مۆبایل و تابلێت
25, حوزهیران 2017
ئاشنابن بەو مۆبایلانەی بۆ یەکەمجار کۆمەڵێک داهێنانی گرنگیان لەخۆگرتووە

لە سەردەمی ئێستادا تەنانەت مۆبایلە ئاست نزم و هەرزانەکانیش کۆمەڵێک تایبەتمەندی گرنگ و بەسوود لەخۆ دەگرن، بەڵام ئایا کامانەبوون ئەو مۆبایلانەی بۆ یەکەمجار ئەم داهێنان و تایبەتمەندییانەیان لەخۆ گرتووە؟ لەم بابەتەدا ئاشنا دەبن بە کۆمەڵێک لەو مۆبایلانە.
هەستەوەری پەنجەمۆر: Pantech GI100
ئەم تایبەتمەندییە لە ئێستادا لە کۆمەڵێکی زۆر مۆبایلی تەنانەت هەرزانتر لە ٢٠٠ دۆلار بەدی دەکرێت بەڵام ئەوە مۆبایلی Pantech GI100 بوو کە بۆ یەکەمجار و لە ساڵی ٢٠٠٤ خاوەن ئەم هەستەوەرەبوو.

بەکارهێنانی دەرچەی USB بۆ پەیوەستکردنی بیستۆک: O2 XDA II
هەرچەندە بێگومان بەشێکی زۆر لە خەڵک ئەمە وەک لایەنێکی خراپ دەبینن نەوەک تایبەتمەندی بەڵام لە ئێستادا ئەمە بووەتە شتێکی بڵاو و لە دوای ئەوەی هەریەک لە LeEco و Motorola چەند مۆبایلێکیان ڕاگەیاند کە بەم شێوەیە کار دەکەن و دەرچەی ٣.٥ مم ی تایبەت بە بیستۆکیان نییە ئەپڵیش لە مۆبایلەکانی ئایفۆن ٧ و ٧ پڵەس هەمان کاری کرد و سەرەڕای ئەوەش دوو ئایفۆنەکە فرۆشیان زۆر باشە و کێشەیان بۆ دروست نەبووە، بەڵام ئەوەی بۆ یەکەمجار ئەم کارەی کرد مۆبایلی O2 XDA II بوو کە دروستکراوی HTC بوو لە ساڵی ٢٠٠٣.

Refocusable photos(کۆمەڵێک تایبەتمەندی وەک Bokeh(تەڵخکردنی پشتی وێنە)): Nokia Lumia 925
لە ئێستادا کۆمەڵێکی زۆر لە کۆمپانیا دیارەکان بەم مەبەستە دوانە کامێرا لە مۆبایلەکانیان بەکاردێنن بەڵام ئەوەی پێشەنگبوو لە بەردەستکردنی ئەم تایبەتمەندییە نۆکیابوو کە ٢٠١٣ مۆبایلی Lumia 925ی ڕاگەیاند.

تۆمارکردنی ڤیدیۆی هێواشکراوە: LG KU990 Viewty
یەکێکی تر لەو شتانەی لە زۆرێک لە مۆبایلە ئاست بەرزەکانی ئەمڕۆدا بەدی دەکرێت توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆی هێواشکراوە(Slow motion)ە، یەکەم مۆبایل کە ئەم داهێنانەی لەخۆ گرتبوو LG KU990 Viewty بوو لە ساڵی ٢٠٠٧.

هەبوونی کامێرا لەڕووی پێشەوە: هەریەک لە Sony Ericsson Z1010 و Siemens U15 لە ساڵی ٢٠٠٣


کۆمەڵێک تایبەتمەندی: Palm Pre
مۆبایلی Palm Pre کە لە ساڵی ٢٠٠٩ ڕاگەیەندرا یەکێکە لە مۆبایلە گرنگەکانی مێژوو چونکە کۆمەڵێک داهێنانی بۆ یەکەمجار لەخۆ گرتبوو وەک توانای Multitasking(کارکردن و هاتن و چوون لە نێوان ئەپە جیاوازەکان) بە شێوەی کارد و بارگاویکردنەوەی بێ وایەر(Wireless charging).

پارێزگاری دژی ئاو: Ericsson R310s
ئەم مۆبایلە کە لە ساڵی ٢٠٠٠ ڕاگەیەندرا بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی GORE All-weather تیایدا پارێزگارییەکی سەرەتایی دژ بە ئاوی هەبوو، دواتریش لە ساڵی ٢٠٠٥ مۆبایلی Casio can 502S ڕاگەیەندرا کە دەکرا تاوەکوو ٣٠ خولەک لەناو ئاودا بمێنێتەوە.

محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.