ئامێرە هەمەجۆرەکان 13, حوزه‌یران 2017

نوێترین کۆمەڵە یاری سۆنی بۆ بەکارهێنەرانی پلەیستەیشن بریتییە لە PlayLink

لە میانەی پێشانگای E3دا کۆمپانیای سۆنی لە پاڵ یارییە ئاساییەکانیدا کۆمەڵێک یاری تری ڕاگەیاند کە بە PlayLink ناویان دەبات، جیاوازی ئەم یارییانە ئەوەیە کە لەجیاتی بەکارهێنانی دەسکی یاریکردنی ئاسایی پلەیستەیشن مۆبایلەکان(لەوانەیە تابلێتیش)ی سیستەمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس دەبەسترێنەوە بە ئامێری پلەیستەیشن ٤ەوە و بۆ یاریکردن بەکاردێن.

یارییەکانی ئەم کۆمەڵەیە تایبەتن بە پلەیستەیشن ٤ و تەنها بۆ بەکارهێنەرانی ئەو ئامێرە بەردەستن و لە ئێستادا ناوی ٥ یاری ڕاگەیەندراوە کە سەر بەو کۆمەڵە یارییەن ئەوانیش بریتین لە: !Hidden Agenda, Frantics, Knowledge is Power, Singstar Celebration, That`s you.

لە ئێستادا ترەیلەری تەنها دوو لە یارییەکان نمایش کراوە ئەوانیش Hidden Agenda و !That`s youن.

 

 

سوودی بەکارهێنانی مۆبایل لەبری دەسکی یاریکردن ئەوەیە کە زۆربەی خەڵک لە ئێستادا مۆبایلی زیرەکیان هەیە(پێم وابێت کەسێک مۆبایلی زیرەک بەکارنەهێنێت یاری ڤیدیۆییش ناکات!) کە ئەمەش زۆر پێویستە بۆ ئەم یارییانە چونکە وەک لە ترەیلەرەکاندا دیارە ئەم یارییانە بۆ ئەوە دروست کراون کە تاوەکو ٤ یان ٥ کەس لە یەک کات و شوێندا بەشداری لە یارییەکدا بکەن و هەبوونی ٤ یان ٥ دەسکی یاریکردنیش لە یەک کات و شوێندا کەمێک قورسە و پارەیەکی زۆری دەوێت بەڵام بەکارهێنانی مۆبایل کێشەکە چارەسەر دەکات، نایابە!

هەروەها بەپێچەوانەی دەسکی یاریکردنەوە مۆبایل ڕوونمای هەیە ئەمەش ڕێگا بە هەریەک لە بەکارهێنەران دەدات کە جگە لەو زانیارییە گشتییانەی هاوکات لەگەڵ هاوڕێکانیان لەسەر ڕوونمای تی ڤییەکە دەیبینن کۆمەڵێک زانیاری تایبەت بەخۆیان و کارەکتەرەکانیان لەسەر ڕوونمای مۆبایلەکانیان ببینن کە ئەمەش هەمەجۆری و توانایەکی زۆر بەم کۆمەڵە یارییە دەبەخشێت و جیایان دەکاتەوە لە یارییەکانی تر.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ