10
ئەندرۆید 24, ئاب 2017

هەرزانترین ئەو مۆبایلانەی بڕیارە وەشانی ئۆریۆیان پێبگات

٣ ڕۆژ بەر لە ئێستا گووگڵ بە فەرمی نوێترین وەشانی ئەندرۆیدی بە ناوی ئەندرۆید ٨ ئۆریۆ بڵاوکردەوە و خەڵکێکی زۆر پرسیاری ئەوە دەکەن کە ئایا مۆبایلەکانیان ئەم وەشانە نوێیەی پێدەگات یان نا، بێگومان ناردنی وەشانەکە بۆ مۆبایلە گران و ئاست بەرزەکان مسۆگەرتر و باوترە، بەڵام خۆشبەختانە کۆمەڵێک مۆبایلی هەرزان هەن کە وەشانەکەیان پێدەگات و باشترین هەڵبژاردەن بۆ ئەو کەسانەی وەشانەکەیان دەوێت و پارەیەکی کەمیان هەیە بۆ کڕینی مۆبایل.

 

١.نۆکیا

هەرچەندە نۆکیا ئەمساڵ گەڕاوەتەوە مەیدان بە دروستکردنی مۆبایلی ئەندرۆید بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی ڕووکارێکی سادەی و کارکردنی خێرا توانیویەتی ببێتە نمونە بۆ کۆمپانیاکانی تر لە بواری نوێکردنەوەکاندا و بۆیە پێویستە یەکەم کۆمپانیا کە ناوی بهێنین نۆکیابێت، هەموو مۆبایلە نوێیەکانی نۆکیا بە نۆکیا ٣شەوە وەشانەکەیان پێدەگات! نۆکیا ٣(١١٠ دۆلار) و نۆکیا ٥(١٥٠ دۆلار) و نۆکیا ٦(١٩٠ دۆلار) هەموویان وەشانەکەیان پێدەگات، نۆکیا ٣ هەرزانترین مۆبایلی بەردەستە لە کوردستان کە وا بڕیارە وەشانەکەی پێبگات، لە ڕاستیدا مۆبایلە هاونرخەکانی بە گشتی وەشانی نوگەتیشیان پێنەگەیشتووە! بۆیە هاتنی وەشانی ئۆریۆ بۆ ئەم مۆبایلە ئێجگار هەرزانە جێگای دەست خۆشییە.

٢.هواوەی

بەپێی کۆمەڵێک سەرچاوە و ماڵپەڕ هواوەی ئۆنەر ٨ ڵایت(١٥٥ دۆلار) وەشانەکەی پێدەگات، و هواوەی ڕایگەیاند کە ئۆنەر ٦ ئێکس(١٩٠ دۆلار) وەشانەکەی پێدەگات، ئەگەریشی هەیە وای ٧ پڕایم(١٧٥ دۆلار) وەشانەکەی پێبگات.

٣.سامسۆنگ

بەداخەوە سامسۆنگ کە پێشەنگی بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکانە لە جیهان و لە کوردستان شان بە شانی ئەپڵ پڕبەکارهێنەرترینە بەهۆی جیاوازی زۆری ڕووکاری مۆبایلەکانی و تایبەتمەندییە جیاوازەکانیان هێشتا ئاستێکی خراپ پێشکەش دەکات لە نوێکردنەوەی مۆبایلەکانی و وا بڕیارە هەرزانترین مۆبایلی کە وەشانی ئۆریۆی پێبگات گالەکسی جەی ٥ پڕۆ(٢٠٠ دۆلار)بێت.

٤.کۆمپانیاکانی تر

بڕیارە مۆبایلی سۆنی ئێکسپێریا ئێڵ ١(٢٠٠ دۆلار) وەشانەکەی پێبگات، هاوکات بڕیارە مۆتۆرۆلا جی ٤ و جی ٤ پڵەس و جی ٥ کە نرخیان هەرزانە وەشانەکەیان پێبگات.

سەبارەت بە شاومی کە بە مۆبایلی ئاست بەرز و نرخی نزم ناسراوە، ئەم کۆمپانیا چینییە ڕێگایەکی جیاوازی گرتۆتە بەر لە نوێکردنەوەی مۆبایلەکانیدا بە شێوەیەک وەشانی ڕووکاری Miui لەسەر مۆبایلەکانی تاوەکوو چەند ساڵێک نوێ دەکاتەوە و تایبەتمەندی تازە دەخاتە بەردەست بەکارهێنەرانی بەڵام بەبێ ئەوەی وەشانی ئەندرۆید نوێببێتەوە لەسەر مۆبایلە ئاست نزمەکانی، واتە شتێکی لە کاتی بەکارهێنانی مۆبایلەکانی شاومی ئاساییە نوێکردنەوەت پێبگات و تەواوی ڕووکاری مۆبایلەکەت بگۆڕدرێت بەبێ ئەوەی وەشانی ئەندرۆید بەرز ببێتەوە!

هەرزانترین مۆبایلی شاومی کە لێرە بەردەستە و بڕیارە وەشانەکەی پێبگات ڕێدمی نۆوت ٤ە کە نرخی بەپێی شوێنە جیاوازەکان جیاوازە و بەردەوام باس لەوە دەکرێت کە هەندێک لە فرۆشیاران ئەو جۆرەی دەیفرۆشن لە مۆبایلەکە نەرمەکاڵاکەی تایبەتە بە چین بۆیە هەرزانتر دەیفرۆشن، مۆبایلەکە لە نرخی ١٧٩ دۆلارەوە دەست دەکەوێت.

سەبارەت بە ئۆپۆ و وەنپڵەس، ئەم دوو کۆمپانیایە هیچ مۆبایلێکی هەرزانیان نییە کە وەشانەکەی پێبگات.

تێبینی/نرخەکان بە نزیکەیی وەرگیراون و لە شارێک بۆ شارێک دەکرێت جیاوازییان هەبێت.

 

بۆچونی تۆ