ئەندرۆید
7, ئهیلول 2017
لینۆڤۆ مۆبایلەکانی K8 و K8 plusی ڕاگەیاند

کەی ھەشت پڵەس هەرزانترین نەوەی لینۆڤۆیە کە خاوەن دوانە کامێرا بێت لە بەشی پشتەوەی، کە یەکەم کامێرا ڕوونی ١٣ مێگاپێکسڵە لەگەڵ هاوکارەکەی تری کە ڕوونیەکەی ٥ مێگاپێکسڵی چڕی بەرزە، کە دیمەنەکان بە جوانی تۆماردەکات، کامێرای پێشەوەشی ٨ مێگاپێکسڵە.
مۆبایلەکە ڕوونمایەکی ٥.٢ ئینچ بە ڕوونی ١٠٨٠ پێکسڵ لە خۆ دەگرێت لەگەڵ هەبوونی پارێزەری 2.5D و گۆڕیڵا گڵاس ٣، بە گوڕ خراوە لەلایەن پڕۆسێسەری میدیاتێک هیلیۆ پی ٢٥.
خاوەن بیرگەی ٣٢ گب بە ڕامەکانی ٤و٣ گب کە دەکەوێتەوە سەر بەکارهێنەر، پاتریەکی گەورەش لە خۆدەگرێت بە توانستی ٤٠٠٠ ملی ئەمپێر/کاژێر بەڵام وا دەرناکەوێت پشتگیری بارگاوی کردنەوەی خێرا بکات.
کەی ٨ هەڵبژاردەیەکی ترە، کە خاوەن ڕوونمای ٥.٢ ئینچە و ڕوونیەکەی ٧٢٠ پێکسڵە، بە گوڕ خراوە لەلایەن پڕۆسێسەری میدیاتێك هیلیۆ پی ٢٠، ئەم جۆرەیان کامێرا سەرەکیەکەی تاك کامێرایەکە بە ڕوونی ١٣ مێگاپێکسڵ و هەبوونی تەکنەلۆژیای PDAF، بە هەمان توانستی پاتری کە ٤٠٠٠ ملی ئەمپێرە لە کاژێرێکدا.
ناوازەترین شت لە مۆبایلەکان سیستەمی وەگەڕخەرە، کە ئەندرۆید ٧.١.١یان لەسەر وەشێنراوە، کەی هەشت پڵەس بەیانی دەست بە فرۆشتنی دەکرێت تەنها لەسەر ماڵپەڕی Flipkart بە نرخی ١٠.٩٩٩ ڕوپیەی هیندی (١٧١ دۆلاری ئەمریکی)، کەی هەشتی ئاسایی ئاماژە بە نرخی نەکراوە بەڵام بەم زووانە بەردەست دەبێت.

هیوا صدرالدین
خوێندکارێکی سەرکەوتووی ئامادەییم، نوسەرێکی سادەی بواری تەکنەلۆژیام، شارەزاییم لە کۆمەڵێک ئامێری تەکنەلۆژیادا ھەیە بەتایبەتی مۆبایل، شارەزاییەکی کەمیشم لە سیستەمە وەگەڕخەرەکان ھەیە، ئامانجی منیش دیارە وەک ھاوکارانی ترم، ئەویش خزمەت کردنە بە ھاوزمانیان و بەرەو پێشبردنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کوردستان