ئەندرۆید 19, نیسان 2017

کۆمپانیای شاومی مۆبایلی می ٦ی ڕاگەیاند

ئەمڕۆ دوای ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانی و پێشبینی و هەواڵ و وێنەی دزەپێکراو کۆمپانیای شاومی مۆبایلی می ٦ی ڕاگەیاند، مۆبایلە نوێیەکە بە پرۆسێسەری سناپدراگۆن ٨٣٥ی بەهێز کار دەکات و خاوەن ٦ گێگابایت ڕامە، خاوەن ڕونمایەکە بە قەبارەی ٥.١٥ ئینچ و بە ڕوونی فول ئێچ دی(١٠٨٠X١٩٢٠) پیکسڵ، مۆبایلەکە خاوەن دوو کامێرای سەرەکییە کە هەریەکەیان خاوەن ڕوونییەکی ١٢ مێگاپیکسڵە، یەکێکیان خاوەن گۆشەیەکی فراوانە و ئەوەی تریان لە جۆری Telephotoیە هاوشێوەی iPhone 7 Plus، مۆبایلەکە خاوەن پاترییەکە بە فراوانی ٣٣٥٠ میلی ئەمپێر و پێشبینی دەکرێت بەهۆی ئەم پاترییە گەورەیە و پێشکەوتوویی پرۆسێسەرەکەی کە ١٠ نانۆمەترییە و وزەیەکی کەم بەکار دەبات مۆبایلەکە تەمەنی پاترییەکی زۆر نایابی هەبێت.

لە ڕووی نەرمەکاڵاوە مۆبایلەکە لەسەر ڕووکاری Miui 8ی بنیاد نراو لەسەر ئەندرۆید ٧.١.١ کار دەکات.

شاومیش هاتە ڕیزی کۆمپانیاکانی لێ ئێکۆ و مۆتۆرۆلا و ئەپڵ و ئێچ تی سی و لەم مۆبایلەیدا دەرچەی بیستۆکی ٣.٥مم ی لابردووە بەڵام بە هەبوونی بڵندگۆی ستێریۆ تا ڕاددەیەکی باش قەرەبوی ئەوەی کردووەتەوە.

شاومی ئەمجارە گرنگییەکی تەواوی بە دیزاین و لایەنی جوانی مۆبایلەکە داوە و لە ئەنجامدا ئەم مۆبایلە لە شووشە دروست کراوە دیزاینێکی زۆر نایابی هەیە و خاوەن چوارچێوەیەکی ستیلە و خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆرە لە دوگمەی ماڵەوەیدا، هەروەها بەرگرییەکی کەمی بەرامبەر بە ئاو هەیە (splash resistance)، وە خاوەن دەرچەی یو ئێس بی جۆری Type-Cیە و پشتگیری لە دوو سیم کارد دەکات.

مۆبایلەکە ٢٨ی ئەم مانگە لە وڵاتی چین بەردەست دەبێت بە ڕەنگەکانی ڕەش و سپی و شین و دوو جۆری تایبەتی سیرامیک و زیوی، کە جۆرە سیرامیکەکە هاوشێوەی مۆبایلی می میکسی هەمان کۆمپانیا کامێراکانی بە زێڕی عەیار ١٨ دەور دراوە بەم نرخانە:

٢٤٩٩ یوان (٣٦٠ دۆلار) بۆ ٦٤ گێگابایت ڕۆم

٢٨٩٩یوان (٤٢٠ دۆلار) بۆ ١٢٨ گێگابایت ڕۆم

٢٩٩٩یوان (٤٣٥ دۆلار) بۆ جۆری سیرامیک

 

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ