ئەندرۆید
26, تهمموز 2017
شاومی مۆبایلی می ٥ ئێکسی ڕاگەیاند

ئەمڕۆ ڕۆژی ڕاگەیاندنی مۆبایلە نوێکەی شاومی بوو ھەرچەندە تایبەتمەندییەکانی ئەم مۆبایلە شتێکی نوێ نین، لەبەر ئاشکرابوونی تایبەتمەندییەکانی پێش دەرچوونی، بەڵام دیسان ڕوونکردنەوەی پێدەدەین، خوێنەری تایبەتمەندییە مامناوەندەکانی و نرخە ھەرزانەکەی بن:
-خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی ٥.٥ ئینچ بە ڕوونی ١٠٨٠×١٩٢٠ پیکسڵ لە جۆری IPS LCD.
-خاوەن پڕۆسێسەری سناپدراگۆن ٦٢٥ـە لەجۆری ھەشت ناوکیی Cortex-A53 کە بەخێرایی ٢ گێگاھێرتز کاردەکات، هەروەها پڕۆسێسەری گرافیکی ئەدرینۆ ٥٠٦ ی لەسەر جێگیرکراوە.
-خاوەن بیرگەی ٦٤ گێگابایتە بە ڕامی ٤ گێگابایت.
-دوانە کامێرای ١٢ مێگاپیکسڵ لەخۆدەگرێت کە تیرەی چاوی یەکەم کامێرا(2.2⁄f) و تیرەی چاوی دووەمیان (2.6⁄f)ە و قەبارەی هەر پیکسڵێکی یەکەم کامێرا ١.٢٥ مایکرۆمەترە و هی دووەمیان ١ مایکرۆمەترە، کامێرایەک لە ڕووی پێشەوەی بە ڕوونی ٥ مێگاپیکسڵ لەخۆدەگرێت.
-خاوەن پاترییەکە بە توانستی ٣٠٨٠ ملی ئەمپێر⁄کاتژمێر بە پشتگیری بارگاویکردنەوەی خێرا.
شاومی شێوەیەکی زۆر ناوازەی بەخشیوە بە مۆبایلەکەی، کە لەشی مۆبایلەکە لە کانزا پێکھاتووە و لێوارەکانیشی چەماوەن، ھەروەھا ئاسەواری شوێن پەنجە نانیشێت لەسەری، ئەم مۆبایلە لەسەر سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید نوگەت ٧ کار دەکات بە ڕووکارە نوێیەکەی شاومی بە ناوی MIUI 9 کە بەھەمان شێوە ئەمڕۆ ڕاگەیەنرا، کە چەندەھا تایبەتمەندی نوێ و ناوازە لەخۆدەگرێت وەک (یاریدەدەری ھۆشمەند، گەڕانی وێنە و سیستمێکی نوێی فایلەکان) و چەندانی تر. نرخی ئەم مۆبایلە نزیکەی ٢٢٠ دۆلارە لە وڵاتی چین و بە ڕەنگەکانی ڕەش و زێڕی و گوڵی زێڕی بەردەست دەبێت.
هیوا صدرالدین
خوێندکارێکی سەرکەوتووی ئامادەییم، نوسەرێکی سادەی بواری تەکنەلۆژیام، شارەزاییم لە کۆمەڵێک ئامێری تەکنەلۆژیادا ھەیە بەتایبەتی مۆبایل، شارەزاییەکی کەمیشم لە سیستەمە وەگەڕخەرەکان ھەیە، ئامانجی منیش دیارە وەک ھاوکارانی ترم، ئەویش خزمەت کردنە بە ھاوزمانیان و بەرەو پێشبردنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کوردستان