10
ئامێرە هەمەجۆرەکان 6, ئه‌یلول 2017 بۆچوون

بەم نزیکانە دەتوانی تەختەکلیل و ماوس بە مەبەستی یاریکردن بۆ ئێکس بۆکسەکەت بەکاربهێنی

 

لە چەند مانگی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو باس لە تایبەتمەندیەکی تازە دەکرا بۆ بەکارهێنەرانی ئێکس بۆکس کە لەمەودوا دەتوانن تەختەکلیل و ماوس بە ئێکس بۆکسەکانیان ببەستنەوە و لەڕێگەی ئەم دوو ڕەقەکاڵایە یاری بە یاریەکان بکەن.

بیرۆکەکە ئەمەیە کە مایکرۆسۆفت دەیەوێت یاریکەرانی کۆمپیتەر و ئێکس بۆکس لەیەک نزیک بکاتەوە بەجۆرێک کە بتوانن لەڕێی تەختەکلیل و ماوسی تایبەت بە کۆمپیتەرەکانیان یاری بە یاریەکانی ئێکس بۆکس بکەن، لەپاڵ ئەمەشدا مایکرۆسۆفت لەئێستادا خەریکی ئەوەیە کە ژمارەی ئەو یاریانە زیادبکات کە خەڵکی لە سەکۆ جیاوازەکانەوە پێکەوە یاری بکەن لەگەڵ یەکتری و سنور لەنێوان سەکۆکاندا نەمێنێت.


Mike Ybarra کە جێگری سەرۆکی بەشی سەکۆکانی ئێکس بۆکس و ویندۆزە لە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە دیمانەیەک لەگەڵ کۆمەڵێک لە گەشەپێدەران و شارەزایانی بواری یاریە ئەلیکتڕۆنیەکان تازەترین زانیاری خستە ڕوو دەربارەی ئەم بابەتە و دەڵێت”ئەم پشتگیریە بەدڵنیاییەوە بۆ ئێکس بۆکس بەردەست دەبێت بەڵام ئێمەش نابێت پەلە بکەین”.
خەڵکێکی زۆر لە تویتەر پێم دەڵێن کە ئێوە نابێت ئەم تایبەتمەندیە بۆ ئێکس بۆکس بەردەست بکەن چونکە نادادپەروەرییە، ئێمە لەوە تێدەگەین کە خاوەنی دوو سەکۆی جیاوازین ئەوانیش سەکۆی ئێکس بۆکس و سەکۆی ویندۆزی مایکرۆسۆفت.
ئێمە کە ئەم تایبەتمەندیەمان بەردەست کرد پێشتر هەڵبژاردەمان خستۆتە بەر دەست گەشەپێدەرانی ئەم تایبەتمەندییە و ئەوەشیان پێدەڵێین کە بیر لەو یاریانە بکەنەوە کە خەڵکێکی زۆر بەشێوەی سەرهێڵ یاری پێدەکەن چونکە دڵنیاین لەوەی کە بەشی زۆری یاریکەران دەیانەوێت هەڵبژاردەیان لەبەردەست بێت کە ئایا حەز بەوە دەکەن کە لەگەڵ ئەو کەسانە یاریبکەن کە لە سەکۆیەکی جیاوازن یاخوود نا وە تەنها باسی ئێکس بۆکس بکەین کە ئایا حەزدەکەن لەگەڵ ئەو کەسانە یاری بکەن کە تەختەکلیل و ماوس بەکاردێنن؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ ئێمە گرینگە بۆیە ئێمەش پەلە ناکەین و داوا لەم یاریکەرانە دەکەین کە چاوەڕێی یەکەم یاری بکەن بۆ ئێکس بۆکس کە پشگیری بەکارھێنانی تەختەکلیل و ماوس دەکات و یاری کەران لە سەکۆ جیاوازەکان یاریان لەگەڵدا دەکەن و ئەوکات سەیری ئەنجامەکان و بیروڕای یاریکەران دەکەین دەربارەی ئەم تایبەتمەندیە و دواتر بڕیاری کۆتایی دەربارەی ئەمە دەدەین کە ئایە پێویستە بەردەوامبین لەسەر ئەمە یان نا


ئەمەی سەرەوە لێدوانی مایک بوو دەربارەی ئەم بابەتە بەڵام من لێرە شتێک ڕووندەکەینەوە وا بڕیارە یاری Minecraft لە کۆتایی ئەمساڵدا تایبەتمەنی یاریکردن لەگەڵ یاریکەرانی سەکۆ جیاوازەکانی بۆ فەراهەم بکرێت کە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت دەکرێت لە پۆلێکی سەرهێڵدا یاریکەرانی هەریەکە لە پلەیستەیشن و ئێکس بۆکس و ویندۆزی مایکرۆسۆفت پێکەوە یاری بکەن بەڵام من دڵنیام کە ئەمە ئەو یاریە نیە کە مایک ئاماژەی پێدەکرد لەبەر ئەوەی ئەم یاریە لە ئێستادا خەڵکێکی زۆر یاری پێناکات و زەحمەتە مایکڕۆسۆفت پشت بە ئەنجامەکانی ئەم یاریە ببەستێت چونکە پێویستە مایکرۆسۆفت ئەوە بزانێت کە ئەگەر بیەوێت دڵنیا بێت لە ئەنجامەکانی پێویستە پشت بە یاریەکی تر ببەستێت.


بەپێی چەند سەرچاوەیەک باس لەوەدەکرێت کە ئەم یاریەی کە مایک مەبەستیەتی بریتیە لە یاری Player Unknown Battle Ground ناسراو بە PUBG بەتایبەت دوای ئەوەی کە بڕیارە ئەم یاریە وەشانێکی تایبەتی بە ئێکس بۆکس یەکی لێ بڵاوبکرێتەوە و زۆرێک لە شارەزایانی بواری یاریکردن باوەڕیان وایە کە ئەمە ئەم یارییە کە مایک ئاماژەی پێدەکرد چونکە خەڵکێکی زۆر یاری پێدەکەن و ئێستاش ئەو کەسانەی کە کۆنسوڵی ئێکس بۆکس یەکیان هەیە چاوەڕێی کاتی بڵاوکردنەوەی یاریەکەن و ئەم یاریە باشترین یاریە کە مایکرۆسۆفت ئەم تایبەتمەندییە بۆ بەردەست بکات تا بەتەواوی لە باشی یان خراپی بیرۆکەکەی تێبگات.


شایەنی باسە کە ئەم یاریە ئەگەری هەیە تەنها بۆ کۆنسوڵی ئێکس بۆکس یەک بەردەست بێت بەتایبەت دوای ئەوەی کە مایکرۆسۆفت مافی بڵاوکردنەوەی ئەم یاریەی بەتەواوی کڕیوەتەوە وە ئەگەرێکی زۆر لاواز هەیە کە ئەم یاریە بۆ پلەیستەیشن چوار بڵاوبکرێتەوە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ