ئەندرۆید 30, ته‌مموز 2017

تایبەتمەندییەکانی ئەیسوس زێنفۆن ٤ پڕۆ دزەیان پێکرا

ڕاپۆڕتێکی نوێ خرایە ڕوو لە پێگەی Dday.it وێنەی مۆبایلێک دەردەخات کە هێشتا ڕانەگەیەنراوە ئەویش Asus Zenfone 4 Proیە، ئەم مۆبایلە پێشبینی دەکرێت مۆبایلە ئاست بەرزەکەی زنجیرەی زێنفۆن ٤ بێت، تایبەتمەندییەکانی لەگەڵ ئەو پێشبینییانە دەگونجێن و یەک دەگرنەوە.

مۆبایلەکە بەشێوەیەکی ڕوون دیارە کە پڕۆسێسەری ئاست بەرزی سناپدڕاگۆن ٨٣٥ بەکاردێنێت، ڕامەکەی ٦ گب و بیرگەکەی ٦٤ گب دەبێت، زانیارە دزە پێکراوەکە ئەوەش دەخاتە ڕوو کە مۆبایلەکە پشتگیری لە گەیێنەری LTE دەکات هەتا ١ گێگابت.

لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە، زێنفۆن ٤ پڕۆ خاوەنی کامێڕایەکی دوانە هاوێنەیی دەبێت لە ڕووی پشتەوەی، پێدەچێت کامێراکان توانای نزیک خستنەوەیان تاوەکو ٢ هێندە هەبێت، هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە یەکەی کامێراکە بە ڕوونی ٢١ مێگاپێکسڵ دەبێت، ئەمەش وادەکات کامێراکانی مۆبایلەکە نزیک بن لە دوانە هاوێنەکانی کامێرای ئایفۆن ٧.

لەڕووی نەخشاندنی مۆبایلەکە، هیچ شتێکی وا تایبەت نییە باسبکرێت، لێواری باریکی هەیە لە تەنیشتەکانیەوە و لێواری کەمێک ئەستوور لە بەشی سەرەوە و خوارەوەی و ڕوونماکەی ٥.٧ ئینج بە ڕوونی QHD لە جۆری AMOLED دەبێت، هەستەوەری پەنجەمۆرەکە لە ڕووی پێشەوەی مۆبایلەکە دەبێت، پشتەوەی مۆبایلەکە بە بەرگێکی پارێزگاری داپۆشراوە لە وێنە دزەپێکراوەکان، بۆیە هێشتا نەخشاندنەکەی بە نەبینراوی دەمێنێتەوە.

ڕۆژی نمایشکردنی ئەیسوس زێنفۆن ٤ پڕۆ هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە، هەندێک هەواڵ ئاماژە بەوە دەکەن ٢١/٩ نمایش بکرێت، ئێمەش وا پێشبینی دەکەین لە مانگی ٨دا بگات، ئامێرەکە وا پێشبینی کراوە کاربکات لەسەر وەشانی ئەندرۆید نوگەت ٧.١.١ و وەک هەمیشە ڕووکاری تایبەتی ئەیسوس ناسراو بە ZenUI .

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ