10
ئەندرۆید 22, ئاب 2017

وەشانی ئەندرۆید ئۆریۆ ئێستا فەرمیە و لە داهاتوویەکی نزیک بە مۆبایلەکان دەگات

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکدا و لە هەمانکاتی خۆرگیرانی زەوی، گووگڵ وەشانی نوێی ٨,۰ بە ناوی “ئەندرۆید ئۆریۆ”ـوە ناساند. ئەندرۆید ئۆریۆ نوێترین نوێکردنەوەی سیستەمی ئەندرۆیدە لەسەر مۆبایل و تاپلێتەکان، لەلایەن گووگڵەوە گەشەپێدراوە و پشتگیری چەندان مۆبایلی زیرەک دەکات. گووگڵ ئەم وەشانە بە “خێراتر – زیرەکتر – بە هێزتر و خۆشتر” ناو دەبات. یاریکردنێکی زۆر هەبوو دەربارەی ناوی ئەم وەشانە، بەڵام لە زووەوە دەوترا وەشانی ٨ بە ناوی ئۆریۆ دەبێت.

گووگڵ بە پارچە ڤیدیۆیەک ئەندرۆید ئۆی بە ئامادەبووان ناساند، ئەندرۆید هەڵگری شیرینی Oreoـیە:

[su_youtube url=”https://youtu.be/twZggnNbFqo” width=”500″ height=”300″]

تایبەتمەندییەکان: تایبەتمەندی Google Protect

هەنگاوێکی نوێی گووگڵە بۆ پاراستنی ئامێرەکەت لە زیانەواڵەکان، کە یارمەتیت دەدات بۆ ئەوەی نەرمەکاڵا و یاری ڤایرۆساوی و ساختە بناسیتەوە و بیانسڕیتەوە، ئەمەش تایبەتمەندییەکی نایابە بۆ پاراستنی ئەندرۆیدەکان، سیستەمی ئەندرۆید لەسەر وەشانی ئۆریۆ بەم تایبەتمەندییە سەلامەتترە وەک لە وەشانەکانی تر.

خێراییەکی نایاب: Instant App – Autofill

گووگڵ وەشانی ئەندرۆید ئۆریۆ بە خێراتر و بەهێزتر ناساند، بێگوومان وەشانەکە خێراترین و بەهێزترین سیستەمی ئەندرۆید دەبێت و سیستەمەکە بەرەو توانایەکی تر دەبات. گووگڵ ئاماژە دەدات کە ئەندرۆید ئۆریۆ ۲ هێندە خێراترە لە وەشانەکانی تر بۆ پێکردن و چالاکی خێرا لەو کاتەی کە مۆبایلەکەت لە پشوودایە. لەم وەشانەدا تایبەتمەندی پڕکردنەوەی خۆکارانە هەیە، ڕێگە دەدات بە بەکارهێنەر بتوانێت بۆشایی زانیاریەکان لە ئەپەکان پڕ بکاتەوە، بەو مەرجەی پێشتر پڕ لەلایەن بەکارهێنەرەوە کرابنەوە. لەگەڵ ئەم تایبەتمەندییەدا، Instant App هەیە، لە ڕێگەیەوە دەتوانیت ڕاستەوخۆ بچیتە سەر ئەپە تازە داگیراوەکان، دامەززاندنی پێویست نیە.

وێنە لە وێنەدا

تایبەتمەندێکی نوێی گووگڵە بەناوی وێنە لە وێنەدا، یارمەتیت دەدات تا بتوانیت لە یەک کاتدا ۲ کاری جیاواز بکەیت، دوو جار کارکردن لە دوو شوێنی جیاوازدا. ئەمەش یارمەتیدەرێکی باشە بۆ بەردەوامبوون لەسەر کارێکت و کردنی کارێکی جیاواز لە هەمانکاتدا.

ڕاگرتنی ئەو چالاکییانەی کە تۆ نایانبینیت

کار بۆ زیاتر مانەوەی پاتری مۆبایلەکان کراوە، ئەندرۆید ئۆریۆ کارکردن لە پشتی سیستەم سنووردار دەکات، ئەمەش یارمەتیدەرە لە مانەوەی زیاتری مۆبایلەکەت بە زیندوویی و کەمکردنەوەی ئەگەری گەرمبوونی مۆبایلەکەت.

بەشی ئاگادارکەرەوە جوانتر و ئاسانتر ببینە

وەشانی ئۆریۆ خاوەن ئاگادارکەرەوەیەکی باشترە بێ ئاڵۆزی. ئاسانتر دەتوانیت ئاگادارکەرەوەکان بسڕیتەوە، خاوەن ڕووکارێکی جوانترە، وە خێراترە!

ئیمۆجیەکان (خەندەکان) نوێکراونەتەوە و دەتوانیت جوانتر هەستی خۆت دەربخەیت.

ئێستا وەشانەکە بۆ گەشەپێدەران بەردەستە و کاری گونجاندن دەکەن، ئەمەش واتای ئەوەیە کە هەموو کۆمپانیاکان دەستدەکەن بە دەسکاریکردن و گونجاندن و ڕێکخستنی وەشانی ئۆریۆ بۆ مۆبایلەکان. لیستی ئەو مۆبایلانەش کە وەشانەکەیان پێدەگات بڵاوکراوەتەوە و تێیدا زۆرترین مۆبایلە ناسراوەکان پشتگیری دەکرێن.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ