ئەپڵ

پێش ئەوەی ئایفۆنی ٧ بکڕیت لە بازاڕەکانی کوردستان ئاگاداری ئەم خاڵانە بە!

بازاڕەکانی کوردستان جمەیان دێت لە کڕین و فرۆشتنی مۆبایلە هۆشمەندەکان، پڕفرۆشترین مۆبایلەکانیش لە ئێستادا هەر یەک لە مۆبایلەکانی کۆمپانیای ئەپڵ و سامسۆنگ و هواوەی و شاومی و ئۆپۆن، بەڵام ماوەی چەند ڕۆژێکە لە مۆبایلەکانی کۆمپانیای ئەپڵ جۆرێک لە ئایفۆن پەیدا بووە کە پێی دەگووترێت (ئایفۆنی ئەکتڤ کراو) کە ئەم جۆرەی ئایفۆنیش لە ڕووی نرخەوە ١٠$ تاکو ١٥$ لە ئایفۆنی کەپس هەرزانترە بگرە زۆر جار ئەو کڕیارەی دەیکڕێت هەر ناشزانێت ئەکتیڤ کراوە و زیانەکانی چین و لە ڕووی نرخیشەوە بە هەمان نرخی ئایفۆنە کەپسەکە پێی دەفرۆشرێت.

ئێمە لەم بابەتەدا باسی هۆکاری ئەکتیڤ کردن و زیانەکانی دەکەین:

چەند ڕۆژێک پێش نووسینی ئەم بابەتە یاکێک لە هاوڕێکانم پۆستێکی فەیسبووکی هاوبەشی پێ کردبوو لە هەژمارەکەی کە هاوڕێکەی باسی کێشەیەکی خۆی دەکرد لە کاتی کڕینی ئایفۆنی ٧ لە یەکێک لە گەورە کۆمپانیاکانی کوردستان کە پۆستەکەش بەم شێوەیە بوو:


ئاگاداری !!!
بۆ ھەموو ئەوانەی بە نیازن مۆبایل بکرن و کریویانە !
ئێمە مۆبایلێکی جۆری ئایفۆن ٧ پڵەسمان کری لە بەناو کۆمپانیای (…..) لە بەرواری ٤/٢٤ بە لۆکی و بەشەرتی تازەیی .
پاش ئەوەی زەمانی ئەوەیان پێمان دا کە ریفرێش نەبێت و بەکار نەھاتبێت و ئەمریکی ئەسڵی جۆری LL/A بێت کە باشترینیانە . بردمانە ماڵەوە و پر شەحنمان کرد ھەر پێش بەکار ھێنان نامەیەکی کۆمپانیایەکی پەیوەندی ئەمریکای تیابوو برمانەوە بۆیان،
وتمان ئەوە چیە وتی ھیچ نیە ئەوە ھەر کۆمپانیای ئەمریکی سیمی تێکردووە بۆ تاقی کردنەوە ئێ وتمان چۆن شتی وا ئەبێت ئەوە ھەڵپچراوە وتی نەخێر بەشەرتی ئەوەی ھەڵپچراو نەبێت و کپس کراوە نەبێت ئەمە دوێنێ ئەکتیڤ کراوە ئەگەر وانەبوو بۆت ئەگۆرین . بردمانە لای کەسێکی شارەزا IMEIـی لە ماڵپەڕی سەرەکی ئەپڵ داخڵ کرد دەرکەوت لە مانگی ٢ ئەکتیڤ کراوە پێی وتین ئەمە بەکارھاتووە و بیستۆک و کەرستەکانی بارگاوی کردنەوەی ئەسڵی نیە،
بردمانەوە بۆ کۆمپانیاکە وتی شتی وانیە ئێمە خۆمان سەیری دەکەین و وەڵامتان لێ دەگێڕینەوە ،
وەڵام نەبوو بۆ رۆژی دوایی چوینەوە وتمان بۆ وەڵامتان نەبوو وتیان برۆنە قاتی سەرەوە لەوێ وەڵامتان دەدەینەوە چوینە سەرەوە لەوێ خاوەنی کۆمپانیاکە بەشێوەیەکی زۆر ناشرین وەڵامیان داینەوە .
وتی ھەرئەوەیە دوو رێگا ھەیە یان ئەوەیە مۆبایلەکە بە حسابی ئەوروپی لێت ئەکرینەوە یان ئەوەیە برۆن شکاتم لێ بکەن و ھەروەھا ئیھانەشی کردین وتی ئیتر بەھیچ شێوەیەک قسەش نەکەن، بە کارمەندەکانی وت بەھچ شێوەیەک وەڵامی نەدەنەوە ئەگەر نا دەبێت برۆن .


بەڕێزان چەندین کۆمپانیا و بازرگان هەن لە وڵاتی دوبەی و دەورووبەر کە جاری وا هەیە هەزاران مۆبایل ئۆردەر دەکەن لە ئەمریکا و بە ماوەیەکی کەم دەبێت ئەو مۆبایلانە هەموو بفرۆشن ئینجا زۆر جار ئەو کۆمپانیایە ئەو مۆبایلانەی بەو ماوەیە بۆ ساخ نابێتەوە بۆیە کۆمپانیاکە هەڵدەستێ بە ئەکتیڤ کردنی مۆبایلەکە و پاشان فۆرمات کردنەوە بۆ ئەوەی لای ئەو سەرچاوەی مۆبایلەکانی لێ کریوە وا دابنێت مۆبایلەکانی هەموو فرۆشتووە.
ئەم رێگایە لەبەر دوو هۆکاری خراپە:
١. لە کاتی ئەکتیڤ کردن و کردنەوەی کارتۆنی مۆبایلەکە دەبێتە هۆکار کە خودی ئەو بازرگانە کەلوپەلی ناو کارتۆنەکە وەک کەرستەکانی بارگاو کردنەوە و بیستۆکە ئۆرجیناڵەکەی دەربهێنێت و بیگۆڕێ بە کۆپی و کەرستەی چینی.
٢. لەو کاتەی مۆبایلەکە ئەکتیڤ دەکرێت گەرەنتی مۆبایلەکە ستارت دەبێت (دەست پێ دەکات) لەوانەیە تا دەگاتە دەست جەنابت ٢ بۆ ٣ مانگ بخایەنێت بەمەش تۆ ٣ مانگ لە گرەنتیەکەت لێ رۆیشتووە بێ ئەوەی بشزانی.


چۆن بزانین ئەو مۆبایلەی کە دەیکڕین پێشتر ئەکتیڤ کراوە یان نا؟

پێش ئەوەی هەر بەرهەمێکی کۆمپانیای ئەپڵ بکرێت لە پشتی کارتۆنەکەی ژمارەیەک هەیە پێی دەگوترێت (IMEI) ئەو ژمارەیە لە ڕێگەی ئەم بەستەرەیەی لە خوارەوە دامانناوە بنووسە و سەیری بکە گشت زانیاریەکت پێ دەدات واتە ئەگەر پێشتر ئەکتیڤ کرابێت بەم شێوەیەی کە لە وێنەکە دیارە گشت زانیارییەک لەسەر ڕۆژی ئەکتیڤ کردنەکەی پێ دەڵێت:

https://checkcoverage.apple.com/

ئێستا وەک دەبینن ئەم ژمارەیەی لێماندا پێمان دەڵێت کە ئەو ئایفۆن ٥ـە لە گەرەنتی دەرچووە و نایگرێتەوە.

4 ئایار، 2017
ئاڤاتار
دەرچووی به‌شی كارگێری كۆلیژی به‌رێوه‌بردن و ئابوریم، و به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینم له‌ ماڵپه‌ری تۆڕی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری كوردی، وه‌كو شاره‌زا له‌ بواری خۆپاراستن و كۆمپیوته‌ر و هه‌ردوو سیسته‌می ویندۆز و ماك ئۆ ئێكس و مۆبایل به‌ تایبه‌ته‌ی ئامێره‌كانی كۆمپانیای ئه‌پڵ و سیسته‌می iOS و Android کاردەکەم و لەو بوارە دەنوسم. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌گه‌ڵ ته‌كنه‌لۆژیای تازه‌ تێكه‌ڵم. هه‌وڵ ده‌دەم به‌رگێكی تازه‌ به‌به‌ر شێوازی ڕاگه‌یاندنی ته‌كنه‌لۆژیادا بكەم له‌كوردستان وده‌مەوێت بیخەمە سه‌ر ڕێڕه‌ویی جیهان و له‌گه‌ڵ ئه‌وان هه‌نگاو بنێت.
267