سۆنی 22, ئایار 2017

تایبەتمەندییەکانی ئێکسپیریا XZ1 و XZ1 Compact و X1 دزەیان پێکرا

کۆمپانیای سۆنی ساڵی پار ئێکسپیریا XZی نمایش کرد، ئێستاش وا چاوەڕوان دەکرێت کۆمپانیای سۆنی لە کۆنگرەی IFAـی ئەمساڵدا سێ بەرهەم بە ناوەکانی XZ1 و XZ Compact و X1 نمایش بکات. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دزەیان پێکراوە ئێکسپیریا XZ1 قەبارەی ڕوونماکەی ٥.٢ ئینچ دەبێت بە ڕوونی Full HD واتە ١٩٢٠ بە ١٠٨٠ پێکسڵ، بەپێی دەنگۆیەکانیش پێشبینی دەکرێت مۆبایلەکە پڕۆسێسەری سناپدراگۆن 835ی لەسەر جێگیر بکرێت کە لەجۆری هەشت ناوکییە.

هەربەپێی دەنگۆیەکانیش بێت ئەوا ڕامی ئەم مۆبایلە 4 گێگابایت دەبێت، هەروەها توانستی پاتریەکەی ٣٠٠٠ میلی ئەمپێر دەبێت. بە لەبەرچاو گرتنی ڕوونی ڕوونماکەی و پڕۆسێسەری سناپدراگۆن 835 توانستێکی زۆر گونجاوی بۆ دانراوە چونکە ئەو پڕۆسێسەرە وا دەکات کەمترین ڕێژەی وزەی پاتری بەفیرۆ بڕوات.

جێگەی باسە، بە بەراورد کردن بە ئێکسپیریا XZ، قەبارەی ڕوونما و ڕوونییەکەی گۆڕانکارییان تێدانیە، بەڵام XZ پڕۆسێسەرەکەی سناپدراگۆن ٨٢٠ بوو، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت کە XZ1 پڕۆسێسەرەکەی سناپدراگۆن ٨٣٥ بێت. وە لە جێگای ٣ گێگابایت ڕام، XZ1 ڕامەکەی ٤ گێگابایت دەبێت و توانستی پاتریەکەشی ١٠٠ میلی ئەمپێر زیادی کردووە.

شایەنی باسە کە هەریەکە لە مۆبایلەکانی XZ1 و XZ1 Compact و X1 بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمساڵ لە کۆنگرەی IFA لە شاری بەرلین نمایش دەکرێن. زانیاریەکانیش باس لەوە دەکەن کە XZ1 Compact قەبارەی ڕوونماکەی ٤.٦ ئینچ دەبێت بە ڕوونی HD و پڕۆسێسەری سناپدراگۆن 835ی لەسەر جێگیر دەکرێت، وە توانستی پاتریەکەی ٢٨٠٠ میلی ئەمپێر و ڕامی مۆبایلەکەش ٤ گێگابایت دەبێت.

سەبارەت بە ئێکسپێریا X1ـیش، پێدەچێت قەبارەی ڕوونماکەی ٥ ئینچ بێت بە ڕوونی Full HD و ڕامەکەشی ٤ گێگابایت بێت، بەگوێرەی تایبەتمەندیەکانیشی بێت یەکێک دەبێت لە مۆبایلە ئاست مامناوەندەکان چونکە وابڕیارە پڕۆسێسەری سناپدراگۆن ٦٦٠ی لەسەر جێگیر بکرێت و پاتریەکی لەسەر دابنرێت کە توانستی ٢٨٠٠ میلی ئەمپێر دەبێت.

شایەنی باسە، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە تەکنەلۆژیاییەکی نوێ لە کامێرای هەر سێ بەرهەمەکە بەکاردەهێندرێت بە ناونیشانی (Full Pixel Continuous And Shoot)، هەروەها سەرچاوەکان دەڵێن کە ڕوونی کامێرای هەر سێ بەرهەمەکە ١٩ مێگاپیکسڵ دەبێت ئەمەش هەمان ئەو ڕوونییەیە کە کۆمپانیاکە پێشتر لە ئێکسپیریا ئێکس زێد پریمیەم بەکاریهێناوە. لە یادیشمان نەچێت کۆمپانیای سۆنی تەنها بەم سێ بەرهەمەوە ناوەستێت و بەنیازی بەرهەمهێنانی مۆبایلێکی ترە بە ناوی Xperia X Ultra کە وا بڕیارە ئەمساڵ بناسێنرێت بەڵام کاتەکەی بە تەواوەتی دیارنیە.

سەرچاوە :
تاگەکان ئێکسپێریا سۆنی
بۆچونی تۆ