بابەتی گرینگ 30, ئاب 2017

ئاستێکی یاریکردنی نوێ بۆ یاری Horizon Zero Dawn بڵاوکرایەوە

هەروەک دەزانین کە یاری Horizon Zero Dawn یاریەکی تایبەتە بە ئامێری پلەیستەیشن ٤ و ستۆدیۆی Guerrilla Games کاری گەشەپێدانی ئەم یاریەی کردەوە و کۆمپانیای Sony Interactive Entertainment یاریەکە بڵاودەکاتەوە. ئەم یاریە خاوەنی جیهانێکی تایبەتە هەروەک ئەو جیهانەی لە یاریەکانی وەک The Witcher Wilde Hunt و  The Elder Scrolls و هتد… هەیە، ئەوەی کە ئەم یاریە جیا دەکاتەوە لەوان بریتییە لە سەردەم و کەسایەتی کە هەر یەکێک لەم یاریانە خاوەنی کەسایەتی و سەردەمی تایبەت بە خۆیەتی.

لە یاری Horizon Zero Dawn ئەوەی بەرچاوت دەکەوێت بریتییە لەوەی کە سروشت لەگەڵ زیرەکی دەستکرد تێکەڵدەبێت بە جۆرێک کە بە شێوازێکی زۆر سەرەتاییانە دەردەکەوێت، لەم یاریەدا ئاژەڵ دەبینیت کە لەگەڵ ڕۆبۆت تێکەڵ بووە و بە شێوەیەکی سروشتی مامەڵە دەکات هەروەک چۆن ئێستا لە سروشتدا ئاژەڵەکان بە ئاسایی مامەڵە دەکەن، وە ئەو سەردەمەی کە ئەم یاریەی تێدایە دوای ئەوە دێت کە مرۆڤ توانیویەتی زیرەکی دەستکرد بەشێوەیەک گەشەپێبدات وای لێهاتووە لەگەڵ سروشت ئاوێتە بووە و بۆتە بەشێکی جیانەکراوە لێی.

ئەم یاریە دوای بڵاوکردنەوەی پێشوازیەکی زۆرباشی لێکرا لەلایەن یاریکەران چونکە هەموویان تامەزرۆی بینینی ئەم جیهانە نوێیە بوون و یاریەکەش لە ئاست چاوەڕوانی یاریکەراندا بوو. لە مانگی ڕابردوودا یاریەکە وەشانی چاکسازی(Patch)ـی ۱.۳۰ پێگەیشت کە لەم وەشانەدا ئاستێکی یاریکردنی نوێ بۆ یاریەکە زیادکرا ئەویش ناوی Ultra Hard بوو کە ئەم ئاستە بۆ ئەو کەسانەیە دەیانەوێت یاریەکە بە قورسترین و سەختترین شێوە تەواو بکەن بە جۆرێک کە پێش هەر هەنگاوێک کە دەینێن چاک بیری لێدەکەنەوە چونکە ئەوانەی ڕووبەڕووت دەبنەوە زۆر بەهێز و مەترسیدارن.

بەڵام وا دیارە ستۆدیۆی Guerrilla Games ئارەزوو دەکات یاریکەراکانی ئەم یاریە بە تەواوی لە چیرۆکەکە تێبگەن بۆیە دووبارە وەشانی چاکسازی ۱.۳۲ بڵاوکردەوە، لەم وەشانەدا جگە له چاککردنی هەندێک کەم و کورتی، هەستاون بە زیادکردنی ئاستی Story کە ئەم ئاستە بۆ ئەوکەسانەیە دەیانەوێت بە تەواوی لە چیرۆکی یاریەکە تێبگەن و شارەزای جیهانەکەی Aloy ببن کە ئەمە ئەو کەسایەتیەیە کە لە یاریەکەدا تۆ ڕۆڵی دەبینیت، لەم ئاستی یاریکردنەدا خەمی ئەوەت نیە کە ئایا کێ ڕووبەڕووت دەبێتەوە چونکە هەر شتێک بێت بە ئاسانی دەتوانیت لە ناویبەریت و بەم شێوەیە زیاتر گرنگی بە چیرۆک و ڕووداوەکان دەدەیت تا بە تەواوی لێیان تێیان بگەیت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ