10
ئای ئۆ ئێس 22, حوزه‌یران 2017 بۆچوون

١٣ زیادکراوی جەیلبرێک کە ئەپڵ بەردەستی کردووە لە وەشانی iOS 11ـەدا

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا کۆمپانیای ئەپڵ نوێترین وەشانی خۆی نمایش کرد کە بە شێوەی تاقی کاری تا پایزی ئەمساڵ خراوەتە بەردەست گەشەپێدەرانی کۆمپانیاکە بۆ ئەوەی تەواوی کەم و کوڕی و گۆڕانکارییەکانی تێدا ئەنجام بدەن، ئەم وەشانەش وەشانی iOS 11 بوو کە لە ڕووی شێوە و ڕووکارەوە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی تێدا نەکراوە، بەڵام لە خوودی وەشانەکە چەندین تایبەتمەندی و گۆڕانکاری لە ڕووی سیستەمە کراوە کە پێشتر بەکارهێنەران تەنها ئەگەر ئای دیڤایسەکانیان جەیلبرەیک بوایە دەیانتوانی ئەنجامی بدەن، ئەم هەنگاوانەی کۆمپانیای ئەپڵیش بۆ ئەوەیە کە بەکارهێنەران دوور بکەونەوە لە جەیلبرەیک.

١. گۆڕین و دەستکاری کردنی کۆنتڕۆڵ سێنتەر:

پێشتر لە وەشانەکانی تر نەتدەتوانی کۆنتڕۆڵ سێنتەر دەستکاری بکەیت بەڵام لەم وەشانە نوێیەدا دەسەڵات دراوە بە بەکارهێنەر کە تایبەتمەندی و کردار و فرمانەکانی کۆنتڕۆڵ سێنتەر بە ئارەزووی خۆت دەستکاری بکەیت، پێشتر ئەم کردارە لە ڕێگەی هەردوو زیادکراوی جەیلبرەیک CChide و Onizuka ئەنجام دەدرا.

٢. تۆمار کردنی ڕوونمای ئای دیڤایسەکەت:

کۆمپانیای ئەپڵ هیچ کاتێک ڕێگەی بە بەکارهێنەران نەداوە کە بتوانن ڕوونمای مۆبایلەکانیان تۆمار بکەن، لە کاتێکدا ئەم تایبەتمەندییە گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ بەکارهێنەران بۆ ئەوەی بتوانن فێرکاری و کار ئاسانییەکانی ڕۆژانەی خۆیان لە ڕێگەی ئەم تایبەتمەندییەوە ئەنجام بدەم بەڵام لە وەشانی iOS 11ـدا ئەم تایبەتمەندییە زیاد کراوە کە پێشتر ئەم کردارە بە ڕێگەی هەردوو زیادکراوی جەیلبرەیک Display Recorder و CCRecord ئەنجام دەدرا.

٣. جێگیر کردنی تێبینیە گرنگەکان:

یەکێک لەو ئەپە جێگیر کراوانەی سیستەمی وەگەڕخەری iOS ئەپی تایبەت بە نووسینی تێبینیەکانە زۆرجاریش بە هۆی زۆری تێبینییە نووسراوەکان کەمێک کاتت دەوێت بۆ ئەوەی ئەو تێبینیەی گرنگە بیدۆزیتەوە بەڵام ئەم کۆمپانیای ئەپڵ ئەم کارەشی لە وەشانی iOS 11ـدا چارەسەر کردووە و دەسەڵاتی داوە بە بەکارهێنەر کە ئەو تێبینیانەی گرنگ جێگیریان بکات، ئەم کردارە پێشتر لە ڕێگەی زیادکراوی جەیلبرەیک Thumbtack ئەنجام دەدرا.

٤. چالاک کردنی هێلی ئینتەرنێت لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵ سێنتەر:

یەکێکە لە زیاد کراوە هەرە گرنگەکان بۆ وەشانی iOS 11 کە بەکارهێنەر دوور دەخاتەوە لەوەی کە بچێتە بەشی Settings بۆ چالاک کردن و ناچالاک کردنی هێلی ئینتەرنێتی سیم کارد، هاوشێوەی سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید لەم وەشانە نوێیەدا بەکارهێنەر دەتوانێت ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵ سێنتەر ئەم کردارە ئەنجام بدات، بە هەمان شێوە ئەم کردارەش پێشتر لە ڕێگەی زیادکراوی جەیلبرەیک CCDataMore ئەنجام دەدرا.

٥. وەرگێڕانی زمانەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی یارمەتیدەری کەسی ناسراو بە Siri:

کۆمپانیای ئەپڵ گرنگیەکی زۆر بە یارمەتیدەری کەسی ناسراو بە Siri دەدات و گشت ساڵێک لە کۆنگرەکانی تایبەت بە گەشەپێدەران چەندین گۆڕانکاری و چاککاری لەم تایبەتمەندییەدا دەکات و زیادکراوی پێویست و نوێی بۆ زیاد دەکەن، لە وەشانی iOS 11ـدا تایبەتمەندی وەرگێڕانی زمانەکانی بۆ یارمەتیدەری کەسی ناسراو بە سیری زیاد کراوە، کە ئەم کردارەش پێشتر لە ڕێگەی زیاد کردنی زیاد کراوێک بە ناوی AssistantExtensions و زیادکراوی جەیلبرەیک بە ناوی Lingual ئەنجام دەدرا.

٦. پشکنین و خوێندنەوەی بارکۆد:

ئەم تایبەتمەندییە زۆر دەمێکە لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆیدا هەیە وە کۆمپانیای ئەپڵیش کاتێکی زۆری ویست تاکو ئەم تایبەتمەندییەی بۆ سیستەمە وەگەڕخەرەکەی زیاد کرد، پێشتر ئەم کردارە لە ڕێگەی زیادکراوی جەیلبرەیک NativeQR ئەنجام دەدرا.

٧. ڕاکێشان و گۆڕینی شوێنی چەند وێنۆچکە (ئایکۆن)ـەکانی سەر ڕوونما بە یەک جار:

پیشتر لە گشت وەشانەکانی iOSـدا گۆڕین و جێگۆڕکێ پێکردنی ئایکۆن و ئەپەکانی سەر ڕوونما دانە دانە دەکرا بەڵام خۆشبەختانە کۆمپانیای ئەپڵ لە وەشانی iOS 11ـەدا ئەم تایبەتمەندییەی زیاد کردووە کە دەسەڵات بە کارهێنەر دەدات کە لە یەک کاتدا زیاتر لە ئەپ و ئایکۆنێک جێگۆڕکێ پێ بکات لە لاپەرەیەک بۆ لاپەڕەیەکی تر لە نێو سیستەمەکەدا، پێشتریش ئەم کردارە لە ڕێگەی زیادکراوی جەیلبرەیک  MultiIconMover و MultiActions ئەنجام دەدرا.

٨. سەیر کردنی وێنە جوڵاوەکانی GIF لە ئەپی تایبەت بە وێنە:

لە وەشانی iOS 11ـەدا دەتوانی سەیری وێنە جوڵاوەکان بکەیت لە جۆری GIF کە پێشتر ئەم تایبەتمەندییە بوونی نەبووە لە سیستەمی وەگەڕخەری iOS، ئەم کردارە پێشتر لە ڕێگەی زیادکراوی جەیلبرەیک GIFViewer ئەنجام دەدرا.

٩. چاککاری لە تایبەتمەندی بارودۆخی تایبەت بە شەو:

یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی کۆمپانیای ئەپڵ جێگیر کردن و زیادکردنی تایبەتمەندی بارودۆخی شەو بوو بۆ سیستەمی وەگەڕخەری iOS، کە ئەمەش یارمەتی بەکارهێنەر دەدات لە شەوان و لە شوێنە تاریکەکان ڕاستەوخۆ ڕەنگی ڕوونماکەی بگۆڕێت بۆ ڕەنگی زەرد بۆ ئەوەی زیان بە چاوەکانمان نەگەیەنێت، ئەم تایبەتمەندییە چەند چاککارییەکی تێدا کراوە بەڵام تا ئێستا لە لایەن کۆمپانیای ئەپڵەوە بە شێوەیەکی فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە ئەم چاککاریەش ناوی لێنراوە Smart Invert، پێشتر ئەم کردارە لە ڕێگەی زیادکراوی جەیلبرەیک Noctis و Eclipse ئەنجام دەدرا.

١٠. چالاک کردنی تایبەتمەندی کەم خەرج کردنی باتری لە بەشی کۆنتڕۆڵ سێنتەر:

ئەم تایبەتمەندییە لە وەشانی iOS 9ـدا زیاد کرا لە لایەن کۆمپانیای ئەپڵەوە، لە وەشانی iOS 11ـەدا چیتر پێویست ناکات لە ڕێگەی Settingsـەوە ئەم فرمانە چالاک بکەیت بەڵام ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵ سێنتەرەوە دەتوانیت چالاکی بکەیت، ئەم کردارەش پێشتر لە ڕێگەی زیادکراوی جەیلبرەیک CCLowPower ئەنجام دەدرا.

١١. تەختەکلیلی بچووک:

زۆر جار لە کاتی بەکارهێنانی مۆبایل نەمانتوانییوە بە دوو دەست نووسینەکانمان ئەنجام بدەین لەبەر گەورەیی تەختەکلیلەکە، کۆمپانیای ئەپڵ لە وەشانی iOS 11ـەدا لە ڕێگەی زیاد کردنی تایبەتمەندی One-handed keyboard بەکارهێنەر دەتوانێت تەختەکلیلەکەی بچووک بکاتەوە و بە یەک دەست نووسینەکانی ئەنجام بدات، ئەم کردارەش پێشتر لە ڕێگەی زیادکراوی جەیلبرەیک OneHandWizard ئەنجام دەدرا.

١٢. جولاندنی AirPods و ئەنجامدانی کردارەکان بە پێی خواستی بەکارهێنەر:

ئەم تایبەتمەندییە تایبەتە بە نەوەی نوێی بیستۆکی جۆری AirPods، کە لە وەشانی iOS دەدا بەکارهێنەر دەتوانێت بە پێی جولەی لەش کردارەکانی کار پێکردن بیستۆکی AirPods ئەنجام بدات و گۆڕانکاری تێدا بکات، وە پێشتر بۆ ئای دایڤایسەکان لە ڕێگەی زیادکراوی جەیلبرەیک Siliqua دەتتوانی شێوە و جولاندنەکان و کارپێکردنی کردارەکان و فرمانەکان ڕێک بخەیت.

١٣. بچووک کردنەوەی فرمانی کۆنتڕۆڵ کردنی دەنگ:

ئەم تایبەتمەندییەش بە یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکان دادەنرێت کە گواستنەوەی ڕووکاری بەرز و نزم کردنەوەی دەنگە کە لە وەشانەکانی پێشووتر لە نێوەندی ڕوونماکە دەردەکەوت بەڵام ئێستا کۆمپانیای ئەپڵ ئەم فرمانەی لە وەشانی iOS 11ـەدا گواستۆتەوە بۆ بەشی سەرەوەی دەستە ڕاستی ڕوونماکە بۆ ئەوەی بەکارهێنەر بێزار نەکات و بتوانێت لە کاتی بەرز و نزم کردنەوەی دەنگ ڕوونمای ئای دیڤایسەکەی ببینێت، پێشتریش ئەم کردارە لە ڕێگەی هەردوو زیادکراوی جەیلبرەیک StatusHUD و Sonus ئەنجام دەدرا.

بۆچونی تۆ