10
ئای ئۆ ئێس 18, ته‌مموز 2017 بۆچوون

نوێترین ئاماری فرۆشی مۆبایلە زیرەکەکان لە لایەن IDCیەوە بڵاوکرایەوە

 

کۆمپانیای IDC نوێترین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە فرۆشی مۆبایلە زیرەکەکان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و لێیەوە بۆمان دەردەکەوێت کە سیستەمی ویندۆز فۆن بە تەواوی بەرەو نەمان دەچێت و مەیدانەکە بۆ ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس چۆڵ دەکات.

ئەندرۆید هەر لە پێشەنگیدایە و ٨٥٪ی ئەو مۆبایلە زیرەکانەی ڕەوانەی بازاڕەکان کراون لە ٣ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەو سیستەمە کاردەکەن، ئەمەش بەرزبوونەوەیە بە ڕێژەی ١.٦٪ بە بەراورد بە پار، لە بەرامبەریشدا ئای ئۆ ئێس تەنها ١٤.٧٪ بازاڕی داگیرکردووە و ٠.٧٪ کەمی کردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئایفۆنە نوێیەکانی ئەپڵ کە هەوادارێکی زۆر چاوەڕێیانە فرۆشێکی باشیان هەبێت و لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵ و بە درێژایی ساڵی داهاتوو ڕێژەی فرۆشی کۆمپانیاکە بەرز بکەنەوە، لە هەمان کاتیشدا ویندۆز فۆن لە ماوەی ساڵێکدا ڕێژەکەی لە ٠.٨٪ەوە هاتووەتە سەر تەنها ٠.١٪ و بەرەو نەمان دەچێت.

 

 

 

لەسەر ئاستی کۆمپانیاکانی دروستکەری مۆبایلیش سامسۆنگ لە پلەی یەکەمە بەهۆی فرۆشی باشی گالەکسی ئێس ٧ و ئێس ٧ ئێج کە لە ماوەی ئەو ٣ مانگەدا بەشێوەیەکی باش هەرزانبووبوون بەهۆی نزیکبوونەوەی ئێس ٨، زنجیرەکانی (ئەی) و (جەی)یش ئێجگار زۆریان لێ دەفرۆشرێت.

ئەپڵیش لە پلەی دووەمە و بە بەراورد بە پار ژمارەی ئەو ئایفۆنانەی بەڕێی کردوونەتە بازاڕەکانی جیهان لە ٥١.٢ ملیۆن بۆ ٥٠.٧ ملیۆن کەمی کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەڕێکردنی مۆبایلی زیرەک بۆ بازاڕەکانی جیهان بە گشتی بە ڕێژەی ٣.٤٪ زیادی کردووە.

هواوەی وەک لە ساڵانی دواییدا لەگەڵی ڕاهاتووین لە پلەی سێیەمە و تا دێت لە ئەپڵ نزیکتر دەبێتەوە، کۆمپانیاکە توانیویەتی بە یارمەتی مۆبایلە هەمەجۆرەکانی زنجیرەکانی (پی و مەیت و ئۆنەر و وای) ژمارەی مۆبایلە بەڕێکراوەکانی بۆ ٣٤.٦ ملیۆن بەرز بکاتەوە.

ئۆپۆ لە پلەی چوارەمە و مۆبایلی R9s هۆکاری یەکەمی بەرزبوونەوەی کۆمپانیاکەیە کە ژمارەیەکی زۆری لێ فرۆشراوە، ئۆپۆ جگە لەوەی لە چین جێگای خۆی لە پلەی دووەمدا و لە پشت هواوەی قایم کردووە توانیویەتی لە وڵاتانی تری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا فرۆشی بەرز بکاتەوە و هۆکاری سەرەکیش باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی دوای فرۆشتن(وەک چاککرنەوە)ە لە لایەن کۆمپانیاکە.

ڤیڤۆش لە پلەی پێنجەمە و مۆبایلی X9 پاڵەوانی سەرکەوتنەکانی کۆمپانیاکەیە، ڤیڤۆ توانیویەتی لە ڕێگای سپۆنسەرایەتی کردنی خولی نایابی کریکیتی ئەو وڵاتە کە هەوادارێکی زۆری هەیە سەرنجی خەڵک بەلای مۆبایلەکانیدا ڕابکێشێت و زیاد کردنی کۆمەڵێک دوکانی تایبەت بە کۆمپانیاکە لەو وڵاتە هۆکارێکی تری سەرکەوتنیانە.

 

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ