ئەپڵ 24, ته‌مموز 2017

ئەپڵ بە نیازە ڕوونما بەرهەم بهێنێت و پشت بەستنی بە سامسۆنگ کەم بکاتەوە

 

هەرچەندە وا پێدەچێت ئەپڵ پشتی بە سامسۆنگ بەستبێت بۆ بەرهەمهێنانی ڕوونمای Oled بۆ ئایفۆنە تایبەتەکەی(ئەگەری زۆرە ناوی ئایفۆن ٨ بێت)، بەڵام وادیارە ئەپڵ کار دەکات لەسەر کەم کردنەوەی پشت بەستنی بە سامسۆنگ لە داهاتوودا.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ET News ئەپڵ کۆمەڵێک ئامێری CVDی دەست خستووە کە بۆ بەرهەمهێنانی ڕوونمای Oled بەکاردێن تاوەکوو بتوانێت لە کارگەی تایبەت بە خۆی لە وڵاتی تایوان دەست بکات بە بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە ڕوونمایە، ئەمە لە کاتێکدایە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ئەپڵ لە پاڵ ئایفۆن ٧ ئێس و ٧ ئێس پڵەس کە خاوەن ڕوونمای LCD دەبن ئایفۆنێکی تریش دەربکات کە خاوەن ڕوونمای Oledە، هەرچەندە چەند ڕاپۆرتێک ئاماژەیان بەوە داوە کە گرێبەستی نێوان دوو کۆمپانیا زەبەلاحەکە تەنها بۆ ئایفۆنەکەی ئەمساڵ نییە و ئایفۆنەکانی ساڵی داهاتووش دەگرێتەوە بەڵام پێشبینیش دەکرێت ساڵی داهاتوو ئەپڵ واز لە بەکارهێنانی ڕوونمای LCD بهێنێت و بە تەواوی پشت بە ڕوونمای Oled ببەستێت بۆ ئامێرەکانی ئایفۆن و ئایپاد و کاتژمێرە زیرەکەکان، هەر بۆیەشە ئەگەری هەیە ئەپڵ پێویستی بە سامسۆنگیش و بەرهەمی خۆشی هەبێت بۆ دابین کردنی ئەو ژمارە زۆرەی ڕوونمای Oled کە پێویستی دەبێت بۆ ئەو ئامێرە هەمەجۆرانە.

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوەش دەکەن کە ئەپڵ لەگەڵ کۆمپانیای ئێڵ جیشدا لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی ڕوونمای بۆ بەرهەم بهێنێت.

 

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ