10
ئاسایشی ئەلیکترۆنی 28, ئاب 2017

بلاکبێری نەوەیەکی پڕئاسایش لە ئەندرۆید پەرە پێدەدات

کۆمپانیای بلاکبێری لەساڵانی پێشوودا کاری لەسەر دروستکردنی مۆبایل دەکرد بە شێوەیەکی سەربەخۆ وە سیستمی وەگەڕخەری تایبەتی  هەبوو بە ناوی Blackberry OS کە بە ئاسایشێکی پتەو ناسێنرابوو.
لەم دواییانەدا کۆمپانیاکە ئەوەی ڕاگەیاند کە چیتر کار لەسەر سیستمە وەگەڕخەرە تایبەتییەکەی ناکات بە هۆکاری پشتگیری نەکردنی لە ڕێی درووستکردنی ئەپی سەربەخۆ بە سیستمەکە لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە وەک واتس ئاپ، سناپ چات، فەیسبووک و چەندانی دیکە کە لەسەر سیستمی وەگەڕخەری ئەندرۆید بە شێوەیەکی بەربڵاو هەبوون.

لەبەر ئەم هۆکارە ،کۆمپانیاکە لە ئێستادا کار لەسەر سیستمی وەگەڕخەری ئەندرۆیدێک دەکات کە زیاتر ئاسایش فەرهەم بکات و کەلێنی ئاسایشی نەبێت، بۆیە کۆمپانیاکە لە ئێستادا لە کۆمپانیایەکی گەشەپێدەری مۆبایلە تایبەتییەکانی گۆڕا بۆ کۆمپانیایەک کە سیستمێکی ئەندرۆیدی پڕ ئاسایش فەراهەم دەکات بۆ مۆبایلە هۆشمەندە نوێیەکانی و مۆبایلە هۆشمەندەکانی خۆی و خوودی کۆمپانیاکانی دیکە.

لە یەکەم ساتدا کۆمپانیاکە داوای ڕێگەپێدانی یاسایی پێشکەش کرد بۆ درووستکردنی مۆبایلە هۆشمەندەکانی تایبەتبە خۆی و لە ئێستاشدا داوای ڕێگەپێدانی یاسایی دەکات بۆ گەشەپێدانی سیستمی وەگەڕخەری ئەندرۆید بەئاسایشێکی پتەوەوە کە ناوی BlackBerry Secureـی لێ ناوە.

بەڕێز ئەلێکس سۆبەر جێگری بەڕێوەبەری یەکەم و بەڕێوەبەری گشتی مۆبایلە هۆشمەندەکانی کۆمپانیاکە دەڵێت: بلاک بێری لەسەر چەندین گرێبەستی مێژوویی کاردەکات لەم بابەتەوە، کە بەم دواییانە ئاشکرایان دەکەین.

بلاکبێری ئەوەشی خستەڕوو کە نەوەیەکی ئەندرۆید بەردەست دەکەن بۆ هەر کۆمپانیایەک کە بیەوێت گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ بکات، ئەگەرچی لە بابەتەکانی درووستکردنی ئامێرە پزیشکییەکان یان ئامێری تەلەفزیۆن بێت.

ئەندرۆید بە شێوەیەکی بەربڵاو هەیە لە سەرجەم ئەو ئامێرانەی توانای پەیوەستکردنیان بە هێڵی ئینتەرنێت هەیە کە دەتوانرێ ئاسایشیان بشکێندرێ لە ڕێی هێرشی هاککەرەکانەوە، بەمەش بلاکبێری کە چەندین ساڵە لە بواری سیستمە وەگەڕخەرە ئاسایش باڵاوە کاردەکات سوودێکی گەورە دەگەیەنێت بە ئەندرۆید لە حاڵەی زیاتر بەردەستکردنی ئاسایشی ئەلکترۆنی یان لانی کەم ببێتە هۆی بەخۆداچونەوەی گۆگڵ لە بەرەوپێشبردنی ئاسایش لە سیستمی وەگەڕخەری ئەندرۆیددا.

بۆچونی تۆ