ئای ئۆ ئێس 26, حوزه‌یران 2017

بەراوردێک لە نێوان مۆبایلەکانی Huawei P10 و iPhone 6s

 

هەرچەندە لەوانەیە هەندێکتان ئەم بەراوردە بە نادادپەروەرانە ببینن(بە تایبەتیش ئەوانەی هەواداری ئەپڵ و ئایفۆنن) بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بەراوردە تەواو ئاسایی و دادپەروەرانەیە، ڕاستە پی ١٠ باشترین و نوێترینی هواوەیە لە قەبارەی مام ناوەنددا و ئەپڵ ئایفۆن ٧ی هەیە کە لە ٦ ئێس نوێتر و باشترە بەڵام پی ١٠ زۆر لە ئایفۆن ٧ هەرزانترە و تەنانەت لە ٦ ئێسیش هەرزانترە! بۆیە ئەم بەراوردە بۆ کەسێکە کە بیەوێت مۆبایلێک لە دەوری ٥٠٠ دۆلاردا بکڕێت، کە بێگومان ئەم دوو مۆبایلە لە مۆبایلە بەهێز و دیار و بەناوبانگەکانن لەم نرخەدا، نرخی ئایفۆن ٦ ئێس نزیکەی ٥٠٠ دۆلار و هی پی ١٠ نزیکەی ٤٨٥ دۆلارە.

نوێکردنەوە: لە ئێستادا نرخی پی ١٠ دابەزیوە بۆ نزیکی ٣٨٠ دۆلار، بەڵام نرخی ئایفۆن ٦ئێس هێشتا نزیکی ٤٩٠ دۆلارە! بەم نرخەش دەتوانیت بەراوردی بکەیت بە هواوەی پی ١٠ پڵەس یاخوود هواوەی مەیت ٩ کە دەکرێت بەو بڕە پارەیە یاخود کەمتر بکڕدرێن.

 

پێش هەموو شتێک دەبێت باس لە جیاوازی نێوان سیستەم و ڕووکاری ئەم مۆبایلانە بکەین، ئایفۆن ٦ ئێس لە ئێستادا لەسەر وەشانی دەیەمینی iOS کار دەکات و لە ماوەی کەمتر لە ٣ مانگدا iOS 11ی پێدەگات کە کۆمەڵێک نوێکاری زۆر باش و بەسوودی لەخۆگرتووە، و ئەگەر ئەپڵ لەسەر شێوازی ئێستای بمێنێتەوە ئەوا مۆبایلەکە ساڵی داهاتوو iOS 12 و ساڵی داهاتووتر iOS 13ی پێدەگات و دواتر دەوەستێت و iOS 14ی پێناگات، لە بەرامبەریشدا پی ١٠ لەسەر ڕووکاری EMUI 5.1 کار دەکات کە لەسەر ئەندرۆید نوگەت ٧.٠ بنیاد نراوە و لە کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو وەشانی ئەندرۆید ٨ی پێدەگات و ساڵی داهاتووتر ئەندرۆید ٩ی پێدەگات و دواتریش تا ماوەیەک نوێکردنەوەی پارێزراوی و چاککاری پێدەگات پاشان دەوەستێت لە نوێبوونەوە، بەهۆی ئەندرۆید و EMUI پی ١٠ زۆر لە ٦ ئێس کراوەترە و خاوەن کۆمەڵێک تایبەتمەندی زۆر زیاترە و ئازادییەکی زۆر زیاتر دەدات بە بەکارهێنەر لە ڕێکخستن و دەستکاری کردنی ڕووکار و شێوەی مۆبایلەکە و بەهۆی سروشتی کراوەی ئەندرۆید دەتوانێت سوود لە کۆمەڵێک ئەپ ببینێت کە لە ئای ئۆ ئێس بەردەست نین، لە بەرامبەریشدا ئایفۆنەکە پارێزراوترە(بەڵام بەو شێوەیەش نا کە هەندێک کەس لێی تێگەیشتوون) هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە گەشەپێدەران ئەپ و یارییەکانیان سەرەتا بۆ ئای ئۆ ئێس بەردەست دەکەن ئینجا ئەندرۆید(بە تایبەت یارییەکان) ئەمە جگە لەو ئەپ و یارییانەی کە بە تەواوی تایبەتن بە ئای ئۆ ئێس.

 

هێز و خێرایی: هەردوو مۆبایلەکە زۆر  بەهێز و خێران و بەکارهێنەر کێشەی لەگەڵ هیچ کامیان نابێت لەو ڕووەوە، یەکەی چارەسەری ناوەندی هواوەیەکە بەهێزترە و بەو هۆیەوە دەکرێت لە بەکارهێنانی ئاسایی و ڕۆژانەدا کەمێک لە ئایفۆنەکە خێراتر بێت لە بەرامبەریشدا و لە کاتێکدا یەکەی چارەسەری گرافیکی هەردوو مۆبایلەکە بەهێز و خێران بەڵام بەهۆی ڕوونی نزمتری ڕونماکەی، ئایفۆنەکە باڵادەستییەکی کەمی هەیە لە یاری کردندا، ڕامی پی ١٠ چوار گێگابایتە و هی ئایفۆنەکە ٢ گێگابایت و لەم ڕووەوە هیچیان کێشەیان نییە.

 

کامێرای سەرەکی: کامێرای پی ١٠ لە جۆری دوانە کامێرایە بە ڕوونی ٢٠+١٢ مێگاپیکسڵ و بە تیرەی چاوی (f/2.2) و تایبەتمەندی OIS و بە هاوبەشی لەگەڵ لایکا دروست کراوە، لە بەرامبەریشدا ئایفۆنەکە خاوەن کامێرایەکی ١٢ مێگاپیکسڵە بە هەمان تیرەی چاوی پی ١٠، بەپێی زۆربەی ماڵپەڕە جیهانییەکان کامێرای پی ١٠ باشترە و لە ماڵپەڕی Dxomarkی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی کامێرا و کامێرای مۆبایل پی ١٠ خاوەن ٨٧ خاڵە و لە پێش ئایفۆن ٧یشە کە خاوەن ٨٦ خاڵە! ئەمە لە کاتێکدایە ئایفۆن ٦ ئێس خاوەنی تەنها ٨٢ خاڵە!

براوە: پی ١٠

 

کامێرای پێشەوە: لە ڕووی پێشەوە پی ١٠ کامێرایەکی هەیە بە ڕوونی ٨ مـێگاپیکسڵ و تیرەی چاوی (f/1.9) بۆ هەوادارانی سێڵفی، ئایفۆنەکەش کامێرایەکی هەیە بە ڕوونی ٥ مێگاپیکسڵ و تیرەی چاوی (f/2.2).

براوە: پی ١٠

 

دیزاین و لاشە: هەردوو مۆبایلەکە خاوەن لاشەی لە کانزا دروست کراو و دیزاینی کەشخە و نایابن، ٧١.٢٪ی ڕووی پێشەوەی پی ١٠ بە ڕونما داگیر کراوە لە کاتێکدا ڕونمای ئایفۆن ٦ ئێس تەنها ٦٥.٦٪ی ڕووی پێشەوەی مۆبایلەکەی داپۆشیوە، سەرەڕای ئەوەی کە پی ١٠ قەبارەی رونماکەی بە شێوەیەکی بەرچاو لە هی ئایفۆنەکە گەورەترە بەڵام کێشی تەنها ٢ گرام قورسترە(١٤٥ بەرامبەر ١٤٣)، هیچ کامیشیان پارێزراو نین دژ بە ئاو و تۆز، هەروەها پی ١٠ بە کۆمەڵێک ڕەنگی زیاتر و نایابتر بەردەستە لەچاو ٦ ئێس.

براوە: پی ١٠

 

ڕونما: ڕونمای هەردوو مۆبایل لە جۆری IPSن و بەرزترین ڕوناکییان تا ڕاددەیەکی زۆر باش و گونجاوە بۆ بەکار‌هێنان لە دەرەوە و لە ژێر تیشکی خۆردا بەڵام نزمترین ڕوناکی پی ١٠ لە هی ئایفۆنەکە نزمترە و گونجاوترە بۆ بەکارهێنان لە تاریکیدا، هەروەها ڕونمای پی ١٠ گەورەترە(٥.١ بەرامبەر ٤.٧ ئینچ) و ڕوونییەکەی بەرزترە(1080P بەرامبەر 750P) بەڵام لەڕووی نیشاندانی ڕەنگەکان بە شێوەیەکی ڕاست و سروشتی ڕونمای ئایفۆنەکە باشترە.

براوە: لە قەبارە و ڕوونی و نزمترین ڕوناکی پی ١٠ و لە نیشاندانی ڕەنگەکان بە شێوەیەکی ڕاست و باش ٦ ئێس

 

تەمەنی پاتری: هەرچەندە بچوکی و ڕوونی نزمی ڕونمای ئایفۆنەکە یارمەتیدەرە لە کەم بەکاربردنی وزە بەڵام بەهۆی ئەوەی پاترییەکەی تەنها ١٧١٥ میللی ئەمپێر/کاتژمێرە، هواوەی پی ١٠ کە خاوەن پاترییەکی ٣٢٠٠ میللی ئەمپێر/کاتژمێرە تەمەنێکی پاتری درێژتری هەیە(بەڵام جیاوازییەکە وەک جیاوازی فراوانی پاترییەکان گەورە نییە).

براوە: پی ١٠

 

کۆمەڵێک لایەنی تریش هەیە کە شایەنی ئاماژە پێکردنە، هەردوو مۆبایل خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆرن لە ڕووی پێشەوەیان و ئایفۆنەکە خاوەن تایبەتمەندی 3D Touchە لە بەرامبەریشدا پی ١٠ توانای بارگاوی بوونەوەی خێرای هەیە و پشتگیری لە کارکردن بە دوو سیم کارد دەکات، کێشەیەکی گەورەی ئایفۆنەکە ئەوەیە پشتگیری بیرگەی دەرەکی ناکات و لەم نرخەشدا خاوەن تەنها ٣٢ گب بیرگەی ناوەکییە و لە حاڵەتی هەبوونی ٦٤ گب یان ١٢٨ گب لە بیرگەی ناوەکی نرخی نزیک دەبێتەوە لە نرخی پی ١٠ پڵەس و گالەکسی ئێس ٨ و ڕکابەرییەکەی زۆر قورستریش دەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە پی ١٠ سەرەڕای ئەوەی هەرزانترە پشتگیری بیرگەی دەرەکی دەکات و خاوەن ٦٤ گب لە بیرگەی دەرەکیشە!

 

باڵادەستییەکانی هواوەی پی ١٠:

-کراوەیی و تایبەتمەندی زیاتری ڕووکار و توانای گونجاندنی ڕووکار بەپێی خواستی بەکارهێنەر.

-کۆمەڵێک ئەپ و یاری تایبەت بە ئەندرۆید

-هەردوو کامێرای سەرەکی و پێشەوە

-دیزاین و لاشە

-تەمەنی پاتری

-قەبارەی بیرگەی ناوەکی و شتگیری بیرگەی دەرەکی و دوو سیم کارد

-بارگاوی بوونەوەی خێرا

باڵادەستییەکانی ئایفۆن ٦ ئێس:

-پارێزراوی زیاتر

-کۆمەڵێک ئەپ و یاری تایبەت بە ئای ئۆ ئێس

-تایبەتمەندی 3D Touch

-بەردەستبوونی ژمارەیەکی زۆر زیاتری ئێکسسواراتی وەک کەڤەری پارێزەر و لەزگەی ڕووپۆش کردن و جوانکاری بە بەراورد بە مۆبایلەکانی تر.

 

تێبینی: بۆ زۆرێک لە زانیارییەکان پشت بە هەریەک لە جی ئێس ئێم ئێرینا و فۆن ئێرینا بەستراوە.

بۆچونی تۆ