10
بابەتی گرینگ 23, حوزه‌یران 2017

چۆن لاپتۆپێکی نوێ بکڕین؟

فرۆشیاری لاپتۆپ لە کۆگاکان گۆڕانکاریەکی بەرچاوی هەبووە لەم ۱۰ ساڵەی ڕابردوو، ئێستا لاپتۆپەکان تەنها بۆ بازرگانی جیهانی نین، لاپتۆپ ئێستا لە هەموو شوێنێکە، قوتابخانە و پەیمانگاکان. دەتوانیت لە جیاتی ڕوومێزەکەت لاپتۆپ بکڕیت کە باشترە بۆت ئەگەر تۆ کەسێکی سەرقاڵبیت. ‌چونکە تۆ دەتوانی لە هەموو شوێنێک بەکاریبێنیت، سێرکردنی فیلم لە شوێنی خەوتنت، یاخوود مێزێک بگرە لە سەر شەقامێک و کارەکانتی پێبکە.

دەیان جۆر لاپتۆپ هەیە و تۆش دەتەوێت لاپتۆپێکی نوێ بکڕیت، نەک هەر جۆر، بەڵکو ئەگەر بتەوێت هاکەزایی لاپتۆپێک بکڕیت لەوانەیە لە ڕووی تایبەتمەندیەوە بۆت نەشێت. خوێندنەوەیەکی باشتر بکە بۆ کڕینی لاپتۆپێکی نوێ پێش کڕین، بەڵکو ئەگەر ویستت لاپتۆپێک بکڕیت چاوێک لەم بابەتە بکە. ئێستا باشترین بیرکردنەوە چیە بۆ کڕینی لاپتۆپێکی نوێ؟

بڕیاربدە و دیاری بکە، کە پێویستت بە چیە

دەیان جۆر لاپتۆپ هەیە و بێگوومان تێیاندایە کە لەوانەیە بۆت گونجاو نەبێت، زۆر گرنگە بزانیت ئامانجت چیە لە کڕینی لاپتۆپێک، ئەگەر بتەوێت پارەی زیادە نەدەیت و پارەیەک بدەیت شایستە بەوە بێت کە ئارەزووت کردووە، نموونە تۆ خواستت لە گرافیک دیزاینەریە و پێویستیت بە لاپتۆپێکە کارەکانت ڕابپەڕێنێت، بتوانێت نەرمەکاڵایەکی وەکو فۆتۆشۆپ و نموونەکانی وەگەڕبخات کە نەرمەکاڵایەکی وەکو فۆتۆشۆپ پێویستی بە کۆمپیوتەرێکی بەهێز و خێرا هەیە لە ڕووی ڕەقەکاڵاوە، پێویستیەکان بۆ وەگەڕخستنی نەرمەکاڵای فۆتۆشۆپ بەشێوەیەکی ئاسایی، پڕۆسێسەری کۆر ئای ٥ و ڕامی چوار گێگابایتن لەسەر سیستەمی جۆری ٦٤ بیت.

فراوانی ڕامی پێویستت دیاریبکە بۆ کارە گشتیەکانت

بە دڵنیاییەوە ڕام بەشێکی گرنگی کۆمپیوتەرێکی باشە و تاکو ڕامی فراوانترمان هەبێت، کارە زۆرەکانمان بێ خاوبوونەوە و پەستان جێبەجێ دەکەین. ئەگەر کارەکانت لەسەر کۆمپیوتەر تەنها کارپێکردنی خزمەتگوزاریەکانی وەکو گووگڵە یاخوود فەیسبووکە، ئاساییە ئەگەر بتوانیت فراوانی ڕامی کۆمپیوتەرەکەت ۲ گێگابایت بێت، وە لەگەڵ ئەوەشدا ئاسایی و بێکێشەیە کۆمپیوتەرەکەت پڕۆسێسەری کۆر ئای ۳ بێت.

خێرایی و پڕۆسێسەر

سروستی کۆمپیوتەر خێرایی و بەهێزیە، سەرنجی زۆر بدە له جۆری پڕۆسێسەر و ڕێژەی خێرایی کۆمپیوتەرەکە کە هێرتز دە پێورێن، هەروەها زۆرترین جۆری کۆمپیوتەرەکانیش لەسەر پڕۆسێسەری جۆری کۆر ئای ئینتێڵ کاردەکەن، ئاساییەکانیان زۆرینەیان لەسەر جۆری کۆر ئای ۳ یاخوود پێنتنیۆمن و بە شێوەیەکی ئاسایی، خواستەکانت جێبەجێ دەکەن. بە دڵنیاییەوە ئەگەر خواستت کاری پڕۆگرامینگ یاخوود دیزاین بێت، زۆر پێویستە کارەکان بە خێرایی تێپەڕن، بۆ ئەم دووکارە پڕۆسێسەری کۆر ئای ٥ (بە خێراییەکی باش) ئاساییە و خواستەکانت جێبەجێ دەکات. گرنگە ئاگاداری ڕێژەی هێرتزی پڕۆسێسەرەکە بیت کە تاوەکو زیاتر بێت، خێرایی زیاتری لاپتۆپەکە دەردەخات.

دیاریبکە کە پێویستیت بە چ سیستەمێکی وەگەڕخەرە

ئەمەش لەوانەیە پرسێکی گرنگ بێت. سیستەمەکان هەموو بەهێزن و بەربڵاوترینیان ویندۆزی مایکرۆسۆفتە، بە ڕێژەی ۹۹% کۆمپیوتەرەکان لەسەر ویندۆز کاردەکەن، ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی ویندۆز زیاتر لەوانی تر هاوڕێیەتی بەکارهێنەر دەکات. لەوانەیە خواستت پڕۆگرامینگ بێت لە بواری ئەندرۆید، بێگوومان ئامڕازت ویندۆز دەبێت. یاخوود ئەگەر بتەوێت سیستەمی کارپێکردنەکەت سەرچاوە کراوە بێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەیەکی زۆری کۆمپیوتەرەکان لەسەر سیستەمی ماکی ئەپڵن و هاوشانی ویندۆز لە باشترین سیستەمەکانی جیهانە. ماک سەرچاوە داخراوە و بۆ کارەکانی دیزاین و پڕۆگرامینگی سیستەمی ئایفۆن لە باشترین ئامڕازەکانە.

گرنگی بدە بە شێوە و دیزاین

کۆمپیوتەر و لاپتۆپەکان شێوەیان لە گۆڕاندایە. دیزاین پرسێکی گرنگە و پێویستە کۆمپیوتەرەکەت دیزاینێکی جوانی هەبێت! بە دڵنیاییەوە هەستێکی باشترت پێدەبەخشێت لەوەی ئارەزووت نەبێت و بەهۆی دیزاینەوە ڕقت له کۆمپیوتەرەکەت بێت، هەردەم دیزاینی باش خاوەن زۆرترین خواستی و سەرنجی خەڵکییە.

ئەمانە گرنگترین پرس بوون. ئێوەش پرسی تر زیاد بکەن له بەشی لێدوان.

تاگەکان لاپتۆپ
بۆچونی تۆ