ئینتەرنێت 2, ئایار 2017

دیزایینە تازەکەی یوتیوب کەوتەکار

ماوەیەک لەمەوبەر دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە یوتیوب بەنیازی گۆڕیینی سەرتاسەری دیزایینی یوتیوبە بۆ شێوەیەکی باشتر و خێراتر و زیادکردنی چەند تایبەتمەندیەک بۆ پێگەکەی. ئەوەتا ئەمڕۆ گووگڵی خاوەنی یوتیوب بەفەرمی دیزایینە تازەکەی یوتیوبی بەردەست کرد.

بێگومان ئەو گۆڕانکارییەی یوتیوب بەبۆنەی ١٢ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر دامەزراندنیدا دێت. وە زانراویشە کە گووگڵ بەگشتی پشت بە شێوە دیزایینێک دەبەستێت کە پێی دەڵێن مەتێریاڵ دیزایین و لەم دیزایینەی ئێستای یوتیوبیش هەمان فەلسەفەی جێبەجێکردووە و مەتێریاڵ دیزایینی بەکارهێناوە.

بێگومان یەکێک لە دیارترین گۆڕانکارییەکان بەردەست کردنی دۆخی تاریک واتە Dark Mode ـە بۆ یوتیوب ئەمەش بەبێ هیچ زیادکراوەیەک و ڕاستەوخۆ لەبەشی سەرەوەی پێگەکە لیستێک هەیە لەوێ دەتوانیت دۆخی ڕووناک بگۆریت بە تاریک.

سەرباری دۆخی تاریک، یوتیوب چەندین گۆڕانکاری تری لە ڕووی کەناڵەکان و هەروەها پێشاندانی ڤیدیۆ بەتایبەت Theater Mode کردووە.

ئەو گۆڕانکارییانەی ئاماژەیان پێکرا بێگومان لەڕووی دەرەوە بوون بەڵام لە ڕووی ناوەوە یوتیوب سەرلەنوێ داڕێژراوەتەوە بە پشت بەستن بە کتێبخانەی جاڤای Polymer.

شایەنی باسە لە ئێستادا وەکو بژاردەی بنچینەیی دیزایینەکە بەردەست نییە بەڵام دەتوانیت کرتە لەم بەستەرە بکەیت https://www.youtube.com/new بۆ گۆڕینی ڕووکاری کۆن بۆ نوێ و ئەگەریش بەدڵت نەبوو دەتوانێت لەڕێگەی بژاردەی Restore to classic بیگەڕێنیتەوە بۆ باری ئاسایی و کۆن.

ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە ئەوەیە کە تایبەتمەندی دۆخی تاریک لە ئێستادا بۆ زۆربەی خزمەتگوزارییەکانی وەکو تویتەر و تێلەگرام و ئەوانە بەردەست و بەهیوای ئەوەی کە بۆ زۆربەی خزمەتگوزارییەکانی تریش بەردەست بێت چونکە بەڕاستی کەشێکی خۆشتری هەیە لەکاتی بەکارهێنانی ئەم خزمەتگوزارییانە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ