ڕێنمایی 24, حوزه‌یران 2017

چۆنیەتیی زیادکردنی شوێنێک بۆ گووگڵ ماپس

لەگەڵ پێشچوونی تەکنۆلۆژیا و فراوانبوونی ئینتەرنێت یەکێک لەو بوارانەی گرنگییەکی باشی پێدرا نەخشەکان بوو، بە جۆرێک گەورەکۆمپانیاکانی وەکو گووگڵ و مایکرۆسۆفت و نۆکیا خزمەتگوزاری نەخشەیان بەردەستخست بە نزیکەیی بۆ تەواوی وڵاتانی جیھان، ھەریەکیان دەیەویست لەم بوارە ببێتە پێشەنگ، لە ھەوڵی ئەوە بوون کە باشترین نەخشە بۆ ھەر وڵات و ناوچەیەک دروست بکەن، لێرە گووگڵ ماپس (Google Maps) بووە پێشەنگ، یەکێک لە ھۆیەکانی ئەم پێشەنگ بوونەش ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەک بوو بە ناوی نەخشەسازی گووگڵ (Google Map Maker) کە خەڵکی دەیانتوانی لەڕێی ماڵپەڕێکەوە شوێن و ڕێگاکانی ناوچە و وڵاتەکەیان بۆ نەخشەکە زیاد بکەن، ئەم پڕۆژەیە خەڵکێکی زۆری خۆبەخشی لەدەوری خۆی کۆکردەوە و بووە ھۆی ئەوەی نەخشەی گووگڵ بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەبسەنێت و بەکارھێنەری زیاتر ببن.

سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان، بە ھەمان شێوەی وڵاتانی تر کۆمەڵێک کەسی خۆبەخش بەشداربوون لە زیادکردنی شوێنەکان و باشترکردنی نەخشەکە، بەڵام بەھۆی کەمی بەشداربووان و نەبوونی بەشداری لەلایەن دەزگاکانی حکوومەتەوە، وەکوو شارەوانییەکان؛ کە دابینکردن و باشترکردنی نەخشەکان ئەرکێکی سەرەکیی ئەوانە، تا ئێستا نەتوانراوە نەخشەیەکی ڕێکوپێک و پڕ زانیاری دروست بکرێت کە ببێتە جێی ڕەزامەندیی ھاوڵاتیان. دەتوانین بڵێین نەخشەی ھەرێمی کوردستان لە گووگڵ ماپس یەکێکە لە خراپترین نەخشەکان بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھان.

گووگڵ ئەمساڵ (٢٠١٧) کۆتایی بە پڕۆژەی نەخشەسازی گووگڵ ھێنا، و بەشێکی فرمانەکانی ئەم ماڵپەڕەی گواستەوە بۆ ماڵپەڕ و ئاپی سەرەکیی گووگڵ ماپس، لەوانە زیادکردنی شوێنەکان؛ وەکوو قوتابخانە، نەخۆشخانە، دوکان و دامودەزگا حکوومی و بازرگانییەکانی تر، بەڵام ھەندێک فرمانی وەکو زیادکردنی ڕێگاکان و گوند و شارەکان ئێستا چیتر بەردەست نین، و دیار نییە کە گووگڵ لە ئایندە بەردەستیان دەخاتەوە یان نا.

لێرە باسی زیادکردنی شوێنەکان دەکەین لەڕێی ماڵپەڕی گووگڵ و ئەپی گووگڵ ماپسی تایبەت بە مۆبایلەکان. کە گووگڵ ھەوڵی داوە ئیشەکە زۆر سادە بکات، بە جۆرێک بە چەند ھەنگاوێکی سادە دەتوانیت شوێنێکی بازرگانی (وەک دوکان، بەنزینخانە، ڕێستۆرانت و …) یان بینایەکی گشتی (وەک قوتابخانە، نەخۆشخانە، مزگەوت، و …) زیاد بکەیت.

دەتوانیت شوێن ئەم ھەنگاوانە بکەویت بۆ زیادکردنی شوێنێک، لە مۆبایل:

  1. لە مۆبایلەکەت بەرنامەی (Google Maps) بکەوە
  2. ھێڵی ئینتەرنێتەکەت بکەوە و (GPS)یش چالاک بکە، تا شوێنەکەت بە وردی دیاری بکات.
  3. پەنجەت دابگرە لەسەر ئەو شوێنەی کە دەتەوێت زیادی بکەیت و پەنجەت ھەڵمەگرە تا لە خوارەوە پەنجەرەیەکت بۆ دەکاتەوە.
  4. کلیک لە پەنجەرەکە بکە بۆ فراوانبوون.
  5. بڕۆ پەنجە بنێ بە بژاردەی (Add a missing place).
  6. لەو پەنجەرەیەی بۆت دەکرێتەوە، داوای کۆمەڵێک زانیارییت لێ دەکات لەسەر شوێنەکە، وەک ناو و پۆلی شوێنەکە، ھەروەھا دەتوانی ماڵپەڕ و ژمارەی مۆبایل و کاتژمێرەکانی کارکردن و کۆمەڵێک وێنەی شوێنەکەشی لەگەڵ دابنێی.
  7. دوای پڕکردنەوەی خانەکان بە دروستی، پەنجەبنێ بە دوگمەی ناردن، کە ئایکۆنێکە لە شێوەی فڕۆکەیەکی کاخەزی دایە.

دواتر لە کاتی زیادبوونی شوێنەکە بۆ سەر نەخشە، گووگڵ بە ئیمەیلێک ئاگادارت دەکاتەوە. لە کۆمپیوتەریش بە ڕێگەیەکی ھاوشێوە دەکرێ شوێن زیاد بکەیت.

دەکرێ لە ڤیدیۆیە باشتر لە ئیشەکە تێ بگەن.

[su_youtube url=”https://www.youtube.com/watch?v=hN-gXM2vXeM” width=”500″ height=”300″]
بۆچونی تۆ