10
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 16, ته‌مموز 2017 بۆچوون

ساوندکلاود ١٧٣ فەرمانبەر ڕەوانەی ماڵەوە دەکاتەوە و لە لێواری مانەوە و لەناوچونە

خزمەتگوزاری بەناوبانگی بواری دەنگ و مۆسیقا ناسراو بە ساوندکلاود ٤٠%ـی فەرمانبەرەکانی ڕەوانەی ماڵەوە کردووەتەوە و ئەمەشی لەپێناو ئەوە کردووە تا بتوانیت ڕووبەڕووی ئەو قەیرانە داراییە ببێتەوە کە توشی هاتووە و بەردەوام بێت لە کێبەرکێ لەگەڵ سپۆتیفای و ئەپڵ میوزیک.

ساوندکلاو لە سێ شەممەی ڕابردوو ستافی خۆی ئاگادارکردووەتەوە کە ١٧٣ فەرمانبەر لەکارەکانیان دوور دەخاتەوە لە کۆی ٤٢٠ فەرمانبەر.

لە ڕاستیدا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ساوندکلاود ڕایگەیاند کە لە مەترسی کەمی بودجەدایە بۆ ئەمساڵی ٢٠١٧ بەتایبەتیش کە خزمەتگوزاری بەشداریکردن بە پارە بەردەوامبێت لە کێشە و کەمی بەشداربوو کە بەپێی ئامارێک بێت ساوندکلاود نزیکەی ٥٢ ملیۆن دۆلاری لە ساڵی ٢٠١٥ لەدەست داوە.

هەر لەهەمان ڕاپۆرتدا هاتووە کە کۆمپانیای ساوندکلاود ئۆفیسی خۆی لە هەریەکە لە شارەکانی سانفرانسیسکۆ و لەندەن دادەخات و زیاتر پشت بە دوو ئۆفیسی دەبەستێت بۆ کارەکانی کە دەکەونە بەرلین و نیۆرک.

لە ڕوونکردنەوەیەکیاندا هاودامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکار Alex Ljung ئاماژە بەوە دەکات کە بڕینی کاری ١٧٣ کەس کاریگەری خۆی دەبێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمپانیا لەسەر سەرکەوتنە بەردەوامەکەی خۆی بەردەوام بێت.

ناوبراو دەڵێت: بە کەمکردنەوەی خەرجییەکانمان و بەردەوامی گەشەسەندنی داهاتمان، ئەوا ئێمە لەسەر ڕێگەی بەدەستهێنانی سود و قازانجین و هەروەها داهاتووی سەربەخۆیی ساوندکلاود لەژێر کۆنترۆڵ دایە.

شایەنی باسە ئەمە هەرچەندە ساوندکلاود نزیکەی ١٧٥ ملیۆن بیسەری هەیە بەڵام هەر بە قازانج نەویستی ماوەتەوە و زیاتر کێشەی ئەوەی هەبووە ناوەڕۆکەکەی بەبەشە خۆڕاییەکەی پڕبووە و کەمتر خزمەتگوزاری بەپارەی بەکارهێندراوە و نەیتوانیوە کێبەرکێی ڕکابەرەکانی وەکو ئەپڵ میوزیک و سپۆتیفای و ئەوانی تر بکات ئەمە هەرچەندە لەماوەی ڕابردوو خزمەتگوزاری ساوندکلاود گۆوی نوێکردەوە و کردی بە ساوندکلاود گۆو پڵەس بەڵام سودێکی ئەوتۆی پێ نەگەیاند و ساوندکلاودی لەو بازاڕە سەرقاڵە وەکو خۆی هێشتەوە!

شایەنی باسە بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان بێت لە ئێستادا ساوندکلاود لە لێواری مانەوە و لەناوچوونە ئەمە سەرباری ئەوەی چەندین ڕوونکردنەوە لەلایەن خاوەنانی ساوندکلاود بڵاوکراونەتەوە و بەڵێنی مانەوە و بەردەوامیش دەدەن. کەواتە چارەنوسی ساوندکلاود لە داهاتوودا دەردەکەوێت!

بەکارهێنەری ساوندکلاودیت؟ ئەم هەواڵە تاچەند کاریگەری هەیە لەسەرت؟

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ