10
ئەکادیمیا 7, ئایار 2017 بۆچوون

وانەی یەکەم- بنەماکانی “دیزاین”

“دیزاین” چییە؟

“دیزاین” و “چییە(؟)” دوو ووشەی سادەن لە ڕستەیەکی بچووکی ماناشاخداردا.

هەروەک چۆن لە وانەی دەستپێکدا فێربوویت، دەکرێت “دیزاین” کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی خەڵکی هەبێت، ئەو جۆرە کاریگەرییەش هەر خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن، کە کاریگەرییەکی ئەرێییانە یاخود نەرێییانە بێت. بۆ ئەوەی فێری پرینسیپڵەکانی دیزاین ببیت، پێویستە وەکو دیزاینەرێک بیربکەیتەوە. دیزاین هەمەچۆر و فراونە و لەزۆر بواریشدا بەکاردێت.

بەڵام ئایا “دیزاین” چییە؟ ئایا لۆگۆکەی NRTیە کە لەسەر پرۆفایلی سەدان کەس دەبینرێت؟ یان ئیندێکسی هاککەرێکە کە لەسەر ماڵپەڕێکی ئیسڕائیلی دایناوە؟ یان ڕووکارێکی بڵۆگەری/وۆردپرێسی بەکوردیکراوی دزراوە؟

نەخێر خوێنەری ئازیز، لەوانەشە وابێت، بەس وانییە.

 

 

پوختە: “دیزاین” چۆن چۆناییە؟

هەرچەنە “جوانی” یەکێکە لە هەرە بنەماکانی “دیزاین”، بەڵام پێویست ناکات کاتێ ئامێرێک یاخود تابلۆیەک یاخود وێنەیەکی گرافیکیت بینی، ڕاستەوخۆ بڕیار لەسەر جوانییەکەی بدەیت، چونکە “دیزاین” تەنها ئامانجی گەیاندنی جوانی نییە.

١.١ پێناسەی “دیزاین”

“دیزاین” بریتییە لە دەرخستنی چەقی بیرکردنەوەی مێشک، بریتییە لە هەبوونی بۆچوونێک بۆ شتێک، بریتییە لە دەرخستنی چۆنییەتی ئیشکردنی شتێک، بەڵێ! بریتیشە لە خەیاڵێک یاخود بیرۆکەیەک، کە دیزاینەر وەکو ئینتەرپرێتەر لەپشت پەردەی چاوەوە دەیهێنێتە پێش پەردەی چاو. “دیزاین” بەچەندین ڕێگا دەچەسپێنرێت و هەموو ڕێگاکانیش هەمان ئامانجیان هەیە.

١.٢ مەبەست لە بڕگەی “دیزاینی نایاب” چییە؟

ناکرێت بە هەموو دیزاینیک بووترێت دیزاینێکی نایاب. ئەگەر بزانیت بەدوای چیدا بگەڕێیت، ئەوا ئاسانتر دیزاینێکی نایاب لەکاتی سەیرکردندا دەناسیتەوە.

 

١٠ بنەماکەی (دیتێر ڕامز – Dieter Rams) بۆ “دیزاینی نایاب”

دیتێر ڕامز دیزاینەرێکی دەستکردی(پیشەسازی) ئەڵمانییە، کە لەنزیکەوە لەگەڵ کۆمپانیای (براون – Braun)ە کاریدەکرد. بەگوێرەی پێگەی Vitsœ، کە دەڵێن: “پێشتر لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا، دیتێر دیزاینەرێکی بەرچاو و بەناوبانگ بوو لەهەموو جیهاندا. جارێک دیتێر پرسیاری لەخۆی کرد و ووتی: “ئایا دیزاینەکەم دیزاینێکی نایابە؟” “.

دیاربوو کە وەڵامی پرسیارێکی وا هەڕەمەکییانە بەدەستناهێنرێت، هەربۆیە هەستا بە کۆکردنەوەی ١٠ بنەما بۆ ناساندنەوەی “دیزاینی نایاب”.

وێنەی ١٠ بنەماکە:

١٠ بنەما زێڕینەکانی دیزاین ١٠ بنەما زێڕینەکانی دیزاین

١.٣ نەوەکانی “دیزاین”

“دیزاین” تەنها گرافیک نییە. فەرموون، لەگەڵ ئێمە بە جۆرەکانی “دیزاین” لە جیهانی تەکنەلۆژیا و عەولەمەدا ئاشنا ببن:

 

١- گرافیک دیزاین – Graphic design:

بڕگەیەکە کە گروپێک لە دیزاینەران کۆدەکاتەوە. ئەوان کار بە وێنەی هێڵکاری دەکەن، جا چ بە نیگار یان نووسین یان وێنە بێت. بەگشتی، گرافیک دیزاین لەسەر شێوەی دووڕەهەندی – 2D پیشاندەدرێت، جا چ لەسەر شاشەپیکسڵ یاخود چاپکراو بێت. ئەم کۆمەڵەیە لقێکی تری لێ دەکەوێتەوە:

 

پرینت دیزاین – Print Design:

ئەم کۆمەڵەیە جۆرێکن لە گرافیک دیزاینەر. بەڵام زیاتر کار لەسەر چاپ و چاپکاری دەکەن. پێش تەکنەلۆژیا و نەرمەکاڵا و وێب و بژمێری سەردەم، هەموو گرافیک دیزاینەران کاریان لەسەر چاپ کردووە. کارەکانیان بریتیبوون لە دیزاین کردنی: پۆستەری سیاسی و ئاسایی، پەڕەی ڕیکلام لەسەر ڕێگا وبانەکان،  گۆڤار و بەرگی کتێب. ئەم کۆمەڵەیە بەگشتی لە بواری تایپۆگرافی، نەخش و کێشاندا شارەزان.

ئەو تووڵانەی کە گرافیک دیزاینەران بەکاریان دێنن:

  • Adobe Photoshop
  • Adobe Illustrator
  • Adobe InDesign

 

 

٢- ئینتەرئاکشن دیزاین – Interaction Design:

دیزاینەرانی ئەم کۆمەڵەیە لەخۆیان گەنجتر بیردەکەنەوە، سەلیقەی دیزاینی مۆدێرنیان هەیە و  بەهەمان شێوەی گرافیک دیزاینەران بنەما سەرەکییەکانی “دیزاینی نایاب” بەکاربدەهێنن. ئەم کۆمەڵەیە دەکەونە سێ ناوچەی پێنج ئاوەزە سەرەکییەکەی مرۆڤەوە، کە بریتین لە: تامکردن، بینین، بەرکەوتن، بیستن، بۆنکردن. چۆن؟

بینین: سەرنجدان لە پیکسڵ بە پیکسڵی ڕووکارەرێک ئەرکی هەموو تاکێکی ئەم گرووپەیە. چاو بەهێزترین چەک و قەڵەمی دیزاینەرە.

تامکردن: پێش ئەوەی بیخەنە بەردەستان، تامی دەکەن.

بەرکەوتن:  نموونە: Jonathan Ive – جۆناثن ئایڤ (دیزاینەری بەرهەمەکانی ئەپڵ) پێش ئەوەی بهێڵێت ئایفۆنەکەی بکەوێتە بەردەستان، خۆی لەدەستی دەگرێت و هەست بە هەبوون و شێوەو شێوازی ئیشکردنی ئامێرەکە دەکات. پێویستە هەست بە لووسیەتی، زبرێتی، بچووکی و گەورەیی ئامێرەکە بکات.

هەمان ئەم کۆمەڵە دابەش دەبێتەوە بەسەر دوو کۆمەڵەی تر، ئەوانەش بریتین لە:

 

یوزەر ئینتەرفەیس – User Interface Design:

ئەم بڕگەیە واتا: ڕووکاری بەکارهێنەر. ئەم کۆمەڵەیە گرنگی بە شێواز و جوانی دەرکەوتنی ئەو ڕووکارە دەکات کە بەکارهێنەر دەیبینێت. نموونە: ماڵپەری KiTn. هەموو پیکسڵ و پیکسڵۆچکەیەکی ئەم ماڵپەڕە بریتییە لەو ڕووکارەی کە ئەم کۆمەڵەیە دیزاینی کردووە. پوختتر: تەواوی ئەم ماڵپەرەی کە بەچاوت دەیبینیت، بریتییە لە ڕووکارێک کە لەلایەن ئەم کۆمەڵەیەوە دیزاین کراوە.

ئەم کۆمەڵەیە تیشک دەخەنە سەر:

  • وێب دیزاین
  • ڕووکاری نەرمەکاڵاکان
  • سیستەمە کارپێکردنەکان

 

یوزەر ئێکسپێریەنس – User Experience Design:

ئەم بڕگەیە واتا: ئەزموونی بەکارهێنەر. مەبەست: دیزاینەرێک کە ئەزموونی لەگەڵ بەکارهێنەراندا هەبێت، بەجۆرێک کە بزانێت چییان دەوێت و بەدوای چیدا دەگەڕێن. ئەم کۆمەڵەیە بەزۆری وەکو دەروونناس وان، بەشێوەیەک تیشک دەخەنە سەر چۆنییەتی و شێوازی دەرکەوتنی ڕووکارێک، کە بەکارهێنەر بە ئاسانی و ئارامی بتوانێ بگاتە شوێنی مەبەست لە پەڕەی مەبەست. نموونە: بەشی پرسیارو وەلامی ماڵپەڕی KiTn: ئەگەر خوێنەری بەڕێزت یاخود هەر سەردانکەرێک بە ئەستەم بەستەری یاخود شوێنی “پرسیارو وەڵام”تان لە پەڕەی سەرەکی ماڵپەڕی KiTn دۆزییەوە، ئەوا واتە دیزاینەی ئەم ڕووکارە سەرکەوتوو نەبووە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەی وەک User Experience Designerێک. بەهەمانشێوە، ئەگەر خوێنەری بەریزت یاخود هەر سەردانکەرێکی تر پەڕەی “پرسیارو وەڵام”تان بە ئاسانی دۆزییەوە، ئەوا دیزاینەری ڕووکار سەرکەوتوو بوە لە ئەرکەکەی. پێویستە لەسەر ئەم کۆمەڵەیە، کە ڕووکارەکە لەگەڵ چاوی بەکارهێنەرەکە بگونجێنێت.

 

سەرچاوەی وێنە: CareerFoundry

٣- ئیندوستڕیاڵ دیزاین – Industrial Design

ئەم بڕگەیە واتا: دیزاینی دەستکرد یاخود پیشەسازی.

ئەم کۆمەڵەیە تیشک دەخەنە سەر تەنی دەستکرد، جا چ ئامێرێک بێ یان کورسییەک بێ یان هەرشتێک بێ کە بە هەردوو ئاوەزەکەی مرۆڤ هەستی پێبکرێت (بینین، بەرکەوتن). نموونە: ئایفۆن، فڵچەی ددان، ماتۆڕ.

گرنگترین و سەرەکیترین بنەمای ئەم کۆمەڵەیە بریتییە لە بەسوودی پارچە درووستکراوەکە. نموونە: Jonathan Ive – جۆناثن ئایڤ هەستاوە بە دانانی دوگمۆچکەی بێدەنگکردن لەلاتەنیشتی ئایفۆنەوە. بەکارهێنەری ئامێرەکە تەنها بە پاڵپێوەنانی دوگمۆچکەکە بەرەو خوارەوە، ئامێرەکەی دەکەوێتە سەر دۆخی کپی. لەوانەیە ڕێگایەکی تر هەبێ بۆ کپکردن، بەڵام دیزاین وایکرد کە بەکارهێنەرەکە ئاسانتر کارەکەی ئەنجام بدات، ئەم نموونەیە بۆ بڕگەی User Experience Designیش دەشێت.

دیزاینەرە پیشەسازییەکان هەڵدەستن بە بەرهەمهێنان یاخود دیزاینکردنی:

  • ئۆتۆمۆبیل، فڕۆکە و ماتۆڕ
  • ئامێر و کەلوپەلی ئەلیکترۆنی
  • شتومەکی ڕۆژانە

 

سەرنجی نموونەوێنەکەی خوارەوە بدەن:

هێڵکاری کونکەرێک

 

٤- مەوشن گرافیکس دیزاینەر – Motion Graphics Designer:

ئەم بڕگەیە واتا: دیزاینەری جووڵەی گرافیکی (هەڵبەتە ئەمە وەرگێڕانی ووشە-بە-ووشەییە). جیهانی مەوشن گرافیک – Motion Graphic ڕۆژ بەڕۆژ پەرەدەسێنێت. ئەم کۆمەڵەیە هەڵدەستن بە ڕێکخستن و درووستکردنی پارچە ڤیدیۆیەک، کە تێیدا هەموو چینە گرافیکییەکان دەست بە جووڵە دەکەن. ئەم دیزایینەرانە بە لێکدانی وێنەی ستاتیک و تێکست و مۆسیقاو  چینەکانی تر پارچە ڤیدیۆیەکی ناوازە دەهێننە بوونەوە، کە هەموویان بەیەکەوە دەست بە جووڵە و سەما دەکەن.

مۆوشن گرافیک دیزاینەرەکان بەگشتی یان هەڵدەستن بە درووستکردنی ڤیدیۆگرافیکێک کە تیایدا ئامێرێک یاخود شتێک نماییش دەکرێ، یان هەڵدەستن بە درووستکردنی ڤیدیۆگرافیکێک، کە لەپێش بابەتی مەبەستەوە دەستپێدەکات. نموونە: ڤیدیۆ ٣٠ چرکەییەکەی کەناڵی میدیایی ڕووداو یاخود نالیا، کە لەپێش دەستپێکردنی هەواڵەکاندا دەردەکەوێت.  

سەرنج بدەنە ڤیدیۆکەی خوارەوە، کە نموونەیەکە لەسەر Motion Graphics Design:

 

٥- ئانیمەیتە – Animator

واتای بڕگە: جووڵێنەر.

بەبێ ئانیمەیتەرەکان، هیچ ڤیدیۆیەکی یاخود فیلمێکی ئەنیمەیشنی بوونی نەدەبوو. بەوەشەوە نەوەستێ، هیچ یارییەکی ئەلیکترۆنی نەئەبوو کە چێژی لێوەربگیرێت. ئەم کۆمەڵەیە ڕۆڵیکی گرنگی کۆمەڵگای ئێستا دەبینێت، چونکە زۆرینەی خەڵکی بە ڤیدیۆ ئەنیمەیشنەکانەوە سەرقاڵن. دیزاینەرانی ئەم کۆمەڵەیە هەڵدەستن بە درووستکردنی ئەنیمەیشن بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان و فیلمەکان و کارە میدیاییەکان لەسەر شێوەی ٢ یاخود سێ ڕەهەندی. بەشێوەیەکی گشتی کار لەسەر وێنەی جووڵاو دەکەن.

ئەو تووڵانەی کە ئانیمەیتەرەکان بەکاریان دێنن:

  • 3ds Max
  • Maya
  • Cinema 4D
  • After Effects
  • Blender

نموونەی یەکێک لەو تووڵانەی کە لەبواری ئەنیمەیشنا بەکاردێت:

 

 

٦- ئینتێریە دیزاین – Interior Design

واتای بڕگە: دیزاینی ناوەکی.

 مەبەست لە دیزاینی ناوەکی، دیزاینی کەلوپەل و دەورووبەرە. ئایا هەرگیز چوونەتە نێو فرۆشگایەکی مۆبیلیاتەوە؟ بینیوتانە بە ڕێکخستنی پارچەکانی ژووری- نووستن (دانیشتن، ئۆفیس) بەیەکەوە چۆن نماییشی ژوورەکە دەکەن؟ سەرنجی وێنەکەی خوارەوە بدەن:

ژووری دانیشتن ژووری دانیشتن

 

ئایا ئەمە ناوازە نییە؟ زەخمە!

دیزاین تەنها بۆ کاری گرافیکی و خەیاڵی بەکارنایەت، دیزاین لەهەموو شوێنێکدا بوونی هەیە، تەنانەت لەو جلانەی کە ئێستا لەبەرتن.

نهێنی ئەم هەموو جوانییە چییە؟ کەلوپەلەکانن؟ نەخێر. نهێنییەکە لە بەکارهێنانی واڵایی(بۆشایی)دایە. دەتوانیت بە جوانترین کەلوپەل ناشیرینترین ژوور دیزاین بکەیت و بە ناشیرینترین کەلوپەل ژوورێکی ڕێکوپێک دیزاین بکەیت.

گرنگترین ئەو شتانەی کە ئەم کۆمەڵەیە لە کاتی کارکردندا بەکاریدێنن بریتییە لە:

  • واڵایی
  • ڕەنگ
  • هێڵکاری (لەسەر کاغەز یان بەشێوەی گرافیک)
  • چاو

 

ئەو تووڵانەی کە لەم بوارەدا بەکاریاندێنن:

  • Photoshop
  • AutoCAD
  • Revit
  • SketchUp

 

٧- ئارکیتێکچراڵ دیزاین – Architectural Design

واتای بڕگە: دیزاینی تەلارسازی.

دانانی نەخشەو پلان بۆ خانو و بینا و تەلار ئیشی ئارشیتێکت دیزاینەرەکانە. ئەمان دەبنە وەرگێڕی بیرۆکەی ئەندازیاران، ئارشیتێکتەرەکان و کڕیاران. بیرۆکەکان وەردەگێڕنە سەر نەخشەی کێشراو و شێوازی سێ ڕەهەندی، بە بەکارهێنانی هەریەک لە تووڵەکانی AutoCAD و Revit. ئارشیتێکت دیزاین تێکەڵەیەکی هونەر و تەکنەلۆژیا و زانستە. بەشێوەیەکی گشتی، بیرۆکەیەکی ئارشیتێکتی کۆمەڵێک کەسی دەوێت بۆ نەخشاندنی لەسەر شێوازی سێ دووری.

نموونەوێنە:

 

٣. ستاتیستیک

دەربارەی بنەمای سەرەکی دیزاین، پرسیار لەسەر بۆچوونی ٧٨ بەڕێوبەری بەشگە و دیزاینەر و ئەندازیاری بەئەزموون کراوە. بۆ زانینی بیروبۆچوونەکانیان، سەرنجی وێنەئامارەکەی خوارەوە بدەن، کە ڕێژەی گرنگی هەریەک لە بنەماکان بەپێی بیروبۆچوونی خاوەن بەشگەو ئەندازیاران و دیزاینەران دابەشکراوە.

 

لێرەدا وانەی یەکەم کۆتایی پێدێت. چاوەڕوانی وانەی داهاتوو بن.

وانەی یەکەمت نەخوێندووەتەوە؟ کرتە بکە بۆ بینینی وانەی یەکەم.

بۆچونی تۆ