مۆبایل و تابلێت
19, ئایار 2017
ئاماری باشترین فرۆشتنی مۆبایله زیره‌که‌کان له چارەکی یه‌که‌می ساڵی ٢٠١٧ دا

له‌سەر ئاستی مۆبایله ئه‌ندرۆیده‌کان، ئاماره‌کان بۆ باشترین ڕێژه‌ی فرۆشتنی مۆبایله ئه‌ندرۆیده‌کان له چاره‌کی یه‌که‌می ساڵی ٢٠١٧ دا ئه‌نجامێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو ده‌دات به‌ده‌سته‌وه! چونکه زۆربه‌مان پێشبینی ده‌که‌ین ئه‌و مۆبایله‌ی زۆرترین ڕێژه‌ی لێ فرۆشراوه یه‌کێك بێت له مۆبایله نوێیه‌کانی یه‌کێك له کۆمپانیا به‌ناوبانگه‌کانی وه‌کو سامسۆنگ، هواوه‌ی یان شاومی، به‌ڵام ئاماره‌کان ئاماژه به مۆبایلێكی دوور له پێشبینیه‌کانمان ده‌که‌ن، ئه‌ویش (Oppo R9s)ـه، که له‌سه‌ر ئاستی مۆبایله ئه‌ندرۆیده‌کان به پله‌ی یه‌که‌م دێت و نزیکه‌ی ٨.٩ ملیۆن دانه‌ی لێ فرۆشراوه.
کۆمپانیای ئۆپۆ کۆمپانیایه‌کی چینیه و به‌رهه‌مه‌کانی به تایبه‌تمه‌ندی باش و نرخی گونجاو به‌ناوبانگن، زۆرینه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی له ناوخۆی وڵاتی چین و وڵاتی هیندستان ساغ ده‌کاته‌وه. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو مۆبایله‌کان به سیسته‌مه وه‌گه‌ڕخه‌ره جیاوازه‌کانه‌وه، دوو به‌رهه‌مه به‌ناوبانگه‌که‌ی کۆمپانیای ئه‌پڵ (iPhone 7/ 7 Plus) به پله‌ی یه‌که‌م و دووه‌م دێن، به‌شێوه‌یه‌ك ئایفۆن ٧، ٢١.٥ ملیۆن دانه‌ی لێ فرۆشراوه و ئایفۆن ٧ پڵه‌س, ١٧.٤ ملیۆن دانه‌ی لێ فرۆشراوه. هه‌رچه‌نده ئه‌م دوو به‌رهه‌مه‌ی ئه‌پڵ له ساڵی پار ڕاگه‌یه‌نراون، به‌ڵام له چاره‌کی یه‌که‌می ئه‌مساڵیشدا باشترین ڕێژه‌ی فرۆشتنی تۆمار کردووه!
وه ئه‌گه‌ر ئامارێك به گشتی بۆ هه‌موو جۆره‌کانی مۆبایلی زیره‌ك وه‌ربگرین، ئه‌وا ئاماره‌کان پێمان ده‌ڵێن که ته‌نها له چاره‌کی یه‌که‌می ساڵی ٢٠١٧ دا ٣٥٣.٣ ملیۆن مۆبایلی زیره‌ك فرۆشراون له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، که ئه‌م ژماره‌یه‌ش ٦.١% ی زیاتره له ژماره‌ی فرۆشراوی مۆبایله زیره‌که‌کان له ساڵی ڕابردوودا.