10
ئای ئۆ ئێس 25, نیسان 2017

ئەپڵ کێشەی هەیە لە بەرهەمهێنانی ئایفۆنە تایبەتەکەی ئەمساڵدا

کەمی پێکهاتە پێویستەکانی بەرهەمهێنانی مۆبایل کێشەیەکە کە ئەمساڵ ڕووبەڕوی کۆمەڵێک کۆمپانیا بووەتەوە و ئەپڵیش بەدەر نییە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو کێشەیە، چەند مانگێکە پێشبینییەکان و هەواڵە دزەپێکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمساڵ بە بۆنەی تێپەڕینی ١٠ ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی یەکەم ئایفۆندا کۆمپانیای ئەپڵ جگە لە مۆبایلەکانی iPhone 7s و iPhone 7s Plus بەنیازە ئایفۆنێکی تری تایبەت ڕابگەیەنێت کە تایبەتمەندییەکانی لە دوانەکەی تر بەرزتربێت و دیزاینێکی تایبەت و جیاواز لەوانی هەبێت و ئەگەری زۆرە ناوی iPhone 8 بێت، هەروەها باس لەوە دەکرێت کە ئەم ئایفۆنە تایبەتەی ئەمساڵ یەکەم ئایفۆن بێت کە خاوەن ڕونمایەک بێت لە جۆری Oled، مینگ چی کوۆ کە لە کۆمپانیای KGI securitiesی تایوانی کار دەکات لە ساڵانی ڕابردوودا ناوبانگی دەرکردووە بەوەی کۆمەڵێکی زۆر پێشبینی ڕاستی کردووە دەربارەی بەرهەمەکانی ئەپڵ و بەتایبەتتریش مۆبایلەکانی ئایفۆن، بۆ ئەمساڵیش مینگ پێشبینی دەکات کە کەمی ڕونما لە جۆری Oled کێشە بۆ ئەپڵ دروست بکات و ببێتە هۆی دواکەوتنی ئایفۆنە تایبەتەکە و ڕاگەیاندنی لە مانگی ١٠ یاخود ١١ لەبری مانگی ٩ کە کاتی ئاسایی ساڵانەی ڕاگەیاندنی ئایفۆنی نوێیە، تەنانەت ئەگەری هەیە مۆبایلەکە تا سەرەتای ساڵی داهاتوو نەکەوێتە بازاڕەکان و بەردەست کڕیاران!

هەندێک لە نوێگەرییەکانی تر کە پێشبینی دەکرێت لەم ئایفۆنەدا ببینرێن پرۆسێسەرێکی ١٠ نانۆمەتری و جۆرێکی تازەی 3D touchن، کە پێدەچێت هەموو ئەم تایبەتمەندییە نوێیانە توانای ئەپڵ بۆ بەرهەمهێنانی مۆبایلەکە سنوردار بکەن.

هاوکات مینگ پێی وایە iPhone 7s و iPhone 7s Plus گۆڕانکاری بچوک لەخۆبگرن و لە کاتی ئاسایی خۆیاندا ڕابگەیەنرێن، KGI پێی وایە دواکەوتنی ئایفۆنە تایبەتەکە و کەمی خواست لەسەر دوو ئایفۆنەکەی تر ببنە هۆی کەم بوونەوەی فرۆشی ئایفۆن لەمساڵدا و پێشبینی خۆی بۆ نیوەی دووەمی ئەمساڵ کەم کردووەتەوە لە خستنە بازاڕی ١١٠ ملیۆن ئایفۆنەوە بۆ تەنها ٨٠-٩٠ ملیۆن.

 

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ