ئەندرۆید
20, حوزهیران 2017
وەنپڵەس مۆبایلی وەنپڵەس ٥ی ڕاگەیاند

دوای چاوەڕوانییەکی زۆر کۆمپانیای وەنپڵەس نوێترین مۆبایلی خۆی بەناوی وەنپڵەس ٥ ڕاگەیاند کە خاوەن تایبەتمەندی بەرز و نرخێکی گونجاوە لەچاو تایبەتمەندییەکانی.
مۆبایلە نوێیەکە هاوشێوەی کۆمەڵێک لە باشترین مۆبایلەکانی ئەمساڵ لەسەر پرۆسێسەری سناپدراگۆن ٨٣٥ کار دەکات کە خاوەن ٨ ناوکی کریۆ ٢٨٠یە و خاوەن یەکەی چارەسەری گرافیکسی (ئەدرێنۆ ٥٤٠)ە و بە قەبارەی ڕامی ٦ گب و ٨ گب و قەبارەی بیرگەی ناوەکی ٦٤ گب و ١٢٨ گب بەردەستە.
هەروەها خاوەن کامێرایەکی جووتە هاوێنەیە کە لە دوو هاوێنەی دروستکراوی سۆنی پێکدێت بە ڕوونییەکانی ١٦+٢٠ مێگاپیکسڵ و تیرەی چاوی F/1.7 و F/2.6، لە ڕووی پێشەوەش کامێرایەک بە ڕوونی ١٦ مێگاپیکسڵ هەیە.

ڕونمای مۆبایلەکە ٥.٥ ئینچە بە ڕوونی 1080P و لە جۆری Optic Amoledە و هاوشێوەی ئایفۆن ٧ و گالەکسی ئێس ٨ و هواوەی ئۆنەر ٩ خاوەن تایبەتمەندی DCI-P3یە.
فراوانی پاتری مۆبایلەکە ٣٣٠٠ میللی ئەمپێر/کاتژمێرە و تایبەتمەندی Dash charge وادەکات مۆبایلەکە زۆر بە خێرایی بارگاوی ببێتەوە.
ئەستووری مۆبایلەکە تەنها ٧.٢٥ میللی مەترە بەڵام خاوەن کۆمەڵێک تایبەتمەندی نایابە، هەستەوەری پەنجەمۆر لە ڕووی پێشەوە بوونی هەیە و بلوتوث ٥.٠ و دەرچەی بیستۆکی ٣.٥ مم و NFC کۆمەڵێکی ترن لە تایبەتمەندییەکان.
مۆبایلەکە بە ڕووکاری Oxygen OS کار دەکات کە لەسەر وەشانی ئەندرۆید نوگەت ٧.١ بنیاد نراوە.
مۆبایلەکە تەنها بە ڕەنگەکانی خۆڵەمێشی و ڕەش بەردەست دەبێت لە ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگەوە و نرخی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تەنها ٤٧٩ دۆلار و لە ئەوروپا تەنها ٤٩٩ یۆرۆوە دەست پێدەکات!


محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.