۆبایلەکە.

دوو یارمەتیدەری دەنگی لەبری دانەیەک

سەرەڕای ئەوەی گالەکسی ئێس 8 و ئێس 8+ خاوەنی Google Assistant ـی خۆیەتی سامسۆنگ یاریدەدەرێکی دەنگی دیکەی ئاست بەرزی خستوەتە گەڕ بەناوی Bixby کرتە لەم ڤیدۆیە بکە بۆ بینینی ڤیدیۆی کارکردنی Bixby، هەروەها ئەپڵ خاوەنی یەک یارمەتی دەری دەنگی خۆیەتی بەناوی سیری.

یارمەتیدەری Bixby

بیکسیبی توانای گەشەپێدان و بەرەوپێش بردنی هەیە واتە دەتوانێت شتی زیاتر فێرببێت، دەتوایت کامێرا کارپێبکەیت و شتەکان بناسێتەوە زۆر بە ئاسانی تاوەکوو لە ماڵپەڕە جیهانییەکان بگەڕێت بە دوای هاوشێوەکەیدا و زیاتر..، بوونی دووگمەی تایبەتی لە تەنیشتەوە تاوەکوو هەرکات ویستت کاری لەسەر بکەیت بکەوێتە کار و بڕێکی زۆر لە وزە و خێرای مۆبایلەکەت خەرج نەکات.

پڕۆسێسەری نوێ

دواین مۆبایلی کۆمپانیای ئەپڵ کە 7 و 7+ـە کار بە پڕۆسێسەر(چارەسەرکەر)ی 16 نانۆمەتری دەکات، لەکاتێکدا سامسۆنگ کار بە پڕۆسێسەری 10 نانۆمەتری دەکات کە دواین پڕۆسێسەری ئاست بەرزە لە ئێستادا، کە کاری پڕۆسێسەر دابەشکردن و ڕیکخسنتی کاری ڕام و بەشە گرنگەکانی هەر ئامێرێکی تەکنەلۆژییە.

بارگاویکردنەوەی وایەرلێسی

وەک دەزانین سامسۆنگ لە بابەتی توانای بارگاویکردنەوەی وایەرلێس توانا و کاری زۆری هەبووە، بەڵام تائێستا کۆمپانیای ئەپڵ خزمەتگوازری بارگاویکردنەوەی بێ وایەری لە هیچ کام لە مۆبایلەکانیدا بەردەست نەخستووە.

بارگاویکردنەوەی خێرا

دوو مۆبایلە نوێکەی سامسۆنگ توانستی پاترییان 3000 میلی ئەمپێر و 3500 میلی ئەمپێرە، پێدەچێت بڵیین ڕێژەکەی کەمە بەڵام گرنگە ئەوە بزانین کە بە پڕۆسێسەری سناپدراگۆنی 835 ـی دە نانۆمەتری کاردەکات کە ئەمەش وزەی زۆر کەمتری پاتری دەوێت، ئەم ڕێژە کەمەی پاتری یارمەتی بارگاویکردنەوەی زوو دەدات لە دوو مۆبایلەکەدا هەروەها مۆبایلەکە خاوەنی تەکنەلۆژیا Fast Charge ـە، لە ئایفۆندا بەیەکگەیەنەرەکانی Lightning یارمەتی خێرا بارگاویکردنەوە دەدەن کە ئەمە گەر خاوەنی دەرچەی USB-C بوایە یامەتی زیاتری مۆبایلەکەی دەدا تا باشتر بارگاوی ببێتەوە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ