10
ئەندرۆید 20, نیسان 2017

بەراوردێک لە نێوان مۆبایلەکانی Oppo A37 و Huawei Honor 8 Lite

هێز و خێرایی: مۆبایلی Honor 8 Lite خاوەن پرۆسێسەری Kirin 655ە کە خاوەن CPU و GPUیەکی زۆر بەهێزترە لەوانەی پرۆسێسەری Snapdragon 410 کە لە مۆبایلی Oppo A37دا هەن، تەنانەت مۆبایلی A37 خاوەن پرۆسێسەرێکی بەڕاددەیەک لاوازە کە بە دڵنیاییەوە لە کاتی بەکارهێنانێکی کەمێک قورس یاخود کردنی یارییە گرافیک بەرزەکاندا تووشی هێواش بوونەوە و ڕاوەستان دەبێت، هەروەها ڕامی Honor 8 Lite ٣ گێگابایت و هی A37 ٢ گێگابایتە.

کامێرای سەرەکی: تیرەی چاوی کامێرای ئەم دوو مۆبایلە هاوتایە بەڵام کامێرای Honor 8 Lite خاوەن ڕوونییەکی بەرزترە(١٢ مێگاپیکسڵ بەرامبەر ٨).

کامێرای پێشەوە: بە هەمان شێوە لە ڕووی پێشەوەش کامێراکان هەمان تیرەی چاویان هەیە بەڵام دووبارە ڕوونی ڕکابەرییەکە لە بەرژەوەندی Honor 8 Lite یەکلایی دەکاتەوە(٨ مێگاپیکسڵ بەرامبەر ٥).

دیزاین و لاشە: هەردوو مۆبایل خاوەن دیزاینی نایاب و جوانن لە ڕووی دواوەیان بەڵام لە ڕووی پێشەوەیاندا جیاوازییەکی زۆر هەیە و دیزاینی A37 کەمێک کۆن دەردەکەوێت بە بەراورد بە ڕووە سەرنجڕاکێشەکەی Honor 8 Lite، ئەستووری مۆبایلەکان و ڕێژەی ڕونما لە ڕووی پێشەوەیان زۆر لە یەکتر نزیکە بەڵام A37 بە شێوەیەکی بەرچاو کێشی کەمترە(١٣٦ گرام بەرامبەر ١٤٧)، بڵندگۆی هەردوو مۆبایل دەکەوێتە بەشی خوارەوە.

ڕونما: ڕونمای هەردوو مۆبایل لە جۆری IPS LCDیە، ڕونمای مۆبایلی Honor 8 Lite کەمێک گەورەتر(٥.٢ ئینچ بەرامبەر ٥) و ڕوونترە(١٠٨٠X١٩٢٠ پیکسڵ بەرامبەر ٧٢٠X١٢٨٠) بەڵام لایەنێکی زۆر باشی ڕونمای A37 بوونی شوشەی جۆری Corning Gorilla Glass 4ە کە پتەو و خۆڕاگرە بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر جۆری بەرگری ڕونمای Honor 8 Lite نییە.

تەمەنی پاتری: هەرچەندە پێدەچێت ڕونمای Honor 8 Lite وزەیەکی زۆرتر بەکاربەرێت بەڵام بەهۆی بوونی پاترییەکی گەورەتر(٣٠٠٠ میللی ئەمپێر بەرامبەر ٢٦٣٠) و بەهۆی ئەوەی پرۆسێسەرەکەی پێشکەوتووە و ١٦ نانۆمەترییە بە بەراورد بە Snapdragon 410 کە زۆر کۆن بووە و ٢٨ نانۆمەترییە، هەروەها بەهۆی وەشانی ئەندرۆید ٧.٠ نوگەت و تایبەتمەندی Extended doze mode ئەوا تەمەنێکی درێژتری پاتری هەیە.

یەکێکی تر لە باڵادەستییەکانی Honor 8 Lite ئەوەیە کە خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆرە هەروەها لەسەر EMUI 5.0 کاردەکات کە لەسەر ئەندرۆید نوگەت ٧.٠ بنیاد نراوە کە زۆر بە کەمی دەبینرێت لەو مۆبایلانەی لەم نرخەدان، لە بەرامبەردا A37 لەسەر Color OS 3.0 کار دەکات کە سەرەڕای ئەوەی نوێترین وەشانی ڕووکارە تایبەتەکەی ئۆپۆیە و کۆمەڵێک تایبەتمەندی باشی تێدایە بەڵام لەم مۆبایلەدا لەسەر وەشانی ئەندرۆید لۆلیپۆپ ٥.١ بنیاد نراوە کە زۆر کۆن بووە، هەردوو مۆبایل خاوەن ١٦ گێگابایت لە بیرگەی ناوەکین و پشتگیری لە بیرگەی دەرەکی و دوو سیم کارد دەکەن بەڵام جیاوازییان ئەوەیە کە A37 خاوەن دوو دەرچەی تایبەت بە سیم کارد و دەرچەیەکە بۆ بیرگەی دەرەکی لە کاتێکدا Honor 8 Lite خاوەن تەنها دوو دەرچەیە کە یەکێکیان بۆ سیم کاردە و ئەوەی تریان لە جۆری Hybridە و دەکرێت بۆ بیرگەی دەرەکی یاخود سیم کارد بەکاربهێنرێت، هەرچەندە ڕوون و ئاشکرایە کە کام لەم دوو مۆبایلە خاوەن تایبەتمەندی باشتر و پێشکەوتوترە بەڵام سەرەڕای ئەوەش نرخی Oppo A37 ١٩٥ دۆلار و هی Huawei Honor 8 Lite ١٨٥ دۆلارە!

نوێکردنەوە: لە ئێستادا نرخی Honor 8 Lite دابەزیوە بۆ نزیکەی ١٥٠ دۆلار، زانیاری بەردەست نییە دەربارەی نرخی ئێستای A37.

بۆچونی تۆ