10
ئاسایشی ئەلیکترۆنی 13, ئایار 2017 بۆچوون

بەهۆی هێرشێکی ئەلیکترۆنیەوە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا چەندین ئامێر لە چەندین دامودەزگای گرنگ پەکخران

لە دوێنێوە چەندین ماڵپەڕی بواری تەکنەلۆژی لە جیهاندا سەردێڕی هەواڵەکانیان بە هەواڵێکی زۆر ترسناک گەرم بووە! ئەویش بابەتێکی تایبەتە بە نەرمەکاڵایەکی بواری سیخوڕی و پێوەکراوێکی زیانبەخش بە ناوی (Ransomware-wannacry)

بەپێی ئەو هەواڵانەی لە چەند وڵاتێکی ئەوروپیەوە  ئاماژەیان بە بابەتەکە داوە، ئەو نەرمەکاڵا زیانبەخشە توانیویەتی بەناو چەندین ئامێری جێگیر کە لە چەندین دامودەزگای گرنگدا جێگیرکراون بڵاوببێتەوە و توشی زیانیان بکات و زانیاریەکانی ناو ئامێرەکان بە تەواوی دەستی بەسەرداگیراوە، وەکو نەخۆشخانە جیهانیەکان، بانکەکان، و هەندێک کۆمپانیای زەبەلاحی جیهانی توشی ئەم کێشەیە بوونە، چەند نەخۆشخانەیەک لە وڵاتەکانی سکۆتلەندا و بەریتانیا ئەوەیان پشت ڕاست کردەوە و دانیان بەوەدا ناوە کە سیستەمی ئامێرەکانیان وەستێندراوە و لەکارکەوتوون، بەهۆی (ڕانسۆموێرەوە)، شایەنی باسە ئەم نەرمەکاڵایە کێشە بۆ هەریەک لە ئامێرەکانی (کۆمپیوتەر و تابلێت و مۆبایلە هۆشمەندەکان) دروست دەکات، ئەمەش ترسێکی زۆری لە وڵاتانی ئەوروپی و لەم دواییانەشدا چەندین وڵاتی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە عێراق و کوردستانیشەوە دروست کردووە دوای ئەوەی دەرکەوت لەناو ئەو سنورەدا ڕێژەیەکی زۆری ئامێرەکانی پەکخستووە.

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ ئەو ئامێرانەی تووشی ئەم کێشەیە دەبنەوە ڕاستەوخۆ هەموو زانیاریەکانی ناو ئامێرەکە لەلایەن داڕێژەرانی ئەم نەرمەکاڵایەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و بەکارهێنەرانی ئامێرەکان ناتوانن سوود لە زانیاریەکانی خۆیان ببین، چونکە کەسانی داڕێژەری ئەو نەرمەکاڵایە ڕێگریان لێدەکەن ، لەبەرامبەردا داوای بڕە پارەیەک دەکەن تاکو خاوەنی ئامێرەکان بتوانن زانیاریەکانیان دەست بکەوێتەوە، بڕی پارەکە سەرەتا داوای (300$) دەکەن لە بیتکۆین، دوای ئەو ماوەیە کە دیاری کراوە لە ئەگەری  دواکەوتنی پارەدانەکە،   بڕە  پارەکەش زیاد دەکات بۆ (600$) و لە ئەگەرێکدا  خاوەنی ئامێرەکە دوای ماوەیەکی دیاریکراو ئەو پارەیە نەدات ئەوا هەموو زانیاریەکانی بە شێوەیەکی یەکجاری دەسڕێتەوە.

شایەنی باسە ئەم نەرمەکاڵا زیانبەخشە  زیانی بە چەندین نەخۆشخانەوە و بانک و فڕۆکەخانە و کۆمپانیاکانی پەیوەندی  بەناوبانگی وڵاتانی ئیسپانیا و میصر و چەندین وڵاتی دیکە گەیاندووە، بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کۆمپانیای کاسپەرسکای تایبەت بە پاراستنی ئامێرە تەکنەلۆژیەکان باسکراوە، ئاماژەیان بەوە داوە زیاتر لە 95 هەزار ئامێر بەم کێشەیە کەوتوونەتە ژێر مەترسیەوە و بەردەوامیش ئەم ژمارەیە ڕوو لە زیادبوونە!

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەم نەرمەکاڵایە هەمان ڕێگا و پلانی دەزگا سیخوڕیەکانی وڵاتی ئەمریکا  بەکاردێنن بۆ دزەکردن بۆ ناو ئامێرەکان ئەمەش وایکرادووە بە کاتێکی زۆرکەم بە شێوازێکی زۆر خێرا بڵاوببێتەوە ، بۆ زانیاری زیاتر پێمانخۆشە ئاماژە بەوە بدەین کە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لەم دواییەدا چەندین نوێکردنەوەی بۆ سیستمەکانی نارد تاکو بەکارهێنەران پارێزراو بن لەم کەلێنەی پێشتر لە سیستمەکانیدا هەبوو.

ئامۆژگاری بۆ هەموولایەک تاکوو لەم هێرشە ئەلکترۆنیە پارێزراوبن ئەوەیە، بە هیچ شێوەیەک نەرمەکاڵا لە سەرچاوە باوەڕپێنەکراوەکان دامەبەزێنن و خۆتان لە فایلی تۆرێنت و لینکی گوماناوی بپارێزن چونکە توشبوون بەم کێشەیە بە ئاسانی چارەسەر نابێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ