جۆراوجۆر 8, ته‌مموز 2017

مۆبایلی Red Hydrogen One بۆ کاری هۆڵۆگرافیک ڕادەگەیەنرێت بە نرخی 1200$

کۆمپانیای ڕێد کە تایبەتمەندە بە دروستکردنی کامێرای تایبەتمەند بەرز وەک ( ڕێد دراگۆن، ڕێد وەن، ڕێد وێپن، ڕێد ئێپیک، ڕێد دێجیتاڵ) کە بەکارهێنانێکی فراوانیان هەیە لە بواری سینەمادا و زۆرینەی فیلمە سینەماییەکانی هۆڵیود و بۆڵیود بە کامێراکانی ئەم کۆمپانیایە تۆمار دەکرێن، لە ئێستادا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی مۆبایلێکی زیرەکە کە بە (ڕێد هایدرۆجین وەن) ناودەبرێت.
مۆبایلەکە ڕوونماکەی بە پێوانەی ٥.٧ ئینجە و لە جۆری هۆلۆگرافیکە و پشتگیری ٣ دووری دەکات، کۆمپانیای ناوبراو ئەوەی دووپات کردەوە کە مۆبایلەکەیان بە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید کار دەکات.
بەڕێوەبەر و دامەزرێنەری کۆمپانیای ڕێد کە ناوی جیم جاناردە ڕایگەیاند: هیچ ڕێگایەک نییە بۆ بە تەواوی باسکردنی ئەو مۆبایلە هەتاکوو بە چاوەکانی خۆت نەیبینیت، وە ئەوەشی ڕاگەیاند کە ڕوونماکەی تەکنەلۆژیایەکی وای تێدا بەکار هاتووە کە پێشتر نەبووە و نەبینراوە هەرچەندە لە لایەن چەند کۆمپانیایەکی دیکە هەوڵی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە ڕوونمایەیان داوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوون وەک Amazon 3D Fire ،LG Optimus.
لە ئێستادا هیچ زانیارییەکی دیکە نەخراوەتە ڕوو جگە لەوەی کە دەتوانرێت داواکاری پێشوەختە بۆ مۆبایلەکە پێشکەش بکرێت ئەویش بە سەردانیکردنی پێگەی سەرەکی کۆمپانیاکە، بەم نرخانەی خوارەوە:
ڕوپۆشی ئەلەمنیۆم بە نرخی ١١٩٥ دۆلاری ئەمریکی
ڕوپۆشی تایتانیۆم بە نرخی ١٥٩٥ دۆلاری ئەمریکی
لە کۆتایدا ئەوە ماوە بڵێین کە مۆبایلەکە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ دەخرێتە بازاڕەکانی ئەوروپاوە.

تاگەکان RedMobile
بۆچونی تۆ