ئای ئۆ ئێس 30, نیسان 2017

کورتەیەک لە مێژووی قەبارەی بیرگەی ناوەکی لە مۆبایلدا(پایزی ٢٠١٨)

لە ئێستادا مۆبایلە زیرەکەکانمان دەتوانن کۆمەڵێکی ئێجگار زۆر وێنە و ڤیدیۆ و ئەپ و فایلی جۆراوجۆر لەخۆبگرن بە شێوەیەک کە قەبارەی بیرگەی ناوەکی هەندێک مۆبایل دەگاتە ٢٥٦ گێگابایت!

چەند ساڵێکی کەم پێش ئێستا مۆبایلەکان بەو شێوەیە نەبوون بەشێوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٠٥ یەکەم مۆبایل بە بیرگەی ٨ گێگابایت کەوتە بەردەست.

لە ساڵی ٢٠٠٥ کۆمپانیای نۆکیا کە ئەوکات لەوپەڕی توانا و ناوبانگدابوو مۆبایلی  N91ی ڕاگەیاند کە یەکەم مۆبایلبوو خاوەن ٨ گێگابایت بیرگەی ناوەکی بێت، هەروەها بیرگەی مۆبایلەکە وەک کۆمپیوتەر لە جۆری hard drive بوو، وە لەو کاتەدا فراوانترین بیرگەی دەرەکی لە جۆری microSD قەبارەکەی تەنها ٢ گێگابایتبوو بۆیە قەبارەی بیرگەی ناوەکی ئێجگار گرنگبوو، هەروەها مۆبایلەکە پشتگیری لە بیرگەی دەرەکی تا قەبارەی ٢ گێگابایت دەکرد.

دوای ٢ ساڵ و لە ساڵی ٢٠٠٧دا ئەپڵ مۆبایلی iPhoneی ڕاگەیاند کە خاوەن ١٦ گێگابایت بیرگەی ناوەکیبوو لە جۆری flash storage، بەڵام پشتگیری لە بیرگەی دەرەکی نەدەکرد و تا ئێستاش هیچ ئایفۆنێک نەیکردووە.

ساڵی ٢٠٠٨ دووبارە نۆکیا هاتەوە پێشەنگی و مۆبایلی N97ی ڕاگەیاند کە خاوەن ٣٢ گێگابایت بیرگەی ناوەکیبوو، هەروەها پشتگیریشی لە بیرگەی دەرەکی دەکرد بە قەبارەی ١٦ گێگابایت، هەر لەو ساڵەشدابوو کە Sandisk یەکەمین بیرگەی دەرەکی لە جۆری microSD بەو قەبارەیە ڕاگەیاند.

دواتریش دووبارە نۆکیا پێشەنگبوو لە دووهێندکردنی بیرگەی ناوەکی مۆبایل کاتێک لە ٢٠١١دا مۆبایلی N9ی ڕاگەیاند کە خاوەن ٦٤ گێگابایت لە بیرگەی ناوەکیبوو و بە سیستەمی وەگەڕخەری MeeGo کاری دەکرد، بەڵام ئەم مۆبایلە پشتگیری بیرگەی دەرەکی نەدەکرد.

لە مانگی ٩ی ٢٠١٣دا مێیزو MX3ی ڕاگەیاند کە بە کۆمەڵێک قەبارەی جیاوازی بیرگەی ناوەکی بەردەستبوو کە فراوانترینیان ١٢٨ گێگابایتبوو و بەمەش بووە یەکەم مۆبایل بەو بیرگەیەوە بەردەست ببێت، بەڵام پشتگیری بیرگەی دەرەکی نەدەکرد.

دواتر بیرگەی ٢٥٦ گێگابایت هاتە ئاراوە کە خەڵکێکی زۆر وادەزانن مۆبایلەکانی iPhone 7 و iPhone 7 Plus یەکەمبوون لە هەبوونی بیرگەی ناوەکی بەو قەبارە زۆرە بەڵام لە ڕاستیدا مۆبایلی Zenfone 2 Deluxeی کۆمپانیای ئەیسوس کە ساڵی ٢٠١٥ ڕاگەیەندرا یەکەم مۆبایلبوو کە خاوەن ٢٥٦ گێگابایت لە بیرگەی ناوەکی بێت هەروەها بەپێچەوانەی مۆبایلەکانی ئایفۆنەوە پشتگیری لە بیرگەی دەرەکیش دەکات تاوەکو قەبارەی ٢٥٦ گێگابایت.

ساڵی ٢٠١٨ هواوەی مۆبایلی Mate RS Porsche Designی ڕاگەیاند کە یەکەم مۆبایلبوو بە بیرگەی ٥١٢گب! بەڵام مۆبایلەکە Limited editionبوو و نرخی ئێجگار زۆربوو، دوای چەند مانگێک Galaxy Note 9 ڕاگەیەندرا و ئەویش جۆری ٥١٢گب لێی بەردەستبوو.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ