ئەپڵ
20, تەممووز 2017
پێشبینی دەکرێت ئایفۆنە تایبەتەکەی ئەمساڵ لە کاتی خۆیدا ڕابگەیەنرێت بەڵام نرخێکی زۆر بەرزی هەبێت

چەند مانگێکە باس لەوە دەکرێت کە ئەپڵ بە نیازە لەپاڵ ئایفۆن 7s و 7s Plusدا ئایفۆنێکی تایبەت بە بۆنەی تێپەڕینی ١٠ ساڵ بەسەر یەکەم ئایفۆندا ڕابگەیەنێت، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کۆمپانیای Morgan Stanley ئاماژەیان بەوە کردبوو کە پێشبینی دەکەن ئایفۆنە تایبەتەکە دوابخرێت بۆ نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتوو بەهۆی کێشە و کورتهێنان لە بەرهەمهێنانی ڕوونما و کامێرای مۆبایلەکە، هەروەها بەهۆی یەکلایی نەبوونەوەی ئەپڵ لەسەر ئەوەی هەستەوەری پەنجەمۆری مۆبایلەکە بخرێتە کوێی؟
کۆمەڵێک ئەگەر باس کراوە وەک هەستەوەری پەنجەمۆر لەژێر شووشەی ڕوونما یان بەشی پشتەوە، تەنانەت ئەگەری ئەوەش خراوەتە ڕوو کە مۆبایلەکە لەبری هەستەوەری پەنجەمۆر کامێرایەکی سێ دووری بەکاربهێنێت بۆ کردنەوەی قوفڵەکەی لە ڕێگای ناسینەوەی دەموچاوی بەکارهێنەر.
یەکێک لە شارەزایانی کۆمپانیاکە بە ناوی Rod Hall پێی وایە ئەپڵ مۆبایلەکە لە کاتی خۆیدا ڕادەگەیەنێت بەڵام ژمارەی کەم و دیاریکراو لێی بەردەست دەبێت و نرخیشی ١١٠٠ دۆلار دەبێت!
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.