ئەندرۆید 28, ته‌مموز 2017

گشت زانیارییەک دەربارەی مۆبایلی Doogee Mix

لە ماوەی ڕابردوودا شەڕی ڕوونما بێ لێوارەکان دەستیپێکرد و کۆمەڵێک مۆبایلی نوێ ڕاگەیەندران کە ڕووی پێشەوەیان بە نزیکەیی هەمووی ڕوونما بوو و لێواریان زۆر کەم بوو وەک Xiaomi Mi Mix و Samsung Galaxy S8 و LG G6، ئەوانە چی هاوبەشیان لەنێواندا هەیە جگە لە تەنکی چوارچێوەی دەوری ڕوونماکانیان؟ ئەوانە بەتەواوی گرانن…

سەیری Doogee MIX بکەن موبایلێکی ئاست مامناوەندی بێ لێواری بەهێزە لەچاو نرخەکەی، Doogee MIX تەنها لە بەشی خوارەوەی کەمێک لێواری هەیە و کامێڕای سێڵفی و دووگمەی ماڵەوەی لەسەرە، لەکاتێکدا بڵندگۆی دەنگهێنەرەکەی لێوارێکی زۆر تەنکی بۆ دابین کراوە لە سەرەوە، ڕوونمایەکەی 5.5 ئینجە و لە جۆری AMOLEDی کۆمپانیای سامسۆنگە بە ڕوونی ٧٢٠ بە ١٢٨٠ پیکسڵ، ئەمەش بەسە بۆ پێشکەش کردنی ڕوونیەکی جوان و ئاشکرا.

لە ناوەوەی مۆبایلەکەدا، پڕۆسێسەرێکی ئاست مامناوەند بە پڕۆسەی ١٦ نانۆمەتر بنیات نراوە کە بریتییە لە Mediatek Helio P25، ٨ ناوکی هەیە، ٤ ناوکی خێرا لە جۆری Cortex-A53 بە خێرایی 2.5 GHz و چوار دانەکەی تری وا نەخشێندراون بۆ ئەوەی زیاتر وزەی پاترییەکە بپارێزن لە بەفیڕۆچوون، بەخێرایی 1.6 GHz، هەروەها یەکەی چارەسەری گرافیک لەخۆ دەگرێت لە جۆری Mali-T880. سەرەڕای ئەمانەش تایبەتمەندی جیاکەرەوەی پڕۆسێسەرەکە ئەوەیە کە پشتگیری سیستەمی دوانە هاوێنەیی كامێرا دەکات.

کامێراکانی پشتەوەی مۆبایلەکە یەکێکیان بە ڕوونی ١٦ مێگاپیکسڵە و هەستەوەرەکەی لە جۆری ISOCELLی سامسۆنگە و ئەوەی تریان بە ڕوونی ٨ مێگاپیکسڵە و یارمەتیدەرە بۆ گرتنی وێنە بە کاریگەری Bokeh(تەڵخکردنی پشتی وێنەکان)،هەرچەندە کامێرای مۆبایلەکە لەچاو نرخەکەیدا ئاستێکی باشی هەیە بەڵام پێشبینی ئەوە مەکە بەم مۆبایلە وێنەی وەک هی مۆبایلە دوانە کامێرا گرانترەکانی وەک ئایفۆن ٧ پڵەس و هواوەی پی ١٠ بگریت، لە ڕووی پێشەوە کامێڕایەکی ٥ مێگاپیکسڵ بوونی هەیە.

بەکارهێنەران دەتوانن ڕامی ٤ گب یان ٦ گب هەڵبژێرن، و بیرگەی مۆبایلەکە دوو جۆرە ٦٤ گب و ١٢٨ گب، دەرچەی بیرگەی دەرەکی هەیە و پشتگیری دەکات تا ١٢٨ گب، مۆبایلەکە خاوەنی پاترییەکە بە فراوانی ٣٣٨٠ میلی ئەمپێر/کاتژمێر و بە وتەی کۆمپانیاکە پشتگیری بارگاوی کردنەوەی خێرا دەکات و لە ماوەی تەنها ٣٠ خولەکدا بە ڕێژەی ٨٠٪ بارگاوی دەبێتەوە!

مۆبایلەکە ٣ ڕەنگی هەیە، ڕەنگی ڕەش و دوو جۆری جیاوازی شین، نرخی لە هەرێمی کوردستان ٢٥٠ دۆلارە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ